دواڕۆژ، عیماد جەباری
کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ژینگە، هۆشداریی پیسبوونی لەرادەبەدەری ژینگەی #کەرکووک# دەدات و به زەنگێکی مەترسیداری دەزانێت بۆ سەر ژیانی دانیشتوانەکەی.
بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ (کۆمپانیای کەرکووکی گلوپاڵ ئەمریکی تایبەت بە توێژینەوە لە ژینگەی کەرکووک) کە ماوەی 5 ساڵە له و بوارەدا کاردەکات، ئامارێکی داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە ڕێژەیی سەوزایی له شارەکە (0,9)یە واتا هێشتا نەگەیشتووەتە لەسەدا یەک. ئەوەیشی به زەنگێکی مەترسیدار هەژمارکردووە، چونکە بەپێی ستانداردی جیهانی، پێویستە ڕێژەی سەوزایی لە هەر ناوچەیەکدا لانی کەم 10-15 لەسەدا بێت.
خالید کەریم، بەڕێوەبەری ژینگەی کەرکووک وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئه و زانیارییانه، بە دواڕۆژ-ی وت: بەپێی ستانداردی جیهانی ڕێژەی سەوزایی لە کەرکووک کەمە، بەرزکردنەوەی ئه و ڕێژەیەیش پەیوەستە به شارەوانی و کشتوکاڵی شارەکەوە کە ئەگەر بودجەیان بۆ بڕەخسێنن له ماوەی تەنها ساڵێکدا دەتوانن بیگەیەننە 10% چونکە پانتاییە سەوزاییەکان ئامادەن.
وتیشی: هیچ جیاوازییەک له پیسبوونی ژینگەی کەرکووکدا ڕووینەداوە و هاوشێوەی ڕابردوو هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە هەر ماون کە بریتین لە کۆمپانیای نەوتی باکور و غازی باکور و چەند کۆمپانیایەکی دیکە کە فلتەرمان لەسەریان هەیە و بەردەوام لەژێر چاودێریدان.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد کە: وەکو ژینگەی کەرکووک وێستگە و ئامێری تایبەتیان هەیە بۆ چاودێریکردنی ڕێژەی پیسبوونی ژینگه و هەر کاتێکیش بزانن کە ڕێژەی پیسبوونەکە له رێژەی ئاسایی خۆی زیاتر بەرزبێتەوە ئەوە ڕێوشوێن دەگرنەبەر.
دزەکردنی ئه و ئامارەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە، تەنانەت ڕێکخراوەکانی بواری ژینگەیشی تووشی شۆک کردووە کە ماوەی چەند ساڵێکە لەپێناو بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی کاردەکەن. یەکێک لە چالاکوانی ئه و ڕێکخراوانە دەڵێت: پێمان وابوو توانیومانە ڕێژەکەمان گەیاندبێتە 2% بەڵام لەئێستادا تووشی شۆک بووین چونکە پێشتر ڕێژەی ڕاستەقینەمان نەزانیبوو.
شکۆڤە ساڵەیی، ئەندامی ڕێکخراوی کوردستانێکی سەوز لە کەرکووک کە ساڵانێکە کاردەکات بۆ زیادکردنی ئاست و ڕێژەیی سەوزایی شارەکە، بۆ دواڕۆژ وتی: پێمانوایە گڕگرتنی دارستانەکانی شناغە له رۆژئاوای کەرکووک زیاتر لە جارێک، وایکردووە ژمارەیەکی زۆر درەخت و دار و سەوزایی لەناوبەرێت کە ئەوەیش ڕۆڵی گەورەی هەبوو بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی شارەکە.
لەبارەی زیانەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی له کەرکووک شکۆفە دەڵێت: دیارترین کاریگەرییەکانی ئه و دیاردەیە زۆربوونی خۆڵبارین، تووشبوونی خەڵک به نەخۆشیی ڕەبوو و چەند نەخۆشییەکی تری مەترسیدارە کە لەئێستادا ئاماژەکانی دەرکەوتوون زۆربەی خەڵکەکە دووچاری سکچوون بوون.
وتیشی: جگە لەنەبوونی ڕێژەی سەوزایی، هاوکات ئاوی خواردنەوەی زۆربەی ناوچەکانیش بەهۆی سوێربوون و پیسییەوە بە کەڵکی خواردنەوە نایەن و مەترسین بۆ سەر خەڵک. هەروەها جۆرەها غاز بەهۆی کۆمپانیاکانی نەوت و غازی باکورەوە له کەشوهەوادا بڵاوبوونەتەوە کە دیارترین کاریگەرییەکانی هەڵچوونی باری دەروونیی خەڵک و نائارامییە.
بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە کەرکووک، ئەندامەکەی ڕێکخراوی کوردستانێکی سەوز پێشبینی دەکات کە ئەگەر بودجە و ئاو و پێداویستییەکانیش ئامادەبن، ئەوا پێویستیان بە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئه و کێشەیە.[1]
#13-09-2018#