بەڕێزان؛
دەستەی دامەزرێنەر
ئەنجومەنی بەڕێوەبردن لە هاوپەیمانی دیمکراسی و دادپەروەری.
سڵاوێکی گەرم…
لەسەرەتای دامەزراندنی هاوپەیمانیەوە، ڕامانگەیاند: ئەرکەکانی ئەم قۆناغە گەورە و چارەنوسسازن، بۆیە هەر ئەوکات جەختمان کردەوە، کە پێویستمان بەهاوکاری و هاوخەباتی کەسان و گروپ و هێزە سیاسیەکانە، لەپێناو بەرقەراکردنی ڕیفۆرم و گۆڕانکاری ڕاستەقینە، لەسەرخان و ژێرخانی حزب و حوکمڕانی کوردستاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، وێڕای جیاوازی پاشخانی فکر و ئەزمونی کارکردنی سیاسی، توانیمان شێوازێک لەکاری پێکەوەیی دابنێین و وێستگەیەکی کار و تێکۆشانی هاوچەرخی سیاسی بەڕێبکەین. پێکەوە کۆک بوین لەسەر ئەوەی هاوپەیمانی، ئامرازی خزمەتکردنی گەلە و ئامانجی سەرەکی هێنانەدی حوکمڕانیەکی تەندروست و خزمەتکردنی خەڵک و چارەکردنی قەیران و کێشە کەڵەکەبوەکانی پەیوەندیدار بەژیان و خزمەتگوزاری و بژێوی هاوڵاتیانە.
هاودیدانی خۆشەویست
هەروەک لە دانیشتن و گفتوگۆی نێوانمان، ڕاشکاوانە جەختمان لەسەر کردۆتەوە، ئەم قۆناغە وادەخوازێت بەها و باوەڕ و ئامانجە بەرزەکانمان، بخەینە چوارچێوەیەکی گەورەتر لە هاوپەیمانی. لەم ڕوانگەوە بە هەوڵی کۆمەڵێک تێکۆشەری دڵسۆزی هەردولا بەئاقاری ڕێکەوتن و یەکگرتن لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانیی کوردستاندا هەنگاومان ناوە.
لێرەوە دەکرێت زیاد لە بژاردەیەک هەبێت، بەشێک لەوانەیە ڕێگای جیاواز لەئاڕاستەی یەکگرتن هەڵبژێرێت، ڕەنگە هەشبێت ئارەزو بکات لەناو هاوپەیمانیدا درێژە بەکاروانی خەبات بدات، هەروەک چۆن ئێمە لای خۆمانەوە بڕیاڕمانداوە بەئاراستەی یەکگرتن لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەنگاو بۆ کاری سیاسی ئێستا و ئایندەمان بنێن. بێگومان؛ هەمو بژاردە و بڕیاڕەکان، بژاردە و بڕیاڕی سەربەستانە و سەربەرزانەن و لای ئێمەش هەر بە بژاردە بڕیاڕی ڕێزلێگیراو شەرافەنمەندانە دەمێننەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڕاشکاوی دەڵێین: ئەوەی داخوازی و ویستی ئێمەیە و لەهەمو بژاردەکانی تر خۆشحاڵترمان دەکات، بڕیاڕی دەستەجەمعی و پێکەویی و پێکەوەبونمانە، بۆ کارکردن لەناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا. بڕیاڕێک، دڵنیاین دەرگای زیاد لەدەرفەتێکی خزمەتکردن و بەرپرسیارێتی دەخاتە بەردەم هەمو لایەکمان.
لە سۆنگەی ئه و گفتوگۆ ڕاشکاوەی بە ئاراستەی یەکگرتن ئەنجاماندا و ئه و بڕیارەی پێی گەیشتین، من بەم نامەیە دەست لەکارکێشانەوەی خۆمتان لە هاوپەیمانی پێ ڕادەگەیەنم و تکام وایە پەسەندی بکەن.
لەگەڵ ڕێزو پێزانینی زۆرم.
#بەرهەم ساڵح#
#19-09-2018#