ناوی کتێب : الشخصیة الکردیة فی الخطاب المعادی
نووسینی :یوسف یوسف
ساڵ و شوێنی چاپ : 2017 – سلێمانی
لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادران
بە درێژایی مێژوو داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە بە هەموو شێوازێک لە هەوڵی ئەوەدا بوونە خاکی مێژوویی نەتەوەی کورد هەرچی زیاتر بۆ خۆیان دابڕن و خەڵکانی هاوردەی هاونەتەوەی خۆیانی تێدا نیشتەجێ بکەن و کوردی خاوەن ماڵ دەرپەڕێنن و تا بۆیان کرابێت قەتڵوعامیان کردووە وەک ترۆپکی جەنگی قڕێژیان بۆ لەناوبردنی نەتەوەکەمان , هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕاگواستن بەردەوام یەکێک لە سیاسەتە چەپەڵەکانیان بووە. لە دوای ڕیککەوتنی بەدناوی سایکس بیکۆدا کە لە ئاکامدا کوردستان کرایە چوار پارچە و بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکرا سیاسەتەکانی کوشتن و ڕاگواستن و وێرانکردنی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان شایەدحاڵی ئه و چاوتێبڕینە چەپەڵەی داگیرکەرانن لە خاکی کوردستان.
هاوشان لەگەڵ هەوڵی لەنێوبردنی جەستەیی (فیزیکی) دا داگیرکەران هەوڵی لەناوبردنی زمان و کەلتوور و سڕینەوەی مێژووی کوردیان داوە و هەمیشە ویستوویانە هەموو تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی کورد بشێوێنن و ناشیرین بکەن و جۆرەها تۆمەت و ناووناتۆرە بۆ کورد هەڵبەستن تا پاساوی جەنگی قڕێژیان دژی نەتەوەکەمان بدەنەوە , بەڵام خەیاڵیان خاو بووە چونکە کورد هەمیشە بە گیان و بە خوێن بەرەنگاریی لە مان و مافی خۆی کردووە و تا ئێستا لەسەر خاکی کوردستانی نیشتمانی ئازیزی خۆیدا ماوەتەوە و نەتواوەتەوە و زمانی شیرینی کوردی کۆکەرەوە و ناسنامەمانە و بە کوێرایی چاوی دوژمنان پێی دەدوێین و پێی بیردەکەینەوە.
بێگومان لەهەموو ئه و نەتەوە سەردەستانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە دەنگی نەشاز و شۆڤێنی و چەواشەکار و بێویژدان زۆرن ,بەڵام خەڵکانی بە ویژدان و هەقگۆش لەنێو ئه و نەتەوانەدا هەن کە فێڵیان لە ویژدانی خۆیان نەکردووە و دانی هەقیان بە کورددا ناوە.
لەم چوارچێوەیەدا کتێبی (کەسێتی کورد لە گوتاری نەیارانەدا) بە زمانی عەرەبی لە نووسینی نووسەری فەلەستینی یوسف ساڵح یوسف ناسراو بە یوسف یوسف و لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادران,دەنگێکی زوڵاڵ و بوێری نووسەرێکی دیاری نەتەوەی عەرەب زمانە کە لە نزیکەوە کوردی ناسیوە و بە ویژدان و ڕاستگۆییەوە ڕەوایەتیی دۆزی کورد بۆ هاوزمانەکانی ڕوون دەکاتەوە و ئه و چەواشەکارییە ڕیسوا دەکات کە دەرهەق بە کورد کراوە و دەکرێت.
کتێبەکە بریتییە لە (3) بەش و تێکڕای بەشەکان(9) باس یاخود بابەت دەگرنەخۆ و لە کۆتایی هەرباسێکیشدا پەراوێزەکان دانراون , بەم شێوەیە : بەشی یەکەم بە ناونیشانی (چەواشەکاری و وێنای کورتکراوە) سێ باس دەگرێتەوە , لەباسی یەکەمدا بەناونیشانی (بەدبێژیی و وێنای کورتکراوە) دا نووسەر سەرەتا بەپێی ڕەگی چەمکەکان لە زمانی عەرەبییدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بەدبێژی لە پاشملە باسکردنی خەڵکی و ناوناتۆرەلێنانیانە , ڕاستە کەسی بەدبێژ ڕەوشتی بەره و داڕمان دەچێت و وێنای کورتکراوە ڕەنگە خراپەکاریی تێدا نەبێت بەڵام کاتێک داگیرکەر ئەم وێنایە لە گوتارییدا بەکاردەهێنێت ئەوا شتێکی مەترسیدارە چونکە وێنەی ڕاستەقینەی گەلان وەلادەنێت و وێنایەکی دیکە دەخاتە شوێنی کە بەلای پەیام وەرگرەوە دەبێتە وێنەیەکی بێزراو بەجۆرێک ئەگەر داگیرکەر جەنگ دژی ئه و گەلە بەرپا بکات ئەوا ئەوەندە بیانوو دەخاتەروو تا ئەم کارە بکات بە مەبەستی داگیرکردنی خاکەکەی و کردنی گەلەکە بە پاشکۆیەکی بێ دەسەڵات.
لەم بارەیەشەوە نووسەر نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە کە بیرمەندو ئەدیبانی زایۆنیزم دوای کۆنگرەکەیان لە بازل ی سویسرا لە ساڵی(1879) وێنایەکی کورتکراوەی نێگەتیڤیان بەرامبەر عەرەب و فەلەستینییەکان بەکارهێناوە تا پشتگیریی خۆئاوا بۆخۆیان دەستەبەر بکەن.هەمان شێوازی ناشیرینکردنی کەسێتیی دەرهەق بە هیندییە سوورەکان کە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمەریکای باکوورن بەکارهێندراوە و بەدرێژایی چەندین سەدە جەنگی قڕکردن و ڕاگواستنیان لەدژدا بەرپاکراوە وەک چۆن کاتی خۆی کۆلۆمبس ناووناتۆرەی (خۆپەرست)ی خستبووە دوایانەوە.
نووسەر دەڵێت ئەم گوتارە بەره و ئه و ڕەوتی نوکتە ونوکتەکارییە ڕاماندەکێشێت کە ئەمجارەیان عەرەب گاڵتە بە کورد دەکات کە هەمان گوتاری ناشیرینکردنی کەسێتی بەرامبەرە مەبەستی بنەڕەتیی ئەم ڕەوتەش بەشداریکردنە لەجەنگی دژ بەم میللەتە کە کوردستانی وڵاتی لە پیلانی سایکس بیکۆ لە دوای بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهاندا کرایە چوار پارچە و بەسەر تورک و فارس و عەرەبدا دابەشکرا,ئەم داگیرکەرانەش گوتاری خراپیان بەرامبەر کورد هەیە لەوانە نوکتە بۆ گاڵتەکردن بەکورد وەک چۆن عەرەب لەعیراقدا بە نوکتە گاڵتە بە کورد دەکات ,مەبەستەکەش بۆ خۆشی نییە بەڵکو بۆ ناشیرینکردنی کەسێتیی کوردە. فرۆید پێی وایە نوکتە دەمامکێکی دوژمنکارانە یاخود سێکسیە کە تاک هەموو حاڵەتەکانی شکست و دۆڕانی خۆی پێ دەشارێتەوە و دەیەوێت کەسانی دیکەش هەمان هەستی ئەویان هەبێت.
ئەرشاک سافراستیان دەڵێت لە نیوە کۆنەکەی گۆی زەوییدا هیج ڕەچەڵەکێکی مرۆیی بەقەد گەلی کورد بەردەوام دوچاری زوڵم نەهاتووە و خراپ لێی تێنەگەیشتوون.
هەروەک نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە خۆرئاواییەکانیش بەتایبەتی بەشێک لە ڕۆژهەلاتناسەکانیان کوردیان بە ڕێگری وچەتەیی تۆمەتبارکردوە. نووسەر دەڵێت ڕاستە کۆمەڵگەی کورد وەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیکە شتی نێگەتیڤی تێدایە بەڵام ڕەخنەگرتنی کەسێکی وەک شەرەفخانی بەدلیسی شتێکە و گوتاری داگیرکەر شتێکی دیکەیە.
لە باسی دووەمدا بە ناونیشانی (بێویژدانی و ویژدان لە توێژینەوەیەکی هەواڵگرییدا) نووسەر لەبارەی توێژینەوەیەکی دەزگای ئیستیخباراتی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عیراق دەدوێت کە کاتی خۆی لەبارەی کەسێتیی کورد و ڕەفتاری و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە کراوە , توێژینەوەکە هەوڵ دەدات ڕێگا لەبەردەم دەوڵەت خۆش بکات تا کوردلەچەند شوێنێکی قەفەس ئاسا دوور لە زێدی بنەڕەتیی خۆیان کۆنتروڵ بکات و و ویژدانیان وێران بکات و مێژوویان بسڕێتەوە و بەتەواوەتی تێکیان بشکێنێت.
لە باسی سیێەمدا بە ناونیشانی (حیکایەتەکان.. وێنەی نێگەتیڤی کورد) لەبارەی تویژێنەوەیەکی هاوژین عەبدولخالیق دەدوێت بەناونیشانی (وێنای کورد لە حیکایەتەکانی هەزار و یەک شەودا) کە تێیدا توێژەر شیکاری بۆ (3) حیکایەت کردووە کە ناوی کوردیان تێدا هاتووە و بە خراپە باسی کەسێتیی کورد کراوە کە پێی وایە ئەمە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستێکی سیاسییە هەروەک ئه و قسەیەی عەبدولڕەقیب یوسف دە هێنێتەوە کە کوردستان لە دێر زەمانەوە لانکەی شارستانیەت بووە ولێرەوە شارستانیەت بۆ شوینانی دیکەش بڵاو بووەتەوە بگرە سۆمەرییەکان یەکەم شەپۆلی شارستانیەتیان لە دانیشتووانی کوردستانەوە وەرگرتووە.بەڵام نووسەر پێی وایە ئه و نموونانەی لە حیکایەتەکاندا هاتوون مەرج نییە مەبەستەکە بۆ ناشیرینکردنی گشت تاکێکی کورد بێت.
لە کۆتاییشدا وەک نموونەی ئه و کەسانە دوور لە چەواشەکاری قسەی خێریان دەرهەق بە کورد کردووە ئه و قسەیەی فرایزەر ی گەڕیدە لە سەدەی نۆزدەدا دەهێنێتەوە کە دەڵێت : (کورد زیاتر لە موسڵمانانی دیکە بەوە ناسراوە کە سەرڕاستە , پەیمان نەشکێنە , سۆزی جوامێرانەی بۆ کەسوکاری هەیە و ڕەفتاری بەرامبەر ژن مرۆڤانەیە).
بەشی دووەم بە ناونیشانی (سروشتی خۆڕسکی کورد و جەنگی لەناوبردن) سێ باس دەگرێتەوە , لەباسی یەکەمدا بەناونیشانی (سوارچاکانی خۆرهەڵات.. ژیان موڵکی کەسی ئازایە) نووسەر سەرەتا دەڵێت گەر دەتەوێت گەلێک بە باشیی بناسیت ئەوا دەلاقەیەک بەسەر حیکایەت و سەربردە نووسراو یان دەماودەمیەکانییدا بکەوە و ئەمە ئه و ئاوێنەیەیە کە واقیعەکە وەک خۆی نیشان دەدات. کورد کە ئەبوفیان ی نووسەری ئەرمەنی ناسناوی (سوارچاکانی خۆرهەڵات)ی لێناون بە ئەزموونی سەختیان لە گشت پارچەکانی کوردستاندا دەرکیان بەوە کردووە کە (ژیان موڵکی کەسی ئازایە).
نووسەر ڕوونی دەکاتەوە کە سروشتی خۆڕسکی مرۆڤ مەسەلەیەکی چەسپاوە لە کەسێتییەکەیدا و ئازایەتی بەشیکە له و سروشتەی کورد , بەرگریی کوردیش لە خاکەکەی مقاوەمەتە دژی داگیرکەر نەک یاخییبوون وگێرەشێوێنی وەک نەیاران ناوی دەبەن.دەشڵێت ئه و وڵاتانەی کە خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە نەیانتوانیوە ژیلەمۆی ئەم مقاوەمەتە بکوژیننەوە و کورد لە بۆتەی خۆیاندا بتوێننەوە.
لە باسی دووەمدا بە ناونیشانی (حیکایەتخوانی کورد – هێنانەوەکایەی مێژوو , بڵێسەکە ناکوژێتەوە) نووسەر ئه و گۆتەیەی فلیجیسکی دەهێنێتەوە کە دەڵێت فۆلکلۆری کوردی لەرادەبەدەر پێگەیشتووە. لەم بارەیەوە نووسەر شیکارییەک بۆ داستان یان خۆی وتەنی حیکایەتی دوورودرێژی قەڵای دمدم دەکات و دەڵێت ئه و قەڵایە تەنها تەلارێکی ئەندازەیی قەبە نییە بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ ئه و شوێنە قایمەی کە زەحمەتە دوژمنان داگیری بکەن وگەلەکەی لەناو بەرن و ڕەنگە هێمایەکیش بێت بۆ خودی کوردستان. هەروەک لەبارەی سوارچاکی و ڕەوشتی بەرزی پاڵەوانی داستانەکە عەمەرێ جەلالی دەدوێت کە دواتر ناسناوی خانی لەپ زێڕینی لێ دەنرێت کە وێنای ڕاستەقینەی کورد دەردەخات. شەڕی قەڵای دمدم لە ساڵی (1608) لە نێوان عەمەرخان و شاعەباسی سەفەوی ڕووی داوە و سەرەنجام بە کارەسات کۆتایی هاتووە و هێمن موکریانی وتەنی بۆتە بزوێنەری هەستی نەتەوەیی زانایانی کورد و ئەحمەدی خانی چل سال زیاتر دوای کارەساتەکە لە پێشەکی مەم و زین دا بە هەستێکی ئاگرینەوە باسی کردووە.
لە باسی سێیەمدا بە ناونیشانی (عەقڵی کورد.. مافی وەڵامدانەوە) سەرەتا نووسەر ڕوونی دەکاتەوە کە زۆر شت لەسەر کورد نووسراوە لە سەدەی بیستدا ئەویش بە دوو ئاراستە یەکەمیان بە ویژدانەوە و دووەمیان بێویژدانانە ,دوونموونەی کەسانی بە ویژدان دەهێنێتەوە کە کەلەبارەی کوردیان نووسیوە هەریەک لە ئەولیا چەلەبیی گەڕیدەی بەناوبانگی عوسمانی کە ساڵی (1655) بە چەندین ناوچەی جیاجیای کوردستان گەڕاوە , هەروەها باسیل نیکتین خاوەنی شاکاری (کورد لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆژی و مێژوویی). وەک نموونەیەکیش بۆ جوامێریی کورد نووسەر باسی ئەزموونی خۆی دەکات کە ساڵی (2006) بەناچاریی بەغدای جێهێشتووە و بە خێزانەوە چووەتە خانەقین و لەوێ چۆن کورد داڵدەیان داوە و هاوکارییان کردووە.
هەروەها دەڵێت بوونی کورد لە کوردستاندا ڕەگوریشەی دێرینی هەیە و مەسەلەی ناسنامەی جیاوازی کوردیش ئه و زمانە کۆکەرەوەیە دەیسەلمێنێت کە لەرووبەری (500) هەزار کیلۆموتری چوارگۆشە واتە ڕووبەری کوردستاندا بڵاو بووەتەوە.
بەشی سێیەم بە ناونیشانی (کەسێتیی کورد.. دیدێکی پێکهاتەیی) دوو باس دەگرێتەوە , لەباسی یەکەمدا بەناونیشانی (کورد.. دووانەی پاڵنەر و وەستێنەر) نووسەر لەبارەی ئه و گۆتەیەی بێرنارد ویتمان ی ئەڵمانەوە دەدوێت کە کاتی خۆی لە کوردستان کاری کردووە و لە نامەیەکیدا بۆ هاوسەر و کچەکەی نووسیویەتی کەدوای ئەوەی بە فڕۆکە گەیشتووەتە بەغدا پاش 24 سەعات بە شەمەندەفەر گەیشتووەتە کەرکووک له و ماوە کورتەدا دوو گەلی تەواو جیاوازی خاوەن دوو کەلتووری جیای بەدی کردووە و دەڵێت دوای ئەوەی گەیشتمە کەرکووک خۆم لەعیراقێکی تەواو کوردییدا بینییەوە. لێرە تەنیا کورد هەیە و بەدەگمەن عەرەب هەیە ئەمە بۆ من جێگەی سەرسامی بوو.
شایانی باسە ویتمان لە ساڵانی (1945- 1963) لە کوردستان ژیاوە و نامەکانی لە دوو توێی کتێبێکدا بڵاوکراونەتەوە. هەر لەم بوارەدا نووسەر وتەی کەسانی دیکە لەبارەی جیاوازیی کورد وەک نەتەوە و زمان و کەلتوور لە گەلانی دەوروبەری دەهێنێتەوە و دەشڵێت کورد قەیرانی زمان و قەیرانی ناسنامەی زمانیان نییە و کورد بەم خەسڵەتە لە زۆر خەڵکی دیکە جیاوازن و بۆیە زمانی کوردی بە درێژایی مێژووی خۆی فاکتەری یەکخستنی ئەم گەلە بووە کە دەیانەوێت بە نوکتە لەکەداری بکەن.
لە باسی دووەم و دواباسی کتیێبەکەدا بەناونیشانی (کۆتایی.. سەندنەوەی مێژوو) نووسەر ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن داگیرکەران بەردەوام هەوڵیان داوە مێژووی کورد بشێوێنن و پەردەپۆشی بکەن, دەشڵێت هەریەک لە هیندییە سوورەکان و فەلەستینییەکان وکورد دوچاری داگیرکارییەکی ڕیشەکێشکردن بوونەتەوە و مەبەستی کۆلۆنیالیست ئەوە بووە کەسانی دیکە لە شوێنی خاوەن خاک نیشتەجێ بکات و هەموو شتێکی پەیوەست بە مێژوو و کەلتوور و ئابووری و هەرشتێکی دیکەی پەیوەندییدار بە بونیادی پێکهاتەیی ئەم میللەتانە لەناو بەرێت.
لەبواری هەوڵی سەندنەوەی مێژوودا لەبارەی کتێبێکی مامۆستا جەعفەر بە ناونیشانی (خانەقین لە چارەکە سەدەیەکدا 1900-1925) دەدوێت , دەشڵێت دووەم ژیانی مرۆڤایەتی لەخاکی کوردستانەوە دەستی پێکردووە چونکە کەشتی نووح بەپێی کتێبی دروستبوون ی تەورات لە سەر چیای ئەرارات و بەپێی قورئانی پیرۆز لەسەر چیای جودی لەنگەری گرتووە کە هەردوو چیاکە کەوتوونەتە خاکی ناسراو بە کوردستانەوە.هەروەک لەبارەی شارستانیەتی میدییەکان کە باوەڕی وایە پێشینانی کوردی ئێستان و لەبارەی هەردوو دەوڵەتی دۆستەکی و ئەیووبی کوردەوە دەدوێت و لەدواییدا ئه و قسەیەی سەعد بەشیر ئەسکەندەر ی تۆیژەری کورد دەهێنێتەوە کە دەڵێت : کوردستان هەمیشە نیشتمانی کورد بووە تەنانەت بێ بوونی قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆش تا بیانپارێزێت ,هەروەک کورد هەمیشە بە زمانی نەتەوەیی خۆیان قسەیان کردووە , پەرەش بە دوو زمانی ئەدەبیی بنەڕەتی دەدەن تەنانەت بێ سەرپەرشتیی دەزگای حکومەتیی بە وێنەی گەلانی دیکەی خاوەن قەوارە.
لە کۆتایی کتێبەکەشدا نووسەر لیستی سەرچاوەکانی داناوە کە بۆ تۆیژینەوەکەی سوودی لێ وەرگرتوون و بریتیین لە دەیان کتێب و چەند گۆڤارێک.