ئاراس، ئەو کوڕە جلوبەرگ ڕەش و ڕیشنەی بە دەمانچەکەی دەستی دوو جار بە توندی بەسەری کرێکارێکی نانەوادا دەکێشێ و دەستبەجێ خوێن بە سەر و دەموچاویدا دێتە خوارەوە، خێزانی هەیە و باوکی دوو منداڵە.
دیمەنی دەستدرێژی بۆ سەر ئەو کرێکارە کە ناوی هونەرە، چەند ڕۆژێکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و باسوخواسی نێو خەڵکیشدا گەرمترین بابەتی مشتومڕە، ئەوەش بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی کە هاوڕێیەکی دەستدرێژیکارەکە لەناو ئۆتۆمبێلێکەوە تەواوی ئەم دیمەنەی وێنە گرتووە و پاشان هەر ئەم گرتە ڤیدیۆیە بۆ نێو میدیا دزە دەکات.
دەستدرێژیکارەکە وەک دەگوترێ بە ئاراسی شێخە ناسراوە. ئەو هەر بەوەندە ناوەستێ کە سەری کرێکارەکە لە دوو لاوە بەمستی دەمانچەکەی دەشکێنێ، بەڵکو دەیهێنێتە بەردەمی کامێراکە و سووکایەتی بە خۆی و کەسوکاری دەکات و ناچاری دەکات جنێو بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بدات.
ئاراس دوای وازهێنانی لە کاری چەکداری لە ڕیزەکانی حەفتای سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، چوار جار بە تۆمەتی جیاجیا گیراوە. لە هێزەکانی حەفتاشدا نزیکایەتی لەگەڵ جەعفەر مستەفا هەبووە و هەندێکجاریش وەک شوفێری تایبەت کاری بۆ کردووە.
$بۆچی سووکایەتی بە کرێکارەکە دەکات؟$
هونەر لە یەکێک لە نانەواخانەکانی شاری #سلێمانی# کاری نانەوایی دەکات، ئەگەرچی خۆی ناوێرێ تەواوی چیرۆکەکە وەک خۆی بگێڕێتەوە، بەڵام لە بەدواداچوونێکی (رووداو)دا دەردەکەوێ کە ئاراس لە ساڵی 2016 برایەکی هونەر دەکوژێ و پاش دەستگیرکردنی بۆ ماوەی 18 مانگ ئازاد دەکرێ.
پاش ئازادکردنی ئاراس، هەموو هەوڵی هونەر بۆ ئەوەیە کە بکوژی براکەی دیسان دەستگیر بکرێتەوە، بەردەوامیش بە شوێنی دەکەوێ تاوەکو هەلێکی تۆڵەسەندنەوەی بۆ هەڵکەوێ و تۆڵەی برا کوژراوەکەی بکاتەوە.
$براکەی چۆن کوژرا؟$
هەرێم، تەمەن 26 ساڵان، پاسەوانی بارەگای لقی چواری پارتی بوو. شەوی 25ی تشرینی دووەمی 2016 لە یانەیەکی ناوچەی سەرچناری شاری سلێمانی، ئاراس بە دوو گوللە دەیکوژێ.
ئەوکات نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە (رووداو)ی گوتبوو کە هەرێم و هاوڕێیەکی لەنێو یانەکە داوای حیسابیان لە گارسۆنەکە کردووە، کاتێک حیسابەکەیان بۆ دەهێنن کە 75 هەزار دینار بووە، هەرێم پارەکەی بەلاوە زۆر بووە و لەگەڵ خاوەنی یانەکە قسەی کردووە و بۆی کردووە بە 50 هەزار دینار.
بە گوتەی نەقیب سەرکەوت، لەو کاتەدا کەسێک هاتووەتە نێوان هەرێم و خاوەن یانەکە و بە هەرێمی گوتووە کە دەبێ هەموو پارەکە بدات. لەو کاتەدا قسەکان گۆڕان بۆ دەمەقاڵە و کەسەکە تەقەی کردووە و دوو گوللە بەر هەرێم کەوتووە و پاشان لە نەخۆشخانە مردووە. ئەو کەسەی تەقەکەی کردووە ئاراس بووە، ئەوکاتیش بەپێی مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراق فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو، بەڵام پاش 18 مانگ ئازاد کرا.
دوای ئازادکردنی ئاراس، یەکێک لە براکانی هونەر لە ترسی ئاراس و هەڕەشە بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستانی جێهێشت. وەکو یەکێک لە براکانیشی باس دەکات، ئەو برایەیان سەری خۆی هەڵگرتووە و لە دۆخێکی دەروونیی زۆر ئاڵۆزدا دەژی و شەو لەسەر شەقامەکان ڕۆژ دەکاتەوە.
دیمەنەکانی لێدانی هونەر لەبەردەم نانەواخانەکەی لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئاراس بە تەلەفۆن ئاگاداری دەکاتەوە کە دەست لە کەیسی براکەی هەڵگرێ، هونەریش ڕازی نابێ.
$ئاراس لەسەر کەیسی هونەر دەستگیر نەکراوە$
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی (رووداو)، ئاراس تەنیا لە دادگای سلێمانی 23 داوای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە. ئەو داوایەش کە ئەوی لەسەر دەستگیرکراوە فرۆشتنی ئوتۆمبێلی دزیاری بووە نەک لێدان و سووکایەتی بە هونەری نانەوا.
ئاراس لە ڕۆژی 13ی ئەیلول لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیر کرا، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ ئاراس بە برینداری دەستگیر کراوە، بەڵام ئەو قسەیە دوورە لە ڕاستی و ئاراس بریندار نەبووە. بەدواداچوونی (رووداو) ئەوەی ئاشکرا کرد کە ناوی ئاراس لە ڕۆژانی 13 و 14ی ئەیلول لە هیچ نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی شاری سلێمانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی تۆمار نەکراوە، بەڵکو ئەوانەی بریندار بوون، ئەفسەرێک و دوو پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان بوون کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا، بەر گوللەی ئاراس کەوتوون.[1]
#24-09-2018#
⚠️ تێبینی: کوردیپێدیا لە دروستیی ئەم بەڵگەنامەیە دڵنیا نییە، هۆکاری بڵاوکردنەوەی بۆ ئەوەیە کە لە پاشەڕۆژدا ڕاستی و دروستیی ئەم بەڵگەنامەیە بسەلمێدرێت.