لە هەرێمی کوردستان خێزانەکان منداڵ دروستناکەن و بەراورد بە 2013 ئەمساڵ قەبارەی خێزان بچووکترە. دەستەی ئاماریش ڕایدەگەیێنێت، گەشەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە. وەزیری پلاندانای هەرێمی کوردستانیش دەڵێ، هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێڕەوی کۆمەڵگەی جیهانیی دەڕوات و لە جیهان بە گشتیی وەچەخستنەوە کەمبووەتەوە و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی و خوێندەواریش هۆکارە.
رێژەی گشتی بۆ هەر ماڵێک پێنج کەسە، دانیشتووانی کوردستان 5 ملیۆن و 755 هەزار و 43 کەسن، بەپێی ڕاپۆرتی ڕووپێوی دەستەی ئاماری حکومەتی کوردستان زیاتر لە سەدا 20ی گەنج لە تەمەنی 18 بۆ 34 ساڵ کاریان دەستناکەوێ، بەپێی ڕووپێوییەکە سەدا 87ی خێزانی کوردستان، داهاتی مانگانەی لە ملیۆنێک دینار کەمترە.
د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: قەبارەی خێزان لە ساڵی 2007، 6.2 بووە، بەڵام لە ساڵی 2017 بۆ 5.1 دابەزیوە.هۆکاری ئەوەش دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کەکۆمەڵگەی کوردیش لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی هەنگاودەنێت و بەگشتی لە جیهان وەچەخستنەوە کەمبووەو هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەو ڕێڕەوەیە.
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان هۆکاری کەمخستنەوەی منداڵ دەبەستێتەوە بە بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێندەواری، چونکە بەپێی ئامارەکەی وەزیری پلاندانان لەماوەی هەمان ماوەدا واتە لە 2007 ڕێژەی نەخوێندەواریی لە هەرێمی کوردستان 27% بووە، بەڵام لە 2017 بۆ 21% دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە بەروارد بەساڵانی زوو، خێزانە تازەکان منداڵی کەمتر بخەنەوە.
ئەو کوڕ و کچە گەنجانەی ساڵانێکە خێزان دروستدەکەن یەک یان دوو منداڵیان هەیە لەکاتێکدا خۆیان لە باکگراوندی خێزانێکی 10 بۆ 12 کەسییەوە هاتوون.
پێشینەکان هەمووان پابەندی نەریتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بوون، هەم فرەژنی و هەم زۆر وەچەخستنەوە دیاردەی نێو کۆمەڵگەی کوردی بوو.
لە کۆنفڕانسی وەزارەتی پلاندانان، دوایین ڕاپۆرتی ڕووپێوی دەستەی ئامار کە بەهاوکاری ڕێکخراوی iom و سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان ئەنجامدرا، خرایەڕوو. بەپێی دوایین ئاماری پێشبینیکراو، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 755هەزار و 43 کەسە.
ئەو ئامارە بەراورد بەئامارە پێشبینکراوەکانی ساڵی 2013 کە 5 ملیۆن و 300 هەزار کەس بوون، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، کە زیاتر پەیوەندی بەکەم وەچەخستنەوەی خێزانەکانەوە هەیە.
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: قەبارەی خێزان لە 2013 و 2014 لە 5.4 ەوە بووەتە 5.1، هەروەها کۆمەڵێ نیشاندەری دیموگرافی تێدایە پەیوەندی بەتەندروستی و پەروەردە و داهاتەوە هەیە.[1]
#13-09-2018#