کورتە ڕاپۆرتێک
هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید و کاندیدی بە ڕەچەڵەک کورد
زیاتر لە 40 لە کاندیدەکانی پەرلەمانی سوید بەڕەچەڵەک کوردن
ڕۆژی #09-09-2018# هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگا و شارەوانییەکانی سویدە و 8 پارتی ناو پەرلەمان و چەندەها پارتی تر بەشدارن لە هەڵبژاردنەکە بۆ وەدەستهێنانی زۆرترین ژماری کورسی.
هەرچەندە ڕۆژی هەڵبژاردن ڕۆژی 9/9 دەبێت بەڵام لە ڕۆژی 23/8 ەوە هاوڵاتییانی سویدی دەتوانن لە شوێنی تەرخانکراو دەنگی خۆیان بدەن. هەموو هاوڵاتییەکی سویدی مافی هەیە بەشداربێت لە هەر سێ هەڵبژاردنەکە (واتە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پاڕێزگا وئەنجومەنی شارەوانی).
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان ژمارەی کاندیدەکان 6287 کەسە کە 56 ٪ ی ڕەگەزی نێرن و 44 ٪ ی ڕەگەزی مێن. ئەم کاندیدانە کێبرکێ دەکەن لەسەر 349 کورسیەکەی پەرلەمانی سوید. واتە هەر 18 کاندیدێک کێبڕکێ لەسەر هەر کورسییەکی پەرلەمان دەکەن.
شایەنی باسە ئەم ساڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی بەڕەچەڵەک کورد لە لایەن حزبەکانیانەوە کاندیدکراون بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی شارەوانی.
بە پێی بەدواچوونێکی بەندە بەلایەنی کەم 42 لە کاندیدەکانی پەرلەمانی سوید بەڕەچەلەک کوردن، لەوانە 64 ٪ ی ڕەگەزی نێرن و 36 ٪ ی ڕەگەزی مێن.
بۆ نمونە لە شار وهەرێمی ستۆکهۆڵم زیاتر لە 10 کاندیدی بەڕەچەلەک کورد هەیە.
ئەگەرێکی زۆر هەیە 6 تا 9 کەس لەو 42 کاندیدە بتوانن سەرکەوتن بەدەست بێنن و هەڵبژێردرێن بۆ پەرلەمان. بە مەش لەوانەیە ژمارەی پەرلەمەنتاری بەڕەچەڵەک کورد، کە ئێستا ژمارەیان پێنج کەسە ولە ئامینە کاکەباوە، #جەبار ئەمین#، لاوێن ڕێدار، ڕۆزا گوچلو هێدین و سەرکان کوسێ پێکهاتووە، زیاد بکات.
جگە لەوە ژمارەیەکی زۆر کەسی بەڕەچەڵەک کورد کاندیدکراون بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانییەکان. بە پێی زانیارییەکان ژمارەی ئەوانە لە سەت کاندید زیاترە.
جەبار ئەمین
ئەندامی پەرلەمانی سوید
#09-09-2018#