دانیشتوانی شارۆچکەی #کفری#، باس لە هۆکارەکانی کۆچکردنی دانیشتوانی شارۆچکەکەیان دەکەن و هۆشداری دەدەن، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، کفری چۆڵ دەبێت، سەرۆکی شارەوانیش بە پێچەوانەی هاوڵاتیانەوە دەڵێت:پەیوەندەی بە باشبوونی گوزەرانی خەڵکەوە هەیە.
بە پێی ئامارێکی فەرمی قائیمقامییەتی شارۆچکەی کفری سەر بەئیدارەی #گەرمیان# کە بۆ ڕۆژنیوز پشتڕاستکراوەتەوە، تەنها لە ساڵی 2017دا 1300 خێزان شارۆچکەکەیان جێهێشتووە و ڕوویان لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی باشوری کوردستان کردووەو کۆچکردنیش بەردەوامیی هەیە.
کەمی خزمەتگوزاری، نەبوونی هەلیکار، نەبوونی پزیشکی تایبەت و دەیان هۆکاری دیکە وایان کردووە، کە هاوڵاتییانی کفری زێدی خۆیان بەرەو شارەکانی دیکە بەجێبهێڵن، ستار حەمید، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەکەیە و دەڵێت: بەهۆی زاڵبونی خراپی دۆخی ژیانەوە خەڵک بەدوای ژیاندا دەگەڕێت، لێرەش هیچ هەلێکی کار نییە، جگە لەوەش خەڵک بۆ ئازاری گورچیلەش دەبێت ڕووبکات #کەلار#، یان #سلێمانی# و #هەولێر#.
ستار حەمید، کە بۆ ڕۆژنیوز دەدوا، وتیشی: خراپی کەرتی تەندروستی هۆکاری پلە یەکه بۆ کۆچی دانیشتوانی شارۆچکەکە، چونکە خەڵکانێک لەم پێناوەدا بەهۆی هاتووچۆکردنیان بۆ شوێنەکانی دیکە، توشی کارەساتی هاتووچۆ بووە و مردنی لێکەوتوەتەوە، جگە لە زیانە مادییەکان.
کامەران مەجید، هاوڵاتیەکی دیکەیه کفرییە و بە ڕۆژنیوزی وت: لەبەر ئەوەی کفری وەک پێویست پرۆژەی خزمەتگوزاری تێدا جێبەجێ ناکرێت و لەلایەن حکومەتەوە پشتگوێی خراوە، بۆیە خەڵکیش تا دێت زیاتر بار دەکات و دەچێتە شوێنەکانیتر، ئەگەر ئەم دۆخەش بەردەوام بێت، دوور نییە چەند ساڵێکیتر ببێتە چوڵەوانی.
سەڵاح جاسم، خاوەنی نوسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانو و زەوییە، بۆ ڕۆژنیوز باس لە سەردانی هاوڵاتیان دەکات کە دەیانەوێت شارۆچکەکە بەجێبێڵن و دەڵێت: ڕۆژانە چوار تا پێنج هاوڵاتی سەردانم دەکەن بۆ ئەوەی خانوەکانیان بۆ بفرۆشم، ڕێژەکەش لە زیادبووندایە و بەپێی ئامارێکی فەرمی قائیمقامی شارۆچکەکە، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا 1300 ماڵ کفریان جێهێشتوە.
پێچەوانەی ئەو هۆکارانەی هاوڵاتیان بۆ جێهێشتنی شارۆچکەکە باسی دەکەن، قادر فاتیح، سەرۆکی شارەوانی کفری، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ڕەنگە هۆکاری ئه و کۆچکردنە بگەڕێتەوە بۆ باشبونی دۆخی ئابوری خەڵک، چونکە خەڵک بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێت، پرۆژەی خزمەتگوزاری کراوە، بەڵام وەک پێویست نییە.[1]
#22-09-2018#