هەروەک ئاشکرایە لەمانگی سێی ئەمساڵدا لەژێر فشاری دیموکراسییانەی مامۆستایان و فەرمانبەراندا حکومەتی هەرێم تا ئاستێکی دیار دەستکاری سیستەمی نایاسایی پاشەکەوتی مووچەی کردو بەبەراورد بەسێ ساڵی ڕابردوو لەو شەش مانگەدا مووچە کەمتر دوادەکەوێت، بەڵام هێشتا ستەمی ئەو پاشەکەوتە بەردەوامە، لەحاڵێکدا دۆخی ئابوری حکومەت باشتر بووەو نرخی نەوت لەهەڵکشانەو سەرچاوەی داهاتەکانی ناوخۆش زۆر زۆرن، ئێمە لەئەنجومەن لەدوو مانگی ڕابردووش هەر بۆنەهێشتنی پاشەکەوتی مووچە پرێس کۆنفرانسێکمان گرێدا، کەچی تا ئێستا بێ وەڵامین، بۆیە لەگەڵ نزیکبوونەوە لەهاتنەوەی ساڵی نوێی خوێندن داواکارین:
1- بەزووترین کات ئەو پاشەکەوتە مووچەیەی تەواوی سەر مووچەخۆران هەڵبگیرێت.
2- لەرێی سیستەمێکی بانکی ئەو پاشەکەوتە کەڵەکەبووەی مووچەخۆران مانگانە بدرێتەوەو تا پارەکەش بەتەواوی دەدرێتەوە، لەفەرمانگەو پارەی ئاوو کارەباو باج و غەرامەو بواری دیدا، پارە لەو پاشەکەوتە بگێڕدرێتەوە.
3- ڕاگەیاندنی خشتەی مووچە لەراگەیاندنەکاندا شەرمێکی گەورەیەو داواکارین بەفەرمی مووچەی هەر وەزارەتێک لەمانگێکدا دیاریبکرێت و چیدی مووچە لە30 ڕۆژ زیاتر دوانەکەوێت.
4- بێ هەڵگرتنی تەواوی پاشەکەوتی مووچە، لەگەڵ ئەوەدا نین پشووی ڕۆژانی شەممە لەقوتابخانەکان هەڵبگیرێت، شەش ڕۆژ دەوامکردن بارێکی قوڕسە بەسەر شانی مامۆستایان و چوار ساڵیشە مامۆستایان لەباری دەروونی و جەستەیی ڕۆحیش لەدۆخێکی شپڕزەدان، داواکارین #وەزارەتی پەروەردە# ئەو بڕیارە لەئێستا هەڵبووەشێنێتەوە.
وەک ئەنجومەن خوازیاری جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەین و سستی لە بەدەنگەوهاتنمان، وادەکات هەموو ڕێیەکی شارستانی و فشارێکی دیموکراسییانە بگرینەبەر.
#03-09-2018#