ناوی کتێب: سەرچاوەکانی هەواڵ لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا
ناوی نووسەر:مەسعودی مەلا هەمزە
بابەت: میدیا
چاپخانە: هێڤی
ساڵی چاپ/ 2018
دیزانینی ناوەوە و دەرەوەی پەڕتووکەکە: ئەکرەم فەریدوون حەمە ئەمین
ناساندن: جەواد حەیدەری
ئەم پەڕتووکە توێژینەوەیەکی مەیدانییە بۆ گرنگی پێدان بە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ڕۆژنامەی کوردیدا لەلایەن مەسعودی مەلا هەمزە کراوە.
لەم پەڕتووکەدا سێ پێشەکی جیاواز هاتووە کە هەرکام تیشک دەخەنەسەر بابەتێکی گرنگ. لەپێشەکی یەکەمدا کە لایەن دکتۆر سەمەد قادر توێژەر لە زانکۆی لێڤەرپۆل لە بەریتانیا نووسراوە باس لە گرنگی سەرچاوەی هەواڵ دەکات و ئەم توێژینەوەیە بە هەنگاوێکی شیکاری دەزانێ بۆ ئاوێتەبوونی میدیاکار و ژینگەی کارکردنیان لەنێو دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان. دکتۆر سەمەد باسی لەوەشکردووە کە ئەم توێژینەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەک کە لەباری سەرچاوەی ئەکادیمی لەبواری سەرچاوەی هەواڵ و باس لەوە دەکات کە چۆن میدیاکار دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری و چۆنێتی ڕۆماڵکردنی ڕووداوەکان بە تایبەتی لەواقیعی ئەمڕۆی کوردستان دەکات.
دکتۆر سادق حەمە غەریب پێشەکی دووەمی پەڕتووکەکەی نووسیوە و باس لەوە دەکات کە ئەم توێژینەوەیە هەوڵیداوە ناوەڕۆک و جۆرەکانی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ڕۆژنامەی کوردیدا بخاتەڕوو و چۆنێتی مامەڵەکردنی ڕۆژنامە نووسان لەگەڵ سەرچاوە نادیارەکان بخاتەڕوو.
پێشەکی سێهەم کە خودی نووسەر و توێژەر نووسیویەتی باس لەوە دەکات پەڕتووکەکە لەسێ بەش پێکهاتووە.
بەشی یەکەم بۆ چەمک و پێناسەی هەواڵ و ڕەگەز و بەهاکان و جۆرەکانی هەواڵ تەرخان کراوە.
بەشی دووەم جۆر و تایبەتمەندی سەرچاوەکانی هەواڵ لەخۆ دەگرێت.
بەشی سێیەم بۆ سەرچاوەی هەواڵ لەڕۆژنامەی گەری کوردی تەرخان کراوە.
لە لایەکی ترەوە بەشی سێیەم خۆی لەچەند بەشێکی دیکەی پێکهاتووە کە بڕیتیە لە:
بەشی یەکەم گفتۆگۆ کردن لەسەر مێژووی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی هەفتەنامەکانی ڕوودا و ئاوێنەدا.
بەشی دووەم بۆ شیکاری و شرۆڤەی ناوەڕۆکانی ئاوێنە و ڕوودا تەرخان کراوە.
بەشی سێهەم باس لە ئەنجام و شیکاری ڕاپرسییەک دەکات کە توێژەر بە شێوەی مەیدانی لەشارەکانی هەولێر و سلێمانی و دەهۆک ئەنجامی داوە.
شتێکی دیکەی ئەم توێژینەوەیە کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە کە ئەم توێژینەوە پشتی بە 48 سەرچاوەی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بەستووە.
PUKmedia