بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتووە: ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 350 هەزار بەرمیل نەوت بووە.
بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ کە لە سەرچاوەیەک لە کەرتی نەوت و وزەی هەرێم دەستیکەوتووە: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی لە 8 کێڵگەی سەرەکی نەوتی هەرێم لە 1ی ئاب تاوەکو 31ی ئابی 2018، بریتیبووە لە 350 هەزار و 207 بەرمیلی ڕۆژانە، ئەمەش بەراورد بە ئاستی هەناردەکردن لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 30 هەزار بەرمیل نەوت زیادیکردوە.
ئه و سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد: مانگی ڕابردوو یەک بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بە 55 دۆلار فرۆشراوە، لەکاتێکدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لەمانگی حوزەیراندا لە بازاڕەکانی جیهاندا لە نێوان 74 بۆ 77 دۆلاری ئەمریکی بووە.
ئه و سەرچاوەیە، وتیشی: لە 2ی ئەیلولەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دوای دەرهێنانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرزەکان، بە نزیکەیی بڕی 378 ملیۆن دۆلاری لە داهاتی نەوت ڕادەستی #وەزارەتی دارایی# حکومەتی هەرێم کردوە و بڕی 2 ملیۆن دۆلاریش وەک داهاتی زیادبووی ئەم مانگە بە هەمان شێوە گەڕاندۆتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بەمەبەستی تەرخانکردنی بودجەی وەبەرهێنان و پڕۆژەکان.
ئه و زیادکردنە لە بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە کاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کەمیکرد بۆ 318 هەزار بەرمیل، ئەمەش بووە هۆی کورتهێنان لە پارەی مووچەی فەرمانبەران بە بڕی 22 ملیۆن دۆلار.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە: هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی ئابەوە جارێکی دیکە زیادی کردوە و نزیکبووەتەوە لە 350 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە مانگی تەمووزدا 18 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە هەناردەکراوە.[1]
#06-09-2018#