بۆ ڕای گشتی
دەزانین زمانی کێ دەبڕین!
هاورێ و هەڤاڵ و دۆست و کەس و لایەنگرو جەماوەری دڵسۆزی پارتی و ڕێبوارانی کاروانی سەربەخۆیی و سەرجەم خەڵکی بەئەمەگی کوردستان!
ئێمە وەک تیمی پارتی و فراکسیۆنی 183 کە پێکهاتووین لە کۆمەڵێک کادر و خەباتکار و پسپۆری جۆراوجۆر، ڕۆڵەی ئەم ئاو و خاکەین و کوردستان و بەها و پیرۆزیەکانی کوردستان و سەرجەم ڕەهەندەکانی ئاسایشی نەتەوەییمان لا گرنگە و دەمانەوێ لە بازنەی بیری گەلیی،نەتەوەیی و نیشتمانیدا، لەجاران بەهێزتر پێ بخەینەوە نێو پەرلەمانەوە، پەرلەمانێک کە بەرهەمی خۆێنی شەهیدانی گەلەکەمانە و باجی گەورەمان داوە لە پێناو دامەزراندنیدا و خوێنی باشترین ڕۆڵەکانی گەلەکەمان پێشکەشی بارەگای فرەیی بوونی پەرلەمان و ئازادیەکانی ناوەوە و دەرەوەی کردووە و سەدان نەهامەتی و دەربەدەریمان لە پێناویدا چەشتووە، و مکوڕ و بە ئیمانێکی بەهێزتر بە ڕێبازی کوردایەتی و کار کردنمان لەسەر چوار ڕوکنی سەرەکی خاک، شوناس، نان و ئازادی خەباتی بێوچانمان درێژە پێداوە و دەدەین و خۆمان بە چەقی ناسیۆنالیزمی کورد دەزانین وەک ڕێبوارانی تریقەتی بارزانی و لە پێناو پاراستن و زیاد کردنی دەستکەوتەکان لەهیچ قوربانیدانێک درێغی ناکەین. ئێمە خاوەنی ڕوانگایەکی هیومانیستی واتە مرۆڤتەوەرانەین و مرۆڤی کوردستان لامان چەق و ناوەندە بەهەر ئایدیاو باوەر و ئاین و ئایینزایەکەوە، کوردستانمان بۆ مرۆڤی کوردستان دەوێ، کوردستانمان بۆ ئازادی مرۆڤی کوردستان دەوێ، بۆ ڕەخنەگرانی دڵسۆزی کوردستان دەوێ، بۆ نارازیان لە کوردستان دەوێ بۆ هەموو ئەوانەمان دەوێ کە دڵیان بۆ بەرەوپێشچوونی کوردستان لێدەدات و لە پێناو بەرژەوەندی و پاراستنی ئەوانیش ئامادەین گیان بدەین و دەست و زمانی دوژمنان بقرتێنین وە لە ڕابدووشدا کردوومانە.
ئەوەی کە پێوەندە بە شەخسی خۆمەوە هەیە موستەڵەح و دەستەواژەیەکی ئاسایی ڕۆژانەیە (زمانیان دەبڕم) کە بە کە ئیستعارە وەرم گرتووە و باش دەزانم چیم گوتووەو ڕاستەو ڕاست ئاراستەی دوژمنانی کوردستان و جاسوس و بەکرێگیراوەکانیانم کردووە، هەر لەبەر ئەم بابەتە دیارە لەم ڕۆژانەدا کەس وکەسانێک پێیان وایە من گوتاری توند وئاگرینم داوە، دەمەوێ جارێکی دیکە دوپاتی بکەمەوە ئێمە زۆرمان دان بەخۆدا گرت، وڵامی زۆر کەس و لایەنمان نەدایەوە، لەبەر تەبایی و ڕەبایی نێو ماڵی کورد و تەحەمولێکی زۆرمان کرد و سوپاس بۆ خوا بەرهەمیشی هەبوو و زۆرێک لەوانەی ڕۆژانێک بە ئێمە هەڵدەشاخان و هەرچی بێڕێزی و قسەی نەشیاو بوو بە ئێمەیان دەگوت ئەمرۆ گەیشتوون بە ڕاستی و پێیان وایە ئامرازی پارتی بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەربەستی و خۆشگوزەرانی چەقی ڕێگا دروستەکەیە و ئەگەر بە زمانیش دەرینەبڕن، نەینوسن خۆ لە ویژدانی خۆیاندا و لێرەو لەوێ لە دەردەدڵە دۆستانەکانیاندا دان بەو ڕاستیەدا دەنێن کوردستان بە بێ پارتی قەڵایەکی بێ چەکە و ڕمی پارێزگاری لەکیان و شوناسی کوردستان پارتیە و لە هەموو کاتێکدا دەچێت بە ناوچاو و دڵی ڕەشی دوژمناندا.
هەنێ کەس ڕەخنەم لێ دەگرن کە بۆچی وتووتە زمانی کەس وکەسانێک دەبڕی و ئەوە گوتارێکی توندە، لە بەرامبەردا لەگەڵ ڕێز و حورمەتم بۆهەموو دڵسۆزێک کە ڕەخنەم لێ دەگرێت و دەیەوێ پوختەتر ببم لە زمانی سیاسی و دبلۆماسیدا و ڕێزم بۆ هەموو حەریفێک کە ڕکابەریمان دەکان لە حیزبێکی دیکەدا بۆ چوونە پەرلەمان، لێرەدا دووبارەی دەکەمەوە، بەڵێ زمانی هەموو ئەوانە دەبڕین و دەبڕم کە ئاگایانە و ئاراستەکراو بە ژەهری پیسی گوتاری دوژمنکارانە و بۆ تێکشکاندنی پلۆرالیزم و فرەیی کوردستان و پێکەوە ژیانی کوردستان و بێ بایەخکردنی ئازادیەکانی هێرشی ناڕەوا و ئاراستەکراو دەکەنە سەر تاک تاکی خەباتکارانی بەرەی نیشتمانی کوردستان و زۆر بەوردی لە لایەن دوژمنەوە ئابدەیت دەکرێن و ئامرازی شەری دەرونی دوژمنانن دژی خۆم، حیزبەکەم و حیزبەکانی دیکە و سەرجەم گەل و نەتەوەکەم و و هەر بۆ چەواشەکاریش لافی دڵسۆزی بۆ خەڵک لێدەدەن ئێمە ئەزموونمان هەیە و باش دەیانناسینەوە و دەزانین لە چ ئاخورێک دەلەوەڕێندرین و لە کام ژووری ئیستخباراتیەوە نێڵ دەدرێن بۆ ئارتێبەردانی ماڵی کورد بەڵێ زمانی ئەوانە دەبڕین لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە مێشکی خەڵک چەواشە دەکەن و ئامانجیان هەرگیز ڕەخنە نەبووەو تەنها ترۆریزمی فکری پەرە پێدەدەن بۆ زەمینەسازی تیرۆری فیزیکی و دواجار کەشێک دەخوڵقێنن نە ڕەخنەگری دڵسۆز دەناسرێتەوە و نە ئازادیش ڕیز و حورمەت و بەهای بۆ دەمێنێ، بەڵێ زمانی ئەوانە دەبڕین دژی کوردستان و گەلەکەمان پیلان دەگرێن، ئێمە ڕێز و حۆرمەتمان هەیە بۆ هەموو لایەنەکان و هیچ کەس زەربی سفر ناکەین و هەرکەس خاوەنی شەرەف و کەرامەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیەتی و بێڕیزی کردن پێی کارێکی نەشیاوە، بەڵام بەڵێ و سەد جار بەڵێ، زمانی ئەوانە دەبڕین بوونە بەکرێگیراوی دوژمنانی کورد و لەژێر ناوی جۆراو جۆر، پیلانی دوژمنانکارانە دژی هەموو حیزبەکان و گەلەکەمان جێ بەجێ دەکەن، زمانیان دەبرین و چاوی ئەو جاشانە دەردێنین خوێنی شەهیدانی کوردستان و سەرجەم حیزبەکان کە لەسەنگەر دژی داگیرکەر شەهیدیان داوە و خوێنیان بەخشیوە، بەڵێ دەمی ئەوانە بەیاسا قەپات دەکەین کە دژی خومان و حیزبەکەمان و گەلەکەمان بەگشتی زماندرێژی دەکەن و هەر ژێر بەژێریش لە ناو باند و شانەی نووستووی تیرۆریستاندا خۆیان مەڵاس داوە لامان ڕوونە ئەوانە ڕاستەوخۆ دوژمنی کوردستانن و ئەگەر بە کوردیش قسە دەکەن ئەوە هیچ،نین لەوە زیاتر کە جاشن و دژی هەموو حیزبەکان و گەلەکەمانن، بەڵێ دەبێ هەموو پێکەوە زمانی ئەوانە ببرین کە دژی پێشمەرگە و پارتی و سەرجەم گەلی کوردستان پیلان دەگێڕن و قوربانیدانی حیزب و گەلەکەمان لەپیناو مانەوە و بەهێز کردنی کوردستان دەکەنە ئامانج و ڕۆژانە وەک ماری بیابان ژەهر و ڤایرۆسی فکری لەژێر ناوی ئازادیدا بڵاو دەکەنەوە لەکوردستان و تیرۆری فکری بڵاو دەکەنەوە و دەبنە هۆی ئاژاوە نانەوە لەنێوان حیزبەکانی کوردستان و دایم عامیلی ئاژاوەگێڕین لە کوردستان.
بەڵێ من و هاوکارەکانم زمانی ئەوانە دەبرین هەر زمان نا دەستی ئەوانە دەبرین پەنجە بۆ دەستکەوتەکان و بەهاو و پێرۆزیەکانمان درێژ دەکەن.
#ناسک سەعید خدر# #18-09-2018#
کاندیدی لیستی 183 ژمارە 97
سڵاو بۆ خەڵکی کوردستان
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان
سلاو لە ئازادی
نا بۆ تیرۆری فکری و زمانی ژەهراوی