دەستەی ئاماری تورکیا ئاماری مانگی ئابی لەبارەی فرۆشتنی خانووبەرە بڵاوکردەوە و بەگوێرەی داتاکان لە سەرتاسەری تورکیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا 105 هەزار و 154 خانوو فرۆشراوە و ئەم ڕێژەیە بەبەراورد بە مانگی پێشتر 15.1% و بە بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی پار 12.5% کەمیکردووە.
لە فرۆشتنی خانووبەرە ئیستەنبووڵ بە فرۆشتنی 15 هەزار و 262 خانوو کە دەکاتە 14.5% بە پلەی یەکەم دێت، ئەنقەرە بە فرۆشتنی نۆ هەزار و 291 خانوو کە دەکاتە 8.8% پلەی دووەم و ئیزمیریش بە فرۆشتنی پێنج هەزار و 64 خانوو کە دەکاتە 4.8% بە پلەی سێیەم دێت.
ئەو پارێزگایەش کە کەمترین خانووی تێدا فرۆشراوە پارێزگای جۆلەمێرگە لە باکووری کوردستان کە تەنیا 14 خانووی تێدا فرۆشراوە و هەر لە باکووری کوردستان لە پارێزگای ئەردەخان 23 خانوو فرۆشراوە و لە شاری بایبورتی تورکیاش 59 خانوو فرۆشراوە.
لە مانگی ئابدا بە بەراورد هەمان ماوە لە ساڵی پار فرۆشتنی خانوو بە کەسانی بیانی بە ڕێژەی 129.6% زیادیکردووە و لەو مانگەدا 3 هەزار و 866 خانوو بە کەسانی بیانی فرۆشراوە.
ئیستەنبوڵ بە فرۆشتنی هەزار و 141 خانوو بەپەلەی یەکەم و ئەنتاڵیا بە فرۆشتنی 675 خانوو بە پلەی دووەم و بورسا بە فرۆشتنی 307 خانوو بە پلەی سێیەم و ئەنقەرە بە فرۆشتنی 305 خانوو بە پلەی چوارەم دێت.
لە مانگی ئابدا هاووڵاتیانی عێراقی 944 خانوویان لە تورکیا کڕیوە. لە هەمان مانگدا 394 هاووڵاتی ئێرانی و 275 هاووڵاتی سعوودی، 271 هاووڵاتی کوێتی، 192 هاووڵاتی ڕووسی لە تورکیا خانوویان کڕیوە.[1]
#19-09-2018#