دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
یەک کیلۆ گۆشتی مریشکی زیندوو لە هەزار و 750 دینارەوە بەرزبۆتەوە بۆ دوو هەزار و 150 دینار، بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵیش هۆکاری گرانبوونی ئاشکرا دەکات.
ئەسعەد ئەحمەد، خاوەن کێڵگەی پەلەوەری لە شاری #هەولێر# بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ماوەی چەند ڕۆژێکە مریشکی زیندوو بە ڕێژەیەکی زۆر هەناردەی شارەکانی خوارووی عێراق دەکرێت و ڕۆژی یەکشەممە یەک کیلۆ گۆشتی مریشکی زیندوو بە هەزارو 900 دینار هەناردەی شارەکانی خوارووی عێراق کراوە.
وتیشی: گۆشتی مریشک لە دوکانەکانی فرۆشتنی مریشک لە هەولێر ئەمڕۆ بە دوو هەزارو 150 دینار فرۆشراوە.
لای خۆشییەوە د. جەمال ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی کەرەنتینەی ڤێترنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: چەند ڕۆژێکە نرخی گۆشتی مریشک بەرزبۆتەوه و هۆکارەکەش ئەوەیە لە ئێستادا گۆشتێکی زۆری مریشک و مریشکی زیندوو هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێت و هاوکات لە کێڵگە پەلەوەرییەکانیش مریشک کەمبۆتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی کەرەنتینەی ڤێترنەری هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد: خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان ساڵانە لەم وەرزە کەمتر جوجەڵە بەخێو دەکەن، هەر بۆیە گۆشتی مریشک لەم کاتانە گرانتر دەبێت.
بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی سامانی کێڵگە پەلەوەرییەکان ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 130 بۆ 140 هەزار تۆن گۆشتی سپی هەیە و بەرهەمی ناوخۆش دەتوانێت 85 هەزار تۆن گۆشتی سپی دابین بکات و ڕێژەی کورتهێنانیش لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەکرێت.[1]
#10-09-2018#