کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێم لە کۆتایی قۆناغی ئامادەکارییەکاندایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و نزیکەی شەش هەزار وێستگە و هەزار و 500 بنکە دەکرێنەوە، بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنیش 75 هەزار فەرمانبەر هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن.
وابڕیارە لە 30ی ئەیلولی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت و زیاتر لە سێ ملیۆن و 300 هەزار کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە و 30 قەوارە و هاوپەیمانی پەسەندکراون، ئەو قەوارە و هاوپەیمانێتیانەش بە زیاتر لە 673 پاڵێوراو بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، بۆ کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 111 کورسی.
بەپێی ئه و داتا و ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتوون، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (218) بنکەی لاوەکی و (1327) بنکەی دەنگدان و (5811) وێستگەی دەنگدانی ئامادەکردوە، بەجۆرێک لە پارێزگای #هەولێر# (577) بنکەی لاوەکی و بنکەی دەنگدان و (2271) وێستگە دانراون، لە پارێزگای #سلێمانی#ش (536) بنکەی لاوەکی و بنکەی دەنگدان و (1468) وێستگە، لەپارێزگای #دهۆک#یش (303) بنکەی لاوەکی و بنکەی دەنگدان و (1343) وێستگە، لە پارێزگای #هەڵەبجە#ش (136) بنکەی لاوەکی و بنکەی دەنگدان و (129) وێستگە ئامادە کراون.
هەربەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنیش بۆ هەڵبژاردنی ڕۆژی 30ی ئەیلول زیاتر لە 35 هەزار فەرمانبەر ڕاهێنانیان پێکراوە و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتووشدا 42 هەزار فەرمانبەری دیکە کە تایبەتن بە ڕۆژی هەڵبژاردن ڕاهێنانیان پێدەکرێت و ڕۆژی 15ی ئەیلولیش سەرجەم کەلوپەل و پێداویستیی هەڵبژاردنەکان دەگاتە کۆگای ئۆفیسی نیشتمانیی لە هەولێر.
بە وتەی هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێم: بەڕێژەی 98%ی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تەوابوون و لە ئێستاشدا ئامادەکارییەکان بۆ ڕۆژی دەنگدان دەستیانپێکردووە و سەرجەم ڕێوشوێنەکانی دەنگدان و جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان تەوابوون.
دەڵێت: بەشێکی زۆر لە فەرمانبەران ڕاهێنانیان پێکراوە و پێداویستییە دارایی و مرۆیی و لۆجیستییەکان ئامادەکارییان بۆ کراوە و لە قۆناغەکانی کۆتایی ئامادەکاریدان بۆ پرۆسەکە، بە چەند ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردنیش مەشق و ڕاهێنانی فەرمانبەران کۆتایی دێت.[1]
#10-09-2018#