دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
رێکخراوی جایکای ژاپۆن بڕی 22 ملیۆن دۆلاری دیکە دەداتە حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمیش دەڵێت: بۆ پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە #هەولێر# و #سلێمانی# و #هەڵەبجە# خەرجدەکرێت.
مەسعود کاڕەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ڕێکخراوی جایکای ژاپۆن بڕی 22 ملیۆن دۆلاری بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم تەرخانکردووە بۆ چاککردنی پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێم.
وتیشی: لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە دوو پاکێج هەندێک پڕۆژەی پێدەکرێت و بەشێک لە کەموکوڕی و پڕۆژە تەواونەکراوەکان لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە تەواودەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم کوردستان ڕونیشیکردەوە: پڕۆژەی گۆڕینی تۆڕە کۆنەکانی ئاو لەناو بازنەی شەقامی 60 مەتری هەولێر تەواو دەکرێت، هەروەها پڕۆژەی دانانی تۆڕی ئاو لە شاری هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت لەگەڵ گۆڕینی بەشێک لەتۆڕی ئاو و ڕاکێشانی بۆری سەرەکی گواستنەوە لەنێو شاری سلێمانی (هێڵی تاسڵوجە).
بەرپرسەکەی وەزارەتی شارەوانی، ئاماژەی بەوەشکرد: لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە دەکرێت لەڕێگەی کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە.
جایکای ژاپۆنی، ڕێکخراوێکی هاوکاری ژاپۆنییە و هاوکاری زیاتر لە 140 وڵات و هەرێم دەکات و لە ساڵی 2008ەوە لقی لەهەولێر کردۆتەوە و تائێستا چەندجارێک قەرزی بە حکومەتی هەرێم و عێراق داوە.[1]
#18-09-2018#