بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە #کەرکووک# ڕایگەیاند، مەترسی لەسەر خوێندنی کوردی لەو پارێزگایە هەیە. دەشڵێت، بەراورد بە ساڵی پێشوو زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار لە خوێندنی کوردی کەمیکردووە.
شێرزاد ڕەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کەرکووک بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەترسی لەسەر خوێندنی کوردی کەرکووک زیاددەکات. بەنموونەش باس لە ئەمساڵی خوێندن دەکات کە ژمارەیەکی کەمتر خوێندکار خراونەتە بەر خوێندنی کەرکووک. دەڵێت ساڵی پێشوو نزیکەی 12 هەزار خوێندکار لە کەرکووک خرابوونە قوتابخانە کوردییەکان، بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە بۆ نۆ هەزار و 700 خوێندکار کەمیکردووە.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کەرکووک جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر دۆخی کەرکووک ئاسایی نەبێتەوە ئەوا ساڵی داهاتوو ژمارەی خوێندکارانی کورد لە کەرکووک زۆر کەمتر دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە بەرپرسانی کورد بیر لە چارەسەرکردنی بەپەلەی ئەو دۆخە بکەنەوە کە دروستبووە.
لە شاری کەرکووک 615 قوتابخانە و 32 باخچەی ساوایان خوێندن بە زمانی کوردییە، ئەو ناوەندانەی خوێندنیش لەلایەن حەوت هەزار و 600 مامۆستا و هەزار و 400 فەرمانبەرەوە بەڕێوەدەبرێت.
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، کە سوپا و #حەشدی شەعبی# هێرشیانکردە سەر کەرکووک و #خورماتوو#، بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، ئێستاش بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن دەدەن.[1]
#01-09-2018#