دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
سەرەڕای سزائابوورییەکانی سەر ئێران، کاروباری بازرگانی لەمەرزی نێودەوڵەتی #باشماخ# زیادیکردووە و بەپرسێکی مەرزەکەش ڕایدەگەیەنێت، داهاتی هەشت مانگی ڕابردووی ئەمساڵ زیاترە و دەنگۆکانی داخستنی مەرزی باشماخیش ڕاست نییە.
شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: لەماوەی هەشت مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، بەبەراورد بە 12 مانگی ساڵی 2017، جموجۆڵی بازرگانی بەرێژەی 35% زیادیکردووە و بەوەش داهات زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ڕونیکردووە داهاتی گشتی ساڵی 2017 نزیکەی237 ملیار دینار بووە، بەڵام داهاتی تەنیا هەشت مانگی ڕابردووی ئەمساڵ 217 ملیار دینار بووە.
وتیشی ئەو ئابڵوقە ئابوورییەی خراوەتە سەر ئێران، تائێستا کاریگەری لەسەر جموجوڵی بازرگانی مەرزەکە نەبووە و هەموو دەنگۆیانەش باس لەداخستنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دەکەن ڕاست نییە.
بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاماژەی بەوەشکرد لەمانگی 11 کە قۆناغی دووەمی سزاکان جێبەجێدەکرێت، ئەو کاتە دەتوانین قسە لەسەر ئەوە بکەین ئایا هیچ کاریگەرییەکی دەبێت یاخود نا، تائێستاش هاوردەکردنی هیچ بابەتێک لەئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە نەکراوە.[1]
#15-09-2018#