ماوەی هەفتەیەکە ئێران شەو و ڕۆژ بۆردوومانی دەڤەری باڵەکایەتی و برادۆست لە سنووری #هەولێر# دەکات، 200 خێزانی گوندەکان ئاوارەبوون و نزیکەی 250 دۆنم ڕەز و باخی خەڵک سووتاوە و تورکیاش بە فڕۆکە بۆردوومان دەکات.
ئێران لە بەرزاییەکانی دۆڵی مەیدان نزیک #شنۆ# تۆپخانەی داناوە، بە ناوی بوونی هێزەکانی حیزبی دیموکراتەوە گوند و مەزرای کشتوکاڵی جووتیارانی باشوور دەکاتە ئامانج.
لە ساڵی 1992ەوە تاوەکو ئێستا بە بۆردوومانی ئێران و تورکیا 650 گوندی ناوچە سنوورییەکانی #دهۆک# و هەولێر چۆڵکراوون، 250 هاونیشتمانیش گیانیانلەدەستداوە.
بەردەوامی تۆپبارانەکانی ئێران و بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک 650 گوندیان چۆڵکردوە، 250 هاونیشتمانیان کوشتووە و بە هەزاران دۆنم ڕەز و باخ و لەوەڕگایان سووتاندوه و ئێستاش تا دێت ڕۆژانە گوندی دیکە چۆڵ دەبن و ژینگە و سرووشت وێراندەکەن.
هەفتەیەکە ئێران بە چڕی تۆپبارانی هەردوو سنوورەکانی برادۆست و باڵەکایەتی دەکات و چیا بەرزەکانی ناوچەکەی وەک خەڵووز ڕەش هەڵگەڕاندوون.
لە بەربەزینی دەڤەری برادۆست، ڕۆژانە سەدان دۆنم پاوان و لە وەڕگا دەسووتێت، لە ماوەی هەفتەیەکدا 200 خێزانی مەڕدار و جووتیار ئاوارە بوونە.
پشێووی ناوچەکە ڕێگربووە له و دەڤەرە 109 گوند ئاوەدان بێتەوە، لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردووشدا 11 گوندی دیکە چۆڵ بوونە، زیاتر لە 250 دۆنم پاوان سووتاوە، زیانی ماڵی زۆر بەر هاونیشتمانیان کەوتوە.
لە گوندەکانی سنووری باڵەکایەتی، تۆپباران کوێستانەکانی کردووەتە خۆڵەمێش و ژیانی تێدا نەهێشتووەتەوە، سێ گوند تۆپبارانیان لە سەرە و ناچار خەڵکەکەی ئاوارەدەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی (شەممە، 8-9-2018)، بارەگای هەردوو حیزبی دیموکرات (حدک و حدکا) لە #کۆیە# لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کران، لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 46 کەسیش برینداربوون.[1]
#10-09-2018#