هاونیشتمانیانی بەڕێز،
خەڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،
سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 17ی خەرمانانی 1397ی هەتاوی، بەرانبەر (8ی سێپتامبری2018) کۆماری ئیسلامی ئێران کەمپی تێکۆشەرانی دێموکراتی لە تەنیشت شاری #کۆیە# لە باشووری کوردستان کردە ئامانجی مووشەکەکانی و لە ئاکامدا بەداخەوە دەیان کەس لە تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری وڵاتەکەمان شەهید و بریندار بوون.
هەرلە بەیانی ئەو ڕۆژەدا 3 چالاکڤانی کورد، ڕامین حسینپەناهی، زانیار و لوقمان مورادی کە ساڵانێک زیندانی کرابوون و خەڵک چاوەڕوانی ئازادکردنیان بوون، خەبەری ئیعدام کردنیان لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕاگەیەنرا. لەو ڕۆژەوە کە کورد وەک نەتەوەیەک هەستی بە مافخوراوی خۆی کردووە و بۆ ئەستاندنەوەی مافەکەی دەستی بە خەبات کردووە، ئەوە حاڵ و وەزعی بووە. مێژووی پڕ لە خۆێن و قوربانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێرانیش بەشێکی درەوشاوەیە لەو خەباتە سەراسەرییەی کورد لە دژی داگیرکاری، تەحقیر و تواندنەوە.
بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تەکمیل کردنی زۆرداری و ئیستبدادی خۆی بەسەر گەلی کوردی ئازادیخوازدا، بە تەفسیری خۆی لە ئیسلامیش کەڵکی وەرگرتووە، تا شەرعییەت ببەخشێ بە هەموو کردەوە دڕندانەکانی خۆی لە دژی نەتەوەکەمان.
خوێندن بە زمانی دایکیمان یاساغە، کولتوور و مێژوومان چەواشە دەکەن، ژینگەمان دەشیوەێنن و تەنانەت ژینگەپارێزانی وڵاتەکەمان سەربەست نین لە پاراستنی ژینگەی خۆیان، پارێزگاکانی کوردستان بەرزترین ئاستی بێکارییان هەیە، ئەوانەی لە تاوی برسێتی ژن و منداڵیان پەنا بۆ #کۆڵبەر#ی دەبەن تا بەو کارە تاقەت پرووکێنە نانێکیان بۆ دابین بکەن، دەیانکوژن، تا ڕادەیەک خەبەری کوژرانی ڕۆژانەی کۆڵبەران لە سنوورەکان بۆتە دیاردەیەکی ڕۆژانە و خەریکە وای لێ دێ بۆ خەڵک عادی دەبی و....
لە بەرانبەر ئەو هەموو مافخوراوییەدا، کە داوای کار دەکەن، دەڵێن ئەوە بیری گشتی کۆمەڵگا دەشێوێنن، کە دەڵێن با منداڵەکانمان بە زمانی کوردی بخوێنن، دەڵێن ئەوانە وڵات دابەش دەکەن، کە دەڵێن لێمانگەڕێن با نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆمان کۆمەڵگاکەمان بەڕێوەبەرن، دەڵین ئەوانە دژی شۆڕشن و، ئەو جار بەو تاوانە گەورانە دەیانخەنە زیندان، شاربەدەریان دەکەن، ئەشکەنجەیان دەکەن، بێ ئابڕوو و ئیعدامیان دەکەن، شوێنی نیشتەجێی ئەو بنەماڵانە لە وڵاتیکی دیکە دەدەنە بەر مووشەک و بۆمب کە لە دەستی ئەو زوڵم و زۆرە بێ سنوورە، نێشتمانی خۆیان بە جێهێشتووە. بەم شێوەیە دەبینین کە لە کوردستانی ئێران دەرەتانی ژیانێک بۆ کورد نەماوەتەوە، ئەوەی ئیستا بە ناوی ژیان تێپەڕی دەکا، ڕەزاڵەت و نەهامەتییە. کەوابوو دەبێ بۆ ژیانێکی ئینسانی خەبات بکەین و لە هیچ خەباتێکی ڕەوا سڵ نەکەینەوە، بێجگە لەو ڕێگایە، ڕێژیم هێچ ڕێگایەکی دیکەی بۆ نەهێشتووینەتەوە.
ئەو ڕێگایەش پڕ زەحمەت دەنوێنێ و تێچووی هەیە، بەڵام ئەگەر هەموو پێکەوە و هەرکەس لە قەدەر خۆی دەستبداتێ، ڕێگاکە کەم زەحمەتتر و تێچووی کەمتر دەبێ. ئێمە وەکوو کورد لە ڕۆژهەڵات، دەبێ بە خەباتمان ببینە هێزێکی شوێندانەری ئەوتۆ کە ڕێژیمەکانی تاران نەتوانن و نەوێرن بێباکانە ژیان و سەروەریمان لێ زەوت بکەن، بە حیسابمان نەهێنن و وردە وردە بمانتوێننەوە.
ئەوەش هەر ئەو پەیامە ئینسانییەیە کە ڕاسانی ڕۆژهەڵات هەڵیگرتووە و، ئێوەش ئەو پەیامە ڕزگاریدەرەتان بەدڵ وەرگرتووە و خەریکن بەڕێوەی دەبەن، ڕێژیمیش لە کاریگەری ئەو خەباتە زراوی چووە و، لەترسان پەل داوێ بۆ هەموو شێوە سەرکوتێکی کورد، و تەنانەت بە بەرچاوی دنیاوە مووشەکبارانی کەمپی ژن و منداڵە ئاوارەکانمان لە وڵاتێکی دیکە دەکا، بەو هیوایەی دەنگی کورد و ڕۆڵە قارەمانەکانمان کپ بکا، و بێدەنگیەکی گورستانی بەسەر وڵاتەکەماندا زاڵ بکا.
رەنگە لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ڕێژیم شاییان لە دڵدا بگەڕێ کە بە خیالی خۆیان بەو مووشەکبارانە خەباتی کوردیان بە چۆکدا هێناوە و پشتی خەباتکارانی کوردیان لەرزاندووە، بەڵام کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانێ کە دەسەڵاتدارانی پێش لەوانیش نزیک لە سەد ساڵی ڕابردوودا، بە سەدان جار کوردیان قەلاچۆ کردوە، کوردستانیان وێران کردوە، بە هەزاران لاوی تێکۆشەریان ئیعدام کردوە و لە زیندانەکانیاندا ڕزاندوویانن، داهاتی وڵاتەکەیان بە تاڵان بردوون، بەو حاڵەش نەک هەر نەیانتوانیوە بێدەنگی بەسەر کوردستاندا زاڵ بکەن، بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانە ڕۆژبەرۆژ زیاتر خەباتی کورد پەرەی گرتووە و بە دەنگێکی بەرزتر هاواری مافخوازی خۆی کردوە، بۆیە ئێستا کوردستان زیاتر لە هەموو کات بە دەنگی بەرزەوە هاوار دەکا و، تا سەرکوت بەهێزتر بێ دەنگی کوردیش بەرزتر دەبێتەوە.
رووی دیکەی ئەم پرسە ئەوەیە کە بە پێچەوانەی خۆهەڵکێشانەکانی ڕێژیم و لایەنی پرۆپاگاندەیەکەی کە هەوڵ دەدا وەک هەموو شکستەکانی، ئەوەش بە سەرکەوتن بە خەڵک و دنیا نیشان بدا، لە گەمەی مووشەکبارانی کەمپی تێکۆشەرانی ڕۆژهەلات و، ئیعدامی لاوانی کورد لە زیندانەکان و، ئەو پرۆپاگاندە بەربڵاوەی کە بۆ ئەو کردەوە جینایەتکارانەیە دەیکا، دۆڕاوی سەرەکییە، چوونکە هەمووی ئەو هەوڵانە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە کورد بەهێزە و لەم کاتەدا کە ڕێژیم لە گەمارۆی قەیرانگەلێکی زۆردا گیری خواردووە کە بۆ خۆی خولقێنەری بوون، نەک هەر هیچ ڕێگاچارەیەکی بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانانە بە دەستەوە نیە، بەڵکوو ڕۆژبەرۆژ قەیرانەکان زیاتر و ڕووخێنەرتر دەبن، هەر بۆیە خەبات و بەرهەلستکاری کورد بۆ ڕێژیم جێگای نیگەرانییە، چوونکە لە ماوەی چڵ ساڵی ڕابردوودا زۆر جاری دیکە هەر وەک ئەوجارە بە بۆمباران، زیندانی و ئیعدام کردن نەیتوانیوە بێدەنگیان بکا.
بە تایبەت نیشاندانی هێز و ورەی خەڵکی قارەمان و دڵسۆزی ڕۆژهەڵات لە بەدەنگەوەهاتنی داوای حیزبە سیاسییە خەباتکارەکان، ڕێکخراو و چالاکە مەدەنیەکانیان کە بەشێوەی مانگرتنی سەراسەری لە ڕۆژهەلاتی کوردستان حەماسەیەکی کەموێنەیان خولقاند و بە دەربڕینی بێزاری لە ڕێژیمی سێدارە، هاوسۆزییان لەگەڵ شەهیدانی 17ی خەرمانان لە شارو و شارۆچکەکانی ڕۆژهەلات دەربری.
هەروەها ئەو پشتگیری، هاوپێوەندی و هاوخەباتییەی کە کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان لە باشوور، ولاتانی ئەورووپایی، ئەمریکا و شوێنەکانی دیکە لەدەربرینی نارزایەتی و مەحکوومکردنی ئێعدامی لاوانی ڕۆژهەلات و کردەوە جینایەتکارییەکانی 17ی خەرمانان، ئەو هێز و دەنگە وەک وڵامێکی ڕوون و سەربەرزانەیە بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە کورد بێدەنگ نابێ و لە خەبات ڕاناوەستێ. لێرەدایە کە خەباتی شاخ و شار لێک گرێ دەدرێ.
ئافەرین و دەسخۆش گەلی سەربەرزی کوردستانی ئێران، دەنگتان بەرزتر و ورەتان پۆلایین بێ.
ئێمەش وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە وەک دەیان ساڵی ڕابردوو هەر ئەو دەنگە بەرزەی ئێوە دەبین کە کۆشتن، ئیعدام و بۆمبارانەکانی تاران بەهێزتریان کردووین. بێگومان سەرچاوەی ئەو هێزەش هەر ئێوەن، هەموومان پێکەوە زۆر بەهێزین، هێزێک کە پشتی دوژمن دەلەرزێنێ و بەچۆکیدا دێنێ.
ئێمە لێبڕاوین دەست لە دەستی هێزە سیاسییە تێکۆشەرەکان، لاوانی مافخواز و هەموو چین و توێژەکانی کوردستانی خۆشەویستمان، کە باوەڕیان بە ڕزگاری وڵات و نەتەوەکەیان هەیە و، لەپێناو ئەو ڕزگارییەدا هەنگاو دەنێن، قۆناخێکی نوێی لە خەبات دژی ڕێژیمی تاران بگرینە بەر و تا بە چنگهێنانی مافە زەوتکراوەکانمان نەوەستین. بێگومان سەرکەوتن بۆ ئێمەیە و ڕێژیمیش بەرەو نەمانە.
لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدانی 17ی خەرمانان و بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەمالە ئازیزەکانیان و گەلی کورد بەگشتی دەکەم.
هەروەها لەو دەرفەتە کەڵک وەردەگرم کە سوپاس و پێزانینی خۆم پێشکەش بە تێکرای حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، تێکۆشەران و ئازادیخوازانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی ولات بکەم کە بە هەموو شێوەیەک هاوخەمی و پشتیوانیان لەگەڵ کردووین و لەگەڵمان بوون.
#13-09-2018#