راگەیانراوێک لە ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
لەڕۆژی یەکەمی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای یەک هەڵوێستی و چوونە بەغدا بە یەک تیمی لەلایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کردوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئیستحقاقاتی میللەتەکەمان بە پێی دەستوری هەمیشەیی عێراق.
بەڵام بە پێچەوانەی یەک هەڵوێستی، ئەمرۆ 22-9-2018 لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە گوێبیستی هەواڵی چوونە بەغدای وەفدێکی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بووین کە بەسەرۆکایەتی بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان تاک لایەنە چوونەتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق لەسەر کۆمەلێک بابەتی پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق و بە تایبەت پۆستی سەرۆک کۆمار، پاش ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەربژێری خۆی دیاریکردوە بۆ ئەم پۆستە کە (دکتۆر بەرهەم صالح)ە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆک پەرلەمان و جێگرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تاک لایەنە گفتوگۆی کردبوو لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان.
هەرچەندە یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ئەم ساتەش ڕێکارە یاساییەکانی نەگرتۆتەبەر بەمەبەستی تۆمارکردنی بەربژێرەکەی بە پێی یاسایی پەیڕەو کراو وەکو چاوەڕوانیەک بۆبەدەست خستنی یەک هەڵوێستی، بەڵام ئەم کارەی برایانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەک ڕیزی ناو ماڵی کورد و یەک هەڵوێستی نایەتەوە، بۆیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سۆنگەی باوەڕی بە ئیستحقاقاتی سیاسی گەلەکەمان هەڵئەسێ بەکاری پێویست بۆ ڕاییکردنی سەرجەم کارە سیاسی و یاساییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ بەربژێرەکەی خۆی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی نوێ لە بەغدا، هەرچەندە هەوڵماندا پێکەوە بکەوینەوە گفتگۆ بۆ ئەم مەبەستە بەڵام جێگای سەرسوڕمانە کە برایانی پارتی هیچ جۆرە ئامادەییەکیان بۆ ئەو مەبەستە دەرنەبڕی، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا هەنوکەش سورە لەسەر سیاسەتی کاری پێکەوەیی و یەک هەڵوێستی لایەنە کوردستانیەکان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی باڵای میللەتەکەمان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەبەغدا، وە دیارە کە ڕووداوەکانی ڕابردووش ئەو ڕاستیەیان سەلماندوە کە هیچ کات کاری تاک لایەنە لەبەرژەوەندی باڵای میللەتکەماندا نەبوەو نابێت.
ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
#22-09-2018#