دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئابووری هەرێمی کوردستان زۆرباش نییە، بەڵام لە داهاتوودا باش دەبێت و زۆرترین دەرفەتی کار دەرەخسێنین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئەیلول، پیشانگەی ڕوانگە فورەس بۆ دۆزینەوەی هەلی کار لە#هەولێر# کرایەوەو وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە وتارێکیدا ئاماژەی بە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و هەلی کار بۆ گەنجان کرد.
عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: زیاتر لە 55%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان جگە لە ئاوارەو پەنابەران تەمەنیان لە خوارووی 25 ساڵەوەیە، کەواتە هەرێمی کوردستان، هەرێمی گەنج و دۆزینەوەی هەلی کارە، لەکارە هەرە گرنگەکانی حکومەتیشە کار بۆ ئەوان بکات.
وتیشی: لەپاش ساڵی 1992 ئابووری هەرێم گۆڕانکاری بەسەرداهات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر حکومەت پێویستبوو خەڵک دابمەزرێنێت لەبەر کەمیی وەبەرهێنانی بیانی، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات ئەوەمان بۆ ڕوونبووەوە کە ناکرێت دامەزراندن هەتاهەتایە بەردەوامبێت، بۆیە ڕوومانکردە وەبەرهێنان و لە 2009 تاوەکو 2013 بەتێکڕا نزیکەی دوو ملیار دۆلار لەژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان خەرجکراوە کە بەهۆیەوە هەلی کاری زۆر ڕەخسا.
ئاماژەی بەوەشکرد: شەڕی #داعش# و بڕینی مووچە و بودجە لەلایەن بەغدا و هاتنی ئاوارەیەکی زۆر وایکرد هەرێم تووشی گرفتی ئابووری بێت و هەلی کار کەمبێتەوە.
لەبارەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، وەزیری پلاندانان وتی: بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان زۆرباش نییە، بەڵام کێشەکان بەرەو چارەسەر دەچن و لەداهاتوودا هەلی کار دەڕەخسێت و لەم هەفتەیەشدا لە ڕۆژی پێنجشەممە لە وەزارەتی پلاندانان ئەنجامەکانی ڕووپێوی دیموگرافی لەهەرێمی کوردستان بڵاودەکەینەوە کە یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.[1]
#09-09-2018#