هاوکاتبوونی هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆیه، لەسێدارەدانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسەین پەناهی، هێرشەکانی سوپای بەشار ئەسەد بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل لە #قامیشلۆ#، هێرش بۆ سەر گەریلاکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد و بەردەوامی تۆپبارانی هەرێمی کوردستان، پێویستە هەمووی لە چوارچێوەی یەک کۆنسێپتی واتەدار و ئامانجدار لەپێناو لاواز کردن و لەناوبردنی گەلی کورد و دینامیزمی سیاسی لە هەر چوار پارچەی کوردستان چاوی لێ بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ناکرێت هاوکاتبوونی ئەم ڕووداوانە لەگەڵ کۆبوونەوەی سێ لایەنەی پووتین، ئەردۆغان و ڕۆحانی لە تاران بە ئاسایی ببینرێت. هەرچەند شیمانە دەکرا کە بابەتی سەرەکی ئەم چاوپێکەوتنە چارەسەری کێشەی ئیدلب لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی ئەم سێ دەوڵەتە بێت، بەڵام ئەم ڕاستییە لەبەرچاوە کە کورد جارێکی دیکە بووەتە بابەتی سەرەکیی دانوستانی دەوڵەتانی ناوچەکە.
بێ گومان لەنێوان دەوڵەتانی ناوچەکە و بەتایبەتی ئێران و تورکیا کێشە و ئاڵۆزیی قووڵی جیۆپۆلەتیک لە ئارادایە، بەڵام جارێکی دیکە کورد بووەتە هۆکاری سەرەکیی یەکگرتنی ئەم دەوڵەتانە.
لەم بارودۆخە پڕ لە قەیران و هەستیارەی ئێستادا کە جەللادەکان پەتی سێدارە دەخەنە ملی ڕۆڵە خۆشەویستەکانی گەلی کورد، پێویستە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خوێندنەوەیەکی ڕاست و قووڵ، ناکۆکی و کێشەکانیان بەلاوە بنێن و یەکڕیزی و یەکگرتوویی بکەنە بابەتی سەرەکیی درووشم و کرداری خۆیان. پەژاک بەتووندی ئیدانەی هێرشی تیرۆریستیی سوپای پاسداران بۆ #کۆیە# دەکات و سەرەخۆشی شەهیدبوونی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلەکەمان دەکات و لەو باوەڕەدایە کە هیچ یەک لەم چەشنە کردارانە ناتوانێت ببێتە بەربەست بۆ درێژەپێدانی ڕێگەی تێکۆشانی ئازادی.
#09-09-2018#