کۆمەڵێک نووسەر
پەرتووکی ژمارە (سێ) لە پڕۆژەی چەمکە فکری و فەلسەفییەکان
لە #دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە# 2018
فاشیزم وەکوو ئاڕاستە و بیرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە سەریهەڵدا، سەرەتا لە ئیتاڵیا و دواتر لە وڵاتانی دیکە، بەتایبەت لە ئەڵمانیا لەژێر سایەی حوکمی نازییەکاندا، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و تۆقاندن و جەنگ و کوشتار، هەر ئەم هێزە خۆسەپێنە بووە مایەی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی دووەم. ڕاستە دوای جەنگی جیهانیی دووەم هزری فاشیزم ئەو گوڕوتینەی نەما لە جیهاندا، بەڵام وردەوردە پاش ساڵانێک لە بەرگی جیاجیادا فاشیزم دەردەکەوتەوە و جەنگی سارد بووە زەمینەیەک بۆ سەرهەڵدانەوەی ئەم هزرە و خودی فاشیزمیش بووە خۆراکپێدەری جەنگی سارد و درێژەدان بە حکومڕانیی عەقڵیەتێکی فاشیستی بەسەر هەموو جیهانەوە و پشتگوێخستنی هەموو بەها مرۆڤایەتییە جیاجیاکان. ئەوەی لە ئێستاشدا دەردەکەوێت لە جیهاندا بە فاشیزمی نوێ ناودەبرێت، کە بە گشتی خۆی لەناو بەرگی فاشیزمی ئایینیی و فاشیزمی نەتەوەییدا نیشان دەدات.
ئەم پەرتووکە چەند بابەتێکی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە: (دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە فاشیزم، فاشیزم چییە؟، وتارێک دەربارەی فاشیزم، فاشیزم لە هەموو فۆڕمەکانیدا، فاشیزم و مارکسیزمی نوێ، ئەمریکا لە بەردەم فاشیزمدا و...هتد) .