بێهزاد قادری لەدایکبووی 1995ی زایینی لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ساڵی 2018ەوە لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە. ناوبراو خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسی دەروونناسییە و ئێستا لە بواری ڕۆژنامەوانی و میدیاوە چالاکە و ساڵی 2018 تا 2023 لە دوو کاناڵی میدیایی تیشک تیڤی و کوردکاناڵ سەرقاڵی کاری میدیایی بووە و لە ئێستادا وەک ڕۆژنامەوان سەربەخۆ چالاکی دەکات. هاوکات لەگەڵ کاری میدیایی، بێهزاد قادری وەک ڕۆژنامەوان یادداشت و وتاری لە چەندین ڕۆژنامە و ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بڵاو کردووەتەوە. ناوبراو هاوکات چیرۆکیش دەنووسێت و لە ساڵی 2020دا لە هەولێر، یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی ڕوانگە بۆ چیرۆکنووسی بوو. هەروەها ساڵی 2024 خەڵاتی چیرۆکنووسیی یەکییەتیی نووسەرانی کورد-سووریای پێ بەخسرا. بێهزاد خاوەن پێنج بەرهەمی چاپکراوە، کە بریتین لە:
-کۆمەڵەچیرۆکی نێچیری وەرزەکان/ مەریوان/ 2017
-کۆمەڵەچیرۆکی شاوەتی جنۆکە/ چاپی یەکەم/ مەریوان/ 2018
-کۆمەڵەچیرۆکی شاوەتی جنۆکە/ چاپی دووەم/ سوید/ 2022
-کۆمەڵەچیرۆکی تاوانی پیرۆز/ سوید/ 2022
-چیرۆکی فانتازیای قووتی بدە بۆ منداڵان/ سوید/ 2024/ وەرگێڕان لە فارسییەوە (نووسەر: عادیلە خەلیفی)
-کۆمەڵەچیرۆکی ئێریندیرای دڵپاک و داپیرە دڵڕەقەکەی/ هەولێر/ 2024/ وەرگێڕان لە فارسییەوە (نووسەر: گابریێل گارسییا مارکیز)
شایەنی باسە کە بێهزاد لە ماوەی ساڵانی 2013 تاکوو 2018، لە ئەنجوومەنە مەدەنییەکانی شاری مەریوان چالاک بووە و ماوەی دوو ساڵیش وەک وانەبێژی زمانی کوردی بە شێوەی خۆبەخشانە خزمەتی کردووە. [1]