نووسەر: ئەحمەد گوڵمحەممەدی
پرسەکانی تایبەت و پەیوەندیدار بە دیاردەی ناسراو بە بەجیهانیبوون، یەکێک لەو پرس و بابەتە ئاڵۆز و پڕ لە مشتومڕانەیە کە لە ڕوانگەی جیاواز و جۆراوجۆرەوە، بەتایبەت لە پاش کۆتاییی جەنگی ساردەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە. ئەم دیاردەیە لایەنگر و نەیاری زۆریشی لە ناوەندە ئەکادیمی و تەنانەت سیاسییەکانیش هەیە. بەڵام ئەوەی کە حاشاهەڵنەگرە، بەجیهانیبوون لە هەر ڕوانگەیەکەوە و بە هەر دوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەوە بۆتە بەشێک لە ڕاستیی سەردەمی ئێمە. بۆیە تەنانەت ڕوانگەی بیرمەند و هەڵوێستە سیاسییەکانی سیاسەتمەدارانی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی (وڵاتانی باشوور و پەرەنەسەندوو) لە هەمبەر ئەم دیاردەیەدا لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتی و... خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. لەم نێوەندەیشدا پرسی کەلتوور و ناسنامه (شوناس) یەکێک لەو پرسانەیە کە لەژێر پارادایمی بەجیهانیبوونەوە گوڕوتینێکی نوێ و تایبەتی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت بۆ نەتەوە، ئایین، ئایینزا، ئیتنیک، گرووپ، ناسنامه و بزووتنەوە پەراوێزخراوەکان. بۆیە تێگەیشتن لەم پرسە ئالۆزە و کاریگەرییەکانی بەجیهانیبوون لەسەر پرسە ناسنامەیی و کەلتوورییەکان بۆ ئێمەی کورد، کە تاوەکوو ئێستا خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان نین، گرنگیی تایبەتیی هەیە. ئەم پەرتووکەیش وەکوو هەوڵێکی ئەکادیمی و زانستی بە بەرهەمێکی بەپێز دادەندرێت کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین کە هۆگرانی پرسە کەلتووری و ناسنامەیییەکان و بەگشتی خوێنەرانی ئازیز و بەڕێز زیاتر لەگەڵ ئەم بەرهەمە کە بە زمانی کوردی لەبەردەستە ئاشنا بکەین.
هەندێ لە بیرمەندانی سەدەی نۆزدەیەم، بەتایبەتی فەیلەسووف و کۆمەڵناسانی وەک کانت و مارکس لەم بڕوایەدا بوون، کە بە تێپەڕینی کات و گۆڕانی کۆمەڵگە مرۆیییەکان دەور و کاریگەریی کەلتوورە جۆراوجۆرەکانی وەک ئایین، ئیتنیک و نەتەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا کەمتر دەبنەوە و کۆمەڵگەی جیهانی، بێ جیاوازی و کەلێنە کۆمەڵایەتی-کەلتوورییەکان پێک دێ. مارکسیستەکانی سەدەی بیستەمیش پێیان وابوو کە کەلتوور شوێنکەوتووی چین و پەیوەندیی چینایەتییە و، هەر بەم هۆیەوە گومانیان لەوە نەبوو کە لە کۆمەڵگە و جیهانێک کە چین تێیدا چیتر واتای نییە، ئایین، ڕەگەز، نەتەوە و ئیتنیک پێگە و گرنگییەکانی پێشووتری نابێت. تەنانەت لیبراڵەکان و تیۆریداڕێژانی نوێکردنەوەیش ئەو جۆرە نیشانانەی کەلتوورییان بە دیاردەیەکی مێژوویی لە قەڵەم دەدا کە لە کۆتاییی مێژوودا و دوای کامڵبوونی قۆناغەکانی نوێکردنەوە و، یان (فراوانبوون) وردەوردە لەنێو دەچن. بە هەر حاڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی ئایدیاڵی، واتە ئەو تاقمە بیرمەند و تیۆریداڕێژانەی کە پێیان وابوو کۆمەڵگەی ئایدیاڵی، بێ ئەملاوئەولا پێک دی، مرۆڤگەلێک بوون کە لە پلەی یەکەمدا بە هۆی مرۆڤبوون و بوونی هۆگری و پرسە هاوبەشەکان کەسایەتییەکەیان دادەڕێژن، نەک لەسەر بنەمای هۆگری یاخود پەیوەستبوونە کەلتوورییەکان.
بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، لە دەیەکانی کۆتاییی سەدەی بیستەمدا جیهان شایەدی زەقبوونەوەی کەلتوور یاخود ئەو شتەی لەم پەرتووکەدا پێی دەڵێن تایبەتخوازیی کەلتووری بووە. تەنانەت کۆتاییی جەنگی سارد و شکستی سیاسەتی چینایەتییش ئەو ڕەوتەی خێراتر کردووە. ئەم زەقبوونەوەیە بەره و هەڵکشانە و، کەم تا زۆر زۆربەی کۆمەڵگەکان دەگرێتەوە و لە وڵات یاخود ناوچە، یان کیشوەرێکدا قەتیس نامێنێتەوە. ئێستاکە چ وڵاتانی گەشەکردوو و دەوڵەمەندی ڕۆژاوایی و چ وڵاتانی گەشەنەکردوو و هەژاری جیهانی سێیەم لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیاندا بینەری ئامادەبوونی بەرچاوی توخمە جۆراوجۆرە کەلتوورییەکانن.
ژیان و زەقبوونەوەی کەلتوور لە ئێستادا نەک تەنیا زۆر گشتگیر و بەربڵاوترە، بەڵکوو هێمای جۆراوجۆریشی هەیە. ئەگەرچی ئەم جۆراوجۆرییە پۆلێنکردنی هەمەلایەنەی تایبەتخوازی دژوار دەکات، بەڵام دەتوانین ئەم هێمایانە بەسەر چەند گرووپدا دابەش بکەین. ڕاپەڕین و کێشە ئیتنییەکان نیشانەی ناسراو و باوی تایبەتخوزاییە کەلتوورییەکانن. بزووتنەوە نەتەوەخوازییەکان بە گرووپێکی دیکەی تایبەتخوازییە کەلتوورییەکان دێنە ئەژمار کە لە سەرچاوەی جۆراوجۆردا لە ژێر ناوی شەپۆلی سێیەمی ناسیۆنالیزم تاووتوێ دەکرێن. بونیادگەراییی ئایینی، سێیەمین گرووپی تایبەتخوزاییەکان پێک دێنن کە بۆ خۆیان بۆ سەر گرووپی بچوووکتر دابەش دەبن. سەرەڕای ئەمانەیش تایبەتخوازیی کەلتووریی وایش هەن، کە لە چوارچێوەی بزووتنەوەگەلی توندڕەوی کۆمەڵایەتی-ڕەگەزپەرەستییە نوێیەکان و ئەنارشیستەکان و... لەم چەشنەدا دەردەکەون.
پێدراوە جۆراوجۆرەکان نیشانی دەدەن کە ئەم تایبەتخوازییانە لە دەیەکانی کۆتاییی سەدەی بیستەمدا (لە 1970 بەولاوە) بەربڵاوتر و زۆرتر بوونە. بە واتایەکی تر، ئیتر لەم سەردەمەدا مروڤەکان زیاتر لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژییە ژیاندنەوەخوازانەکان، جیاوازیخوازانە، نەتەوەخوازانە و هەروەها ئایدیۆلۆژییە بونیادگەرایانە توندڕەوەکان ئامادەیییان هەیە کە زۆرتر کرداری کۆ دەنوێنن و، ئەمەنانەیش دۆخی پڕ لە ئاڵۆزی و کێشەئامێزیان لێ کەوتۆتەوە. ئەگەرچی پەرەسەندنی زیاتری تایبەتگەراییی کەلتووری، خۆی لە خۆیدا پرسێکی گرنگە، بەڵام کاتێک گرنگیی زیاتر دەبێت کە سەرنج بدەینە هاوکاتی ئەو دیاردەیە لەگەڵ ڕەوتی بچووکبوونەوەی جیهان بە هۆی گۆڕان و پێشکەوتنە سەرسووڕهێنەرەکانی تەکنەلۆژی و پەیوەندی و گواستنەوە و زانیاری. بێ گومان سەرنجدان لەم ڕەوتە دیالێکتیکییە دژوازە نوێیە، شتێکی پرسیارخوڵقێنە: چونکە لە دەیەکانی ئەم دوایییەدا زۆربەی کۆمەڵگەکان شایەدی گەشە و پەرەگرتنی تایبەتگەرایییە کەلتوورییە جۆراوجۆرەکان بوون. بەم پێیە کە تایبەتگەرایییە کەلتوورییەکان نیشانەی جۆراوجۆریان هەیە و بگۆڕی جیاجیایش لەم دیاردەیەدا بەشدارن.
پێداچوونەوەی بەرهەمە پڕژمارەکانی پەیوەندیدار بە گرووپی ئینتیما (هۆگری) و بزووتنەوە جۆراوجۆرە ئیتنی، ئایینی و ڕەگەزییەکان دەری دەخات، کە توێژەران بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم جۆرە دیاردانە پەنا دەبەنە بەر بگۆڕی جۆراوجۆری وەک کۆلۆنیالیزم، ئیمپریالیزم، دەستێوەردانی دەرەکی، جیاوازیدانان، ناوەندگەرایی، نایەکسانی و بژاردەی سیاسی. ئەگەرچی یەکەیەکەی ئەم هۆکار و بگۆڕانە لە پەرەسەندنی جۆرەکانی تایبەتگەراییی کەلتووریدا شوێندانەر بوون و هەن، بەڵام ناتوانین بەباشی تایبەتگەراییی کەلتووری بە واتا گەشەیییەکەی وەک دیاردەیەکی گشتگیر و جیهانیی بەم بگۆڕانە پێناسە بکەین.
لەم پەرتووکەدا، دەگوترێت کە بگۆڕی مەبەست، هەمان ڕەوتی بەجیهانیبوونە؛ واتا گریمانەی توێژینەوەکە دەتوانێت ئەمە بێت: پرۆسەی بەجیهانیبوون، تایبەتگەرایییە کەلتوورییەکان بەهێز دەکات. بە گوتەیەکی میتۆدۆلۆژیک، ئەم تویژێنەوەیە لە سێ بەشی سەرەکی پێک دێت: لە بەشی یەکەمدا باس لە بگۆڕی سەربەخۆی توێژینەوەکە، کە هەمان دیاردەی بەجیهانیبوونە دەکات و، ئەم دیاردەیە وەک پرۆسەیەکی چەندلایەنە لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرە لێی دەکۆڵدرێتەوە. لە بەشی دووەمدا، لە بگۆڕی گرێدراو بە توێژینەوەکە دەکۆڵدرێتەوە. بگۆڕی گرێدراو بەم توێژینەوەیە، تایبەتگەراییی کەلتوورییە کە هێما و وێنەی جۆراوجۆری هەیە. لە بەشی سێیەم، یان کۆتاییی توێژینەوەکەیش، بۆ ڕوونکردنەوەی پەیوەندی و خستنەڕووی میکانیزمەکان تەرخان دەکات. دیارە ئەو ئەنجامەیش کە لەو توێژینەوەوە وەدەست هاتوون دەخریتە ڕوو.
بەشە سەرەکییەکانی پەرتووکەکە:
بەشی یەکەم: بەجیهانیبوون
پێناسە، پێشینە و گرنگی
تیۆرییەکانی بەجیهانیبوون
بەرەی یەکەم
بەرەی دووەم
بەرەی سێیەم
کۆبەند
هێماکانی بەجیهانیبوون
بەجیهانیبوونی ئابووری
بەجیهانیبوونی سیاسی
بەجیهانیبوونی کەلتووری
بەشی دووەم: تایبەتگەراییی کەلتووری
کەلتووریبوونی جیهان
گشتگەراییی کەلتووری
پەیوەندی و پێکهاتە ئاڵۆزە تایبەتمەندیبەخشەکانی پانتاییی کەلتووری جیهان
پێکەوەژیان و ئاوێتەبوونی کەلتووری
دیالێکتیکی گشتی/تایبەت
گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کەلتووری
تایبەتگەراییی کەلتووری
تایبەتگەراییی ئیتنیکی/قەومی
بووژانەوەی ئیتنیکی و گۆڕانکاری لە تیۆریداڕێژیدا
نەتەوەگەرایی
بونیادگەراییی ئایینی
بونیادگەراییی مەسیحی
بونیادگەراییی ئیسلامی
بونیادگەراییی جووەکان
بونیادگەراییی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
تایبەتگەرایییە کەلتوورییەکانی دیکە
بەشی سێیەم: خۆبنیاتنانەوەی کەلتووری
تایبەتگەراییی کەلتووری؛ پەرچەکردارێک بەرامبەر بە کەموکوڕییەکانی جیهانی هاوچەرخ
پەرچەکرداریک لە ئاست نایەکسانی و جیاوازییەکاندا
پەرچەکردارێک بەرامبەر کەموکورتییەکان و دژوازییەکانی دیکەی نوێبوونەوە
تایبەتگەراییی کەلتووری، دیاردەیەکی سیاسی
خۆبنیاتنانەوەی کەلتووری
ناسنامه
بەجیهانیبوون و ناسنامهسازیی نەریتی
شوێن و فەزا
زەمەن
قەیرانی ناسنامه و مانا
بنیاتنانەوەی ناسنامه
تایبەتگەراییی کەلتووری؛ پەرچەکرداریک بۆ قەیرانی ناسنامه و مانا
کۆبەند
لیستی سەرچاوەکان
سەرچاوە:
احمد گل محمدی، جهانی شدن فرهنگ، هویت، چاپ پنجم، تهران: نشر نی، 1391.
وەرگێڕانی کوردی:
ئەحمەد گوڵمحەممەدی، بەجیهانیببون، کەلتوور، ناسنامه، وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا بەهرامی، دهۆک: چاپخانەی خانی، دەزگەی توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، 2007.