بەهۆی پابەندنەبوون بە یاسا و ڕێنماییەکانیان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان سزای دارایی ژمارەیەک قەوارە و بەربژێری بەشدار لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی داوە. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمیسیۆنیش دەڵێت چەندین سەرپێچیی دیکەی قەوارە و بەربژێرەکانی دیکەیان بۆ هاتووە و ناردوویانە بۆ ئەنجوومەنی کۆمسیاران، بۆئەوەی لێیان بکۆڵنەوە.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان، بە (رووداو)ی ڕاگەیاند تاوەکو ئێستا سزای 7 قەوارە و 2 بەربژێریان داوە، ئەو پارەیەی لێشیانوەرگرتوون 21 ملیۆن و 500 هەزار دینار بووە.
شۆڕش حەسەن وردەکاریی پێشێلکارییەکان و سزادانەکانی ئاشکراکرد و گوتی: نەوەی نەوێ بە 10 ملیۆن دینار سزادراوە، چونکە لەکاتی بانگەشەدا زۆرترین سەرپێچیی کردووە. پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بەربژێرێکی بە چوار ملیۆن دینار سزادراون. یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سێ ملیۆن دینار، هەریەکە لە قەوارەی هاوپەیمانی بەرەو ئیسلاح، پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، پارتی چاکسازی تورکمانی، ئەنجوومەنی گەلی کلدانی، سریانی، ئاشووری بە یەک ملیۆن دینار سزادراون. هەروەها یروانت نیسان، سەرۆکی قەوارەی ئەرمەن، بە 500 هەزار دینار سزادراوە.
بەگوتەی شۆڕش حەسەن، سەرپێچییەکانی لیستەکان تەنیا ئەوەندە نین کە سزادراون، بەڵکو لەماوەی هەفتەی یەکەمی هەڵبژاردندا زۆر سەرپێچیی دیکە کراون: ڕۆژانە سەرپێچیی قەوارە و بەربژێرەکانمان بۆ دێت و بەشێکیمان ناردووە بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، تاوەکو لێکۆڵینەوەیان تێدا بکرێت و ئەوانەی سەرپێچین سزابدرێن.
$دەستیان لەژێر سەری کۆمیسیۆندایە$
لەکاتی تۆمارکردنی ناوی قەوارەکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان بڕێک پارە وەک بارمتە لە قەوارەکان وەردەگرێ، تاوەکو لەکاتی کشانەوە یان پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانیان سزایان بدەن. ئەو پارەیەش 500 ملیۆن دینارە، شۆڕش حەسەن دەڵێت لەکاتی تۆمارکردنی قەوارەکان لەلامان، کۆمیسیۆن 30 ملیۆن دینار لە هەر قەوارەیەکی گشتی کورستانی و 15 ملیۆن دینار لە قەوارەی پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی و کلدان و ئاشووری و 5 ملیۆن دیناری لە قەوارەی ئەرمەنەکان وەکو بارمتە وەرگرتووە.
24 قەوارەی سیاسی ناویان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجی پەرلەمانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیدا تۆمارکراوە، کە 10 قەوارەیان گشتیی کوردستانین و 13 قەوارەی پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی و کلدان و ئاشوورین. قەوارەی ئەرمەنیش بەجیا لە کۆمیسیۆن تۆمارکراون.
$پارەی سەرپێچییەکان بۆ کۆمیسیۆن نییە$
ئەو پارەیەی لەبەرامبەر سەرپێچیی قەوارە و بەربژێرەکان وەردەگیرێت بۆ کۆمیسیۆن نییە، شۆرش حەسەن دەڵێت کۆمیسیۆن سزای سەرپێچیی قەوارە و بەربژێرەکان لەو پارەیە دەگێڕێتەوە کە وەکو بارمتە لە قەوارەکان وەرگیراوە. دوای پرۆسەی هەڵبژاردنیش کاتێک دیاریدەکرێت بۆ لابردنی ئەو فلێکس و پۆستەرانەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن هەڵیانواسیوە. دواتر ئەگەر لە پارە بارمتەکانیان مایەوە بۆیان دەگێڕدرێتەوە، ئەگەر سەرپێچییەکانی قەوارەیەکیش زیاتر بوو لە پارەکە، دەبێت پارە زیادەکە بداتە کۆمیسیۆن بەرامبەر ئەو پێبژاردنەی وەکو سزایەک بۆی دەرچووە. گوتیشی ئەو پارەیەی کە بەهۆی سزادانی قەوارە و کاندیدەکان وەردەگرێت، دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و هیچی بۆ کۆمیسیۆن نییە.
$یەکگرتوو ڕازییە و پارتیش تانەی لێدەدات$
لەبەرامبەر سزادانیان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، قاسم گەڵاڵی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بە (رووداو)ی گوت ئێمە شتی یاسایی قبوڵ دەکەین، چونکە شایەت و بەڵگەی وێنەییان هەیە، بۆیە ئێمە قبوڵی دەکەین و هیچ تانەیەکمان لەسەری نییە. بەڵام دەزگای هەڵبژاردنی پارتی تانە لە بڕیارەکە دەدەن و پێیانوایە کۆمیسیۆن جیاوازی لەنێوان لایەنەکان دەکات. هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە (رووداو)ی گوت :پێمانوایە لەپێناو ڕازیکردنی چەند لایەنێکی دیکە سزای ئێمەیان داوە. هەموو لایەنەکان پێشێلکارییان کردووە، بەڵام کۆمیسیۆن لێی بێدەنگە، بۆیە دوای ئەوەی بەفەرمی ئاگادارکراینەوە لە سزادانەکە، بڕیارماندا تانە لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن بدەین.[1]
#18-09-2018#