پێشەکی
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، هەر لەیەکەم هەڵبژاردنەوە لە ساڵی 1992 تا دەگاتە دواهەڵبژاردن لە ساڵی 2013، بە ڕووداوی گرنگ دەژمێردرێن و جێگای بایەخی حیزبە سیاسیەکان و هاووڵاتیانی هەرێم و حکومەتەکانی عێراق و دەوڵەتانی ئیقلیمی و زلهێزە جیهانیەکانیش بوون. ئەمەش لەڕاستیدا بۆ گەلێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی، مێژوویی و ئێستایی، جیۆسیاسی و ئابووری و....هتد، دەگەڕێتەوە. نەخشەی پێکهاتەی پەرلەمانی کوردستان دەبێتە جێی بایەخی هەموو ئەو هێزو لایەنانەی سەرەوە، بۆیە دەیانەوێت هەرزوو خوێندنەوە و پێشبینیی بۆ بکەن، کاری تێبکەن، خۆیان بۆ ئەنجام و دەرهاوێشتە خوازراو و نەخوازراوەکانیشی ئامادە بکەن.
پەرلەمانی کوردستان، سەرەتا بە دوو مەبەست دامەزرا کە هەردووکیان تا ئێستاش بەبایەخ و گرێدراوی یەکدین: یەکەمیان جاڕدانی دامەزراندن و دروستبوونی قەوارەیەکی نەتەوەیی بوو. ئەویش دوای خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بەدرێژایی سەدەی بیستەم، بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی. بەواتایەک، پەرلەمان بەرجەستەکەری دەستکەوتەکانی ئەو خەباتە نەتەوەییەیە. دووەمیش، پەرلەمانی کوردستان سەکۆی نوێنەرایەتی هاووڵاتییە لە پرۆسەی سیاسیدا. ئەمەش مانای هەوڵدانی کورد بۆ بەرقەرارکردنی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ، لەسەر بنەمای مافەکانی هاووڵاتی و دیموکراسی دەدات. کەواتە، پەرلەمانی کوردستان لەلایەک چارەنووسی گەلی کوردستان لەڕووی مافە بەکۆمەڵە نەتەوەییەکانەوە دیاری دەکات و لەلایەکی دیکەش نوێنەر و دابینکەری مافی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستانە.
بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستیی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان یەکەم قەوارەی کوردییە لەدوای دامەزراندن و لەنێوچوونی هەریەک لە مەملەکەتی شێخ مەحمودی حەفید لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و کۆماری #مەهاباد# لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، تەعبیر لە بوون و خواست و قەوارەی نەتەوەی کورد بکات. هەروەها یەکەم قەوارەی دیموکراسیش بوو لەدوای نەمانی جەنگی سارد و ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا، بۆیە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، چارەنووس و پرۆسەی سیاسی ئەم هەرێمە، لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی (هەرێم و عێراق) و دەرەکی (ئیقلیمی و جیهانی)، بایەخ و گرنگیی خۆی هەیە.
هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە وامان لێدەکەن بە بەها و گرنگییەوە سەیری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکەین، هەروەها لە پێکهاتە و کوتلەکانیەوە خوێندنەوە بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی هەرێمیش بکەین. چونکە ئەوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانە (بەتایبەتی لە سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانیدا) پێمان دەڵێن لانیکەم بۆ چەند ساڵێکی داهاتوو، کێ ڕێساکانی گەمەی سیاسی دادەنێت و ڕێساکانیش چۆن دەبن؟ چونکە کوتلە و حیزبەکانی ناو پەرلەمان، بەتایبەتی لە سیستەمی دیموکراسیی پایەدار و جێگیردا، لەسەر بنەمای پرۆژە و بەرنامەی کاری سیاسی لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەڵدەبژێردرێن. کەواتە هەمیشە دەکرێت بۆ هەر هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی، بیر لە نەخشەی سیاسی نوێی وڵات بکەینەوە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵ دەدات بە لەبەرچاوگرتن و خوێندنەوەی داتاکانی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق کە زۆر نزیک لەیەکدی کراون، خوێندنەوەیەک بۆ ڕەفتاری دەنگدەری هەرێمی کوردستان بکات. داخوا لەو کاتانەی کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق لەماوەیەکی نزیکی یەکتردا دەکرێن، دەنگدەری هەرێمی کوردستان هەمان ڕەفتاری دەنگدانی دەبێت؟ واتا بەهەمان شێواز بڕیار دەدات و دەنگ بەهەمان لیست دەدات یان نا؟ لەوەشەوە، شیکردنەوەی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە لە ئایاری 2018 بەڕێوەچوون. بەشکەم یارمەتیدەربێت بۆ پێشبینیکردنی نەخشەی سیاسی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە مانگی ئەیلولی 2018 دا بکرێت.
$1- پێشینەی تیۆری$
چوارچێوەی تیۆری لێکۆڵینەوەکەمان خۆی لە دوو لایەنی بەیەکەوە گرێدراودا دەبینێتەوە. ئەوانیش یەکەمیان هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانە کە بە کۆڵەکەی سیستەمی دیموکراسی دەژمێردرێ، دووەمیشیان ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیانە لە هەڵبژاردنەکاندا کە بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداری سیاسیی هاووڵاتی لە سیستەمی دیموکراسیدا. بۆیە لێرەدا بەکورتی ئاماژەیەک بەهەردوو لایەنی هەڵبژاردنەکان و ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیان دەدەین.
$1-1 هەڵبژاردن و بیری دیموکراسی$
یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییە مەزنەکانی مێژووی هزری سیاسی مرۆڤایەتی بریتیە لەو گۆڕانکارییە سیاسی و هزرییانەی کە لە سەدەکانی شانزدە و حەڤدە بەرەودوا، لە ئەوروپای ڕۆژئاوا بەگشتی و بەریتانیا و فەرەنسا بەتایبەتی ڕوویاندا، کە لەڕووی تیۆرییەوە بە (تیۆرەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی) داڕێژران. بەپێی تیۆرەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ئەنجامی ئەکتێکی مرۆڤانە بونیاتنراوە. واتا کۆمەڵگا شتێکی سرووشتکرد نییە، بەڵکو مرۆڤ بە هۆشیارییەوە دروستی کردووە، ئەویش بەڕێگەی گرێبەستێک لەنێوان سەرجەم تاکەکانیدا. بەڵام مەبەستی لەو گرێبەستە هەبووە، چونکە بەپێی ئەو گرێبەستە مرۆڤ دەستی لە هەموو ئازادییەکانی (وەک هۆبز پێیوایە)، یان بەشێک لە ئازادییەکانی (وەک لۆک پێیوایە)، بۆ دەسەڵاتێکی گشتی هەڵگرتووە. لەبەرامبەرئەوەی کە دەسەڵات بەشێوەیەک کۆمەڵگا بەڕێوەبەرێت، لەلایەک بەردەوامبوونی مسۆگەر بکات و لەلایەکی دیکەش لە بەرژەوەندی تاکدا بێت. ئەمەش دەخوازێت کە دەسەڵاتی سیاسی لەلای تاکەوە پێکبهێنرێت و لەسەر بنەمای ئەوەش پێکبهێنرێت کە بۆ تاک چی پێ دەکرێت؟ یان بەواتایەکی تر، تاک چ دەسەڵاتێکی بۆ چ مەبەستێک دەوێت؟
لێرەوە تاک دەبێتە تەوەری کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسی. لەلایەک کۆمەڵگا دروستدەکات و لەلایەکی دیکەش بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەشێوازێکی دیاریکراو، دەسەڵاتی سیاسی پێکدەهێنێت. بەواتایەک، دەبێت پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی ڕەنگدانەوەی ویستی هاووڵاتی بێت. ئەم ڕەنگدانەوەیەش بە یەکێک لەم دوو شێوازانە دەبێت، یان دەبێت هاووڵاتی خۆی ببێتە دەسەڵات و حاکم، وەک لە دەوڵەتشارە دیموکراسیەکانی یۆناندا پەیڕەوی لێکراوە، یان دەبێت هاووڵاتی کەسانێک وەک بریکاری خۆی بۆ دەسەڵات هەڵبژێرێت تا لەبری ئەو و بۆ بەرژەوەندی ئەو حوکم بکات. لێرەوەیە هەڵبژاردنە گشتییەکان دەبنە ئامڕازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو شێوازە حوکمڕانییە کە لەکاتی پەیدابوونی دەوڵەتە دیموکراسییەکانی وەک بەریتانیا و فەرەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پەیڕەوی لێدەکرێت.
لە مێژووی دیموکراسی نوێدا، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ئەو ساتە وەختەن کە جارێکی دیکە هاووڵاتی دێتەوە نێو کایەی سیاسی تا لەڕێگەی پێکهێنانەوەی پەرلەمان پرۆسەی سیاسی بەو شێوازە نۆژەن بکاتەوە کە خۆی دەیەوێت. ئەمەش لەلایەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی تەقلیدی، لە بەریتانیا یەکەمجار پەرلەمان لەبەرامبەر پادشادا وەک دەزگایەکی هەڵبژێردراوی هاووڵاتی بووەتە سیمبوڵی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییە گەورەکانی هزری سیاسی، لەلایەکی دیکەش پەرلەمان بە لەبەرچاوگرتنی زۆریی ژمارەی کورسییەکانی، هەمیشە بوارێکی باش دەڕەخسێنێ تا سەرجەم بۆچوون و خواستی زۆربەی هەرەزۆری دەنگدەران بنوێنێت. لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستیەی کە پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانە، یاساش چوارچێوەی سەرەکی پەیڕەوکردنی دەسەڵاتەکانی (جێبەجێکردن و دادوەری) دیاری دەکات.
$2-1 ڕەفتاری دەنگدان$
بەشێوەیەکی گشتی ڕەفتاری دەنگدان بەشێکە لە چوارچێوەیەکی فراوانتر کە پێیدەگوترێ ڕەفتاری سیاسی تاک و مەبەست لێی سەرجەم چالاکییە پراکتیکییەکانی لایەنە کۆمەڵایەتییەکانە کە پەیوەستن بە بەشداریی سیاسیەوە و لەهەمانکاتدا کاریگەرییان لەسەر شێوازی حوکمی کۆمەڵ هەیە. لێرەدا ڕەفتاری دەنگدانیش نزیکیی لەگەڵ چەمکی ڕەفتاری سیاسی هەیە.
رەفتاری دەنگدان: بریتیە لە بڕیار و هەڵوێست و ڕێگاکانی بەشداری، کە هاووڵاتی لە بەرامبەر پارتە سیاسیەکان و پاڵێوراوان و بابەتە سیاسیەکاندا لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا دەیانگرێتەبەر. هەروەها بەوەش پێناسە دەکرێت کە بریتیە لە پرۆسەی دەنگدان و ئاراستە جیاجیاکانی. هۆکارێکە بۆ بڕیاردانی ڕێکەوتنی گشتی و پاراستنی لە کۆمەڵگا دیموکراسیەکاندا.جگە لەوە، بەوەش پێناسە کراوە کە بریتییە لە یەکەیەکی ڕەفتاریی یەک لەدوای یەکی ئاڕاستەکراو بەرەو ئامانجێک، کە بەدەنگدان بە حیزبێکی سیاسی یان پاڵێوراوێک کۆتایی دێت. کەواتە دەتوانین بڵێین ڕەفتاری دەنگدان بریتییە لەهەموو شێوازەکانی ڕەفتارکردن یان ئەو کردار و پەرچەکردارانەی کە هاووڵاتی لە بەرەنجامی کاریگەربوون یان کاریگەرنەبوونیان بەکۆمەڵێک فاکتەر و گۆڕاوی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەیی و سیاسی و ڕێکخراوەیی و تەنانەت شارستانیش، لە سەروبەندی هەڵبژاردنێکی دیاریکراودا دەیاننوێنن (فیلیپ برو، 1988،ل 321).
لەبەر گرنگیی ڕەفتاری دەنگدان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لەوێشەوە لەسەر پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، هەوڵدراوە بەشێوازێکی زانستیانە لێکدانەوە و شرۆڤەی بۆ بکرێت. لەم نێوەشدا گەلێک ئاراستە هەوڵیانداوە هۆکار و فاکتەرە سەرەکی و کاریگەرەکانی ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیان دیاری بکەن. ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ لێکدانەوە و دواتریش کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتی. گرنگترین ئاراستەکانیش بریتین لەمانەی خوارەوە (بڕوانە: http://thesis.univ-biskra.dz):
أ- ئاراستە سۆسیۆلۆژییەکان: کە جەخت لەسەر بونیادی تاکی و بونیادی کۆمەڵایەتی دەکەن. بۆیە دەنگدان لەهەڵبژاردنەکاندا لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکەی دادەنێن.
ب- ئاراستە ئیکۆلۆژییەکان: ئەمانەش شێوازەکانی دەنگدان بە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ناوچەیەکی جوگرافیەوە دەبەستنەوە.
ج- ئاراستەکانی پەیوەندیدار بە دەروونزانی کۆمەڵایەتی: دەنگدان بە مەیلەکان یان ئاراستە دەروونییەکانی دەنگدەرەوە دەبەستنەوە.
د- ئاراستەکانی هەڵبژاردنی سوودمەندانە: دەیانەوێت ڕەفتاری دەنگدان لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامی کۆمەڵێک حیساباتی قازانج و زەرەر، کە تاک لەبەر ڕۆشنایی سوودمەندبوونی دەیکات، لێکبدەنەوە.
2- پەرەسەندنی نەخشەی سیاسی پەرلەمانی کوردستان
هەرچەندە ڕەگوڕیشەی نەخشەی سیاسی پێشووی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زۆرلە پێش دامەزرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 و گەلێک فاکتەری مێژوویی و ناوخۆیی و دەرەکی و...هتد، نەخشاندوویەتی و دەینەخشێنێت و ناکرێت بۆ دیاریکردنی تەنیا پشت بە هەڵبژاردنەکان ببەستین، بەڵام دامەزراندنی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی تا ڕادەیەک سەربەخۆ لە ساڵی 1992و ئەنجامدانی چوار خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکرێت پێمان بڵێن کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەڵبژاردنەکان و دەنگی هاووڵاتیان ڕۆڵێکی زیاترلە کێشانی نەخشەی سیاسی هەرێمدا دەبینن، هەرچەند هێشتا هەتا ئاستی دیموکراسییە سەقامگیر و دێرینەکانی جیهان نەگەیشتووە. بەواتای ئەوەی، دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بەتێکڕای نزیکەی هەر4 ساڵ جارێک، بۆمان دەردەخات کە ڕاهاتنێک لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستاندا هەیە. ڕاهاتنێک کە دەکرێت بۆ ڕاهێنان لەسەر دیموکراسی و چەسپاندنی بەشێوەیەکی بەرچاوتر هەنگاوێکی کاریگەر و ئەکتیڤ بێ.
یەکەمین ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی دیموکراسی بەپێی یاسای ژمارە (1)ی بەرەی کوردستانی لە 19\5\1992 بەسەرپەرشتی و چاودێری نوێنەرانی چەندین ڕێکخراوی بیانی لەبواری مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتانی ئەورووپا و ڕۆژنامەنووسانی بیانی کرا، کە (967.229) دەنگدەر بەشدارییان تێدا کرد. بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کە لەلایەن دەستەی باڵای سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان ڕاگەیەندرا، تەنیا (لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان)و لیستی هاوبەشی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشان) هاتنە نێو پەرلەمان، لە کۆی 105 کورسی پەرلەمان هەریەکیان 50%ی کورسیەکانیان بەرکەوت. بەپێی بریارێکی سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانیش کە لە 8\4\1992 دەرچوو، (5) کورسی بۆ مەسیحییەکانی کوردستان تەرخانکرا. کەواتە نەخشەی سیاسی پەرلەمانی کوردستان لە خولی یەکەمدا بریتی بوو لە دوو کوتلەی سەرەکی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان).
لە ڕۆژی 30 کانوونی دووەمی ساڵی 2005 خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا کە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانهاوکات بوو. ئەمەش یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی بوو کە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە کوردستان و عێراق بکرێت.
لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005دا دانیشتوانی کوردستان جیا لە دانیشتوانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەیەککاتدا دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سێ ئەنجوومەنی جیاواز دا. ئەوانیش، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان- عێراق لە سنووری پارێزگاکانی (#سلێمانی# و #هەولێر# و دهۆک) و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوون.
لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستاندا 13 لیستی جیاواز بەشداریان لە ململانێکاندا کرد. تێیدا 1.753.919 کەس لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد. لەم هەڵبژاردنەدا، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 105 ئەندامەوە بۆ 111 ئەندام زیادکرا. لەئەنجامدا تەنیا سێ لیست لە کۆی 13 لیست کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو، توانییان بگەنە پەرلەمان. ئەوانیش لیستی (نیشتمانی دیموکراتی کوردستان) کە (104) کورسی و لیستی (کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان- عێراق) کە (6) کورسی و لیستی (حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و سەربەخۆکان) کە (1) کورسییان هێنا.
لەم خولەدا لەبەرئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە سێ هێزی کاریگەری سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بوون، بە یەک لیست دابەزین، بۆیە ناتوانین بڵێین نەخشەی سیاسی پەرلەمان فرەیی بووە، بەڵکو لەژێر کاریگەریی قۆناغەکەدا کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بوو، زیاتر بیر لەوە دەکرایەوە چۆن کورد بتوانێت بەیەک دەنگ و لیست و قەوارەیەکی بەهێزەوە بچێتە بەغدا.
کەواتە دەتوانین بڵێین نەخشەی سیاسی پەرلەمانی کوردستان لە خولی یەکەم و دووەمدا پتر پێکهاتەیەکی دوانەیی بووە.
دواتر ڕۆژی 25/7/2009 خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەئامادەبوونی چەندین چاودێری نێودەوڵەتی و بیانی وعەرەبی و ناوخۆیی بەڕێوەچوو. لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستاندا، 24 لیست بۆ کێبرکێ لەسەر 111 کورسی بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، 11 لیست توانییان بگەنە پەرلەمان. گرنگترین ئەو لیستانەش کە ڕێژەی بەرچاوی کورسییەکانی پەرلەمانیان وەدەستهێنابوو، بریتی بوون لە لیستی (کوردستانی)ی (پارتی و یەکێتی) بە 59 کورسی، لیستی (#بزووتنەوەی گۆڕان#) بە 25 کورسی، لیستی (خزمەتگوزاری و چاکسازی)ی (یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیستی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان) بە 13 کورسی، لەگەڵ کۆمەڵێک لیستی خاوەن دوو یان یەک کورسی. لە خولی سێیەمی پەرلەماندا نەخشەی سیاسی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاری بەسەرداهات، بەشێوەیەک کە بۆیەکەمجار لەناو پەرلەماندا، لانیکەم چوار هێزی سەرەکی هەبوون، نەک دووهێز وەک لە خولی یەکەم و دووەمدا تێبینی دەکرێت.
رۆژی 21/9/2013 پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بەسیستمی نیمچەکراوە بەڕێوەچوو.
(31) لیست بەشداریی پرۆسەکەیان کرد و دەکرێت بڵێین کە پرۆسەی هەڵبژاردن لەسایەی ڕکابەرییەکی بەهێزی نێوان هێزە سیاسیەکانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا بەڕێوەچوو. ئەنجامەکانیشی تا ڕاددەیەک بێ کێشە و تانە لێدان لەلایەن سەرجەم هێزە سیاسیەکانەوە قبوڵ کران. (17) لیست تێیدا سەرکەوتن کە گەورەترینیان بریتبوون لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە 38 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان بە 24 کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە 18 کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە 10 کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی بە 6 کورسی.
نەخشەی سیاسی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان پتر لە هەموو خولەکانی دیکە جۆراوجۆرە. سێ لیستی گەورە (پارتی 38 کورسی و گۆڕان 24 کورسی و یەکێتی 18 کورسی) کە سەرجەمیان (80 کورسی)یان هەیە و ڕێژەی 72%ی سەرجەم کورسیەکانی پەرلەمانیان بردبوو. دەتوانین بڵێین، وەک ڕووداوە سیاسییەکانی چوار ساڵی ڕابردووش سەلماندوویانە، پرۆسەی سیاسی لەنێوان ئەم سێ هێزەدا بەڕێوەبراوە. بەواتایەک، نەخشەکێشی سەرەکی ڕووداوەکان، لانیکەم لەناوخۆدا، ئەم سێ هێزە بوون. دوو لیستی مامناوەندی (یەکگرتوو 10 کورسی و کۆمەڵ 6 کورسی) سەرجەمیان (16 کورسی) پەرلەمانیان هەیە کە دەکاتە ڕێژەی 14%ی کورسیەکانی پەرلەمان، زیاتر بە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێک یان زیاتری کوتلە گەورەکانی سەرەوە دەتوانن سیاسەتێک پەیڕەو بکەن. (15) کورسییەکەی دیکە لە نێوان (11) لیستی بچوکدا دابەش بوون کە (7) لیستیان لە چوارچێوەی کۆتای پێکهاتەکانی گەلی کوردستاندان. بۆیە دەتوانین بڵێین کە لە نەخشەی سیاسی پەرلەمانی کوردستان و لەوەشەوە هەرێمی کوردستان لە خولی چوارەمی پەرلەماندا، هێز و پێگەی سیاسی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا بەشێوەیەکی تاڕادەیەک فراوان دابەش بووە. لێرەوە دەتوانین تێبینی بکەین کە نەخشەی سیاسی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی چوار خولدا، لە نەخشەیەکی سادەی دوو لیستی سەرەکییەوە، لە خولەکانی یەکەم و دووەمەوە بۆ نەخشەیەکی سێ لیستی مەزن و لیستێکی مامناوەندی لە خولی سێیەم، پاشانیش نەخشەیەکی سێ لیستی گەورە و دوو لیستی مامناوەندی لە خولی چوارەمیدا گۆڕاوە. ئەم بارەش بووە هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیریی پرۆسەی سیاسی لەم خولەی پەرلەماندا، هەربۆیە پەرلەمان سەرەڕای کۆمەڵێک فاکتەری دیکە، بووە جێگەی کێشمەکێشی سەرەکی نێوان هێزە سیاسییەکان. هەر ئەوەش بوو وایکرد ئەم خولەی پەرلەمان بە بەراورد بە خولەکانی دیکەی پەرلەمان کەمترین ڕێژەی یاسا و بڕیار (تەنیا 8 یاسا لە ساڵی 2014 و 9 یاسا لە ساڵی 2015) دەربکات. جگە لەوە، سەرەڕای پێداویستی بەردەوامی کۆمەڵگا بە کارایی دەسەڵاتی یاسادانان لە سیستەمی دیموکراسیدا بەگشتی و لە سیستەمی پەرلەمانیدا بەتایبەتی، کار گەیشتە ئەو ئاستەی پەرلەمان دابخرێت.
$3- ئەرکە هەنووکەییەکانی بەردەم خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان$
دامەزرانی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992، مانای دامەزرانی هەرێمی کوردستان دەدات. پەرلەمان بەردی یەکەمی بناغەی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کایە سیاسیەکانیەتی، لەوێوە پرۆسەکە بەچوارچێوەیەکی شەرعی و یاسایی و دامەزراوەیی دەستی پێکرد و پشتیوانی نێودەوڵەتیشی لەسەر هەموو ئاستەکانی هەرێمی و جیهانی، دەوڵەتی و ڕێکخراوەکان وەدەستهێنا. کەواتە پەرلەمانی کوردستان هەمیشە لە دامەزراوەیەکی یاسادانەر زیاتربووە. بەڵکو وەک مەرجەعی هەرێمیش چاوی لێکراوە. بۆیە دەبێت هەمیشە لە دووڕیان و بڕیارە چارەنووسسازەکاندا بڕیار بدات.
ئەوە پەرلەمانی کوردستانە کە دەبێت هاوسەنگی پەیوەندی نێوان دامەزراوەکانی هەرێم و هاووڵاتیان ڕابگرێت، هەروەها دەبێت پەیوەندی نێوان حزبەکان، هەرێم و عێراق، هەرێم و دراوسێکانی، هەرێم و جیهانیش بەڕێوەبەرێت. دەبێت خاکی هەرێم بپارێزێت و داکۆکی لە ئیستحقاقە مێژوویی و نەتەوەییەکانی بکات. دەبێت چوارچێوە یاساییەکانی بۆ دابڕێژێت و بڕیاربدات و بەدواداچوونیشیان بۆ بکات.
لەم سۆنگەوەیە، ئەگەر دامەزراوەی پەرلەمان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسی لەهەر قەوارەیەکی دیموکراسیدا گرنگ بێت، ئەوا بەڕەچاو کردنی دۆخی نەتەوەیی کورد و بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەماوەی پتر لە دوو دەیەدا، گرنگی پەرلەمانی کوردستان تەنانەت بۆ مان و نەمانی قەوارەی هەرێم و وجودی نەتەوەیی کورد سەردەکێشێت. لێرەوەیە کە پەرلەمانی کوردستان لە داهاتوودا بڕیاری چارەنووسساز لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان بدات، کە دەکرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕبکرێنەوە:
1- سنووری هەرێمی کوردستان: بەواتای ئەو ناوچانەی کە لە ماددەی 140ی دەستوری عێراقی ساڵی 2005 دا بە (ناوچە کێشەلەسەرەکان) ناسێندراون. لەڕاستیدا ئەو ناوچانە تەنیا سنووری نێوان چەند پارێزگایەک نین، بەڵکو بابەتەکە لە ڕەهەندی جوگرافی گەورەترە و پەیوەستە بە جوگرافیای ناسنامەی نەتەوەییەوە، بۆیە بابەتەکە تەنیا جێبەجێکردنی ماددەیەکی دەستوری نییە، بەڵکو پەیوەستە بەماف و ئیستحقاقی نەتەوەیەکەوە، نەتەوەیەک کە تاکە قەوارەیەکی دەستووری نوێنەرایەتی دەکات، ئەویش پەرلەمانی کوردستانە. لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری کەرکووکیشەوە ئەو پرسە بۆ هەموو کوردێک بووەتە خاڵ و بابەتێکی گرنگی مرۆیی و نەتەوەیی، بۆیە دەبێت پەرلەمانی کوردستان بۆ هەر بڕیار و پێشهاتێکی لەوبارەیەوە بە چووستی و کارایی ئامادەبێت.
2- دەستکەوتە دەستوورییەکان: ئەمڕۆ پتر لەهەر کاتێکی دیکەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس (ساڵی 2003) دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەدان، تا ئەوەی هەوڵێک بۆ پەرتکردن و دووبارە بەپارێزگاکردنەوەی هەرێمی کوردستان هەبوو. لێرەدا پەرلەمانی کوردستان دوو ئەرکی دەکەوێتە ئەستۆ، کە خۆیان دەبیننەوە لە: یەکەم، ئەرکی نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی وەک قەوارەیەکی سیاسی یەکپارچە. دووەم، تەیارکردنی ڕای گشتی ناوخۆیی و جیهانی لەبارەی پاراستنی دەستکەوتە دەستورییەکانی هەرێم و بڕیاردان لەسەر هەر دانوستاندنێک کە لەنێوان هەرێم و بەغدا بکرێت. ئەمەش وادەخوازێت کە پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە چارەنووسسازە یەکدەنگ بێت.
3- بارودۆخی ناوخۆ: ئێستا هەرێم بەبارێکی گوزەرانی خراپدا تێدەپەڕێت. بارێکی سیاسی ناکۆک و ناجۆری هەیە و پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و دامەزراوە حکومییەکانیش لە بێمتمانەییدایە. پەیوەندی نێوان حیزبەکانیش خراپە و کێشەی گەندەڵی پێویستی بەچارەسەرێکی خێرا هەیە. هەموو ئەوانە دەخوازن کە هەرێمی کوردستان پەرلەمانێکی هەبێت کە ڕەنگدانەوەی سەرجەم شەبەنگ و ڕەنگە جیاجیاکانی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بێت تا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی هەرێم بسەلمێنرێت و حکومەتێکی چالاک و بەهێز و کارا دابمەزرێت کە لەلایەن پەرلەمانەوە پشتیوانی لێبکرێت. جگە لەوە، لەئاستی تەحەددیەکان بێت و داخوازییەکانی هاووڵاتی بێنێتەدی، باری گوزەران و ژیانی هاووڵاتیان باش بکات و هەستکردن بە دادپەرەوەری زیندووبکاتەوە. بەواتایەک، پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی کارا بە پرۆسەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوخۆدا هەیە.
هەموو ئەم خاڵانەی سەرەوە بۆمان ڕووندەکەنەوە کە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان خولێکی چارەنووسساز دەبێت. لەم سۆنگەیەشەوە پێشبینیکردنی پێکهاتە و دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان گرنگی خۆی هەیە. ئەمەش دەکرێت لەبەر ڕۆشنایی خوێندنەوەی ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیانی کوردستاندا بکرێت، کە ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیەیە.
$4- ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیان$
بەمەبەستی پێشبینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە ڕۆژی 30 ئەیلولی 2018 دا بکرێ، لەڕێگەی خوێندنەوەی ڕەفتاری دەنگدەران، چوارچێوە و داتا و ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوە لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەخەینەڕوو:
$میتۆد و چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکە$
میتۆدی لێکۆڵینەوە: بۆ خوێندنەوەی ڕەفتاری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان میتۆدی سەرەکی لێکۆڵینەوەکەمان میتۆدی مێژوویی، شیکاری، بەراوردکاریە. میتۆدی مێژوویی، بەوەی پشت دەبەستین بەخوێندنەوەی ڕەفتاری دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە هەرێمی کوردستاندا. میتۆدی شیکاری بەوەی سەرجەم داتاکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوو شیدەکەینەوە بەمەبەستی گەیشتن بەدیاریکردنی ڕەفتاری دەنگدان لەهەرێمدا. میتۆدی بەراوردکاری بەوەی بەراورد دەکەین لەنێوان ڕەفتاری دەنگدانی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا.
چوارچێوەی لێکۆڵینەوە: لەبەر ئەوەی ئێمە لەنێوان ڕەفتاری دەنگدان لە هەرێمی کوردستان لەنێوان هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی بەراورد دەکەین، لەڕووی سنووری جوگرافییەوە لێکۆڵینەوەکە تەنیا هەرێمی کوردستان وەردەگرێت کە پێکدێت لە پارێزگاکانی (هەولێر و سلێمانی و دهۆک)، چونکە تەنیا ئەو سێ پارێزگایەمان هەیە کە هەردوو هەڵبژاردنەکەی تێدا بکرێ و لە دەرەوەی ئەم پارێزگایانە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان ناکرێن. جێگای ئاماژە پێکردنیشە کە مەبەستمان لەپارێزگای سلێمانی بریتیە لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و پارێزگای #هەڵەبجە#، چونکە هێشتا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا پارێزگای هەڵەبجە لەچوارچێوەی پارێزگای سلێمانیدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەوە جگە لەوەی کە پارێزگای هەڵەبجە تازەیە و هیچ هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی کوردستان وەک پارێزگا تێدا نەکراو، بەڵکو هەڵبژاردنەکانی ئەیلولی 2018 یەکەم هەڵبژاردن دەبێت کە لەدوای بەپارێزگابوونییەوە تێیدا بکرێت.
لەڕووی سنووری کاتیشەوە، لەبەر ئەوەی کە لێکۆڵینەوەکە پشت بە بەراوردکردن لەنێوان هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق دەبەستێت و ئاشکراشە کە ڕەفتاری دەنگدان وەک هەر ڕەفتارێکی دیکەی مرۆڤ دەکەوێتە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکان کە هەمیشە خێران، بۆیە ناتوانین پێشبینی ڕەفتاری دەنگدان بۆ هەریەک لەو هەڵبژاردنانە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنێکی دیکە بکەین کە ماوەی نێوانیان زۆر دوور بێت. چونکە ئەگەر زۆرە کە گۆڕان بەسەر ڕەفتارەکەدا بێت. بۆیە لێرەدا هەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان، کە لەساڵی 1992 دا کراوە، لە توێژینەوەکەماندا وەدەردەنێین، چونکە هیچ هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی عێراق کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەنگیان تێدا دابێت نزیک بە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 1992ی پەرلەمانی کوردستان نییە. بگرە لەگەڵ یەکەم پەرلەمانی هەڵبژێردراوی عێراقی کە هاووڵاتیانی هەرێمیش بەشدارییان تێدا کردبێت (خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2005)، نزیکەی 13 ساڵیان لەبەیندایە. ئەم ماوەیەش ڕێگرە لە هەر جۆرە بەراوردکارییەک لەنێوان ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیان تێیاندا.
هەروەها هەڵبژاردنەکانی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش لە لێکۆڵینەوەکەماندا وەدەردەنێین، هەرچەندە هاوکاتیش بوو لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق، چونکە لەگەڵ ئەوەی هەردوو هەڵبژاردنەکە لە یەکڕۆژدا کران، لەهەمانکاتیشدا، بۆ هەردوو هەڵبژاردنەکەش زۆربەی حیزبە کوردستانییەکان بەیەک لیست دابەزین و لەبەرئەوەش بوارێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوە بۆ ڕەفتاری دەنگدان بکەین. چونکە هاووڵاتی هیچ بوارێکی لەبەردەمدا نەبوو تەنیا ئەوە نەبێت کە یان نەچێت بۆ دەنگدان یان کە دەنگیدا ئەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان یەک لیستی لەبەردەمدایە و بۆ پەرلەمانی عێراقیش تەنیا یەک لیستی کوردستانیی سەرەکی هەبوو. کەواتە دیسانەوە شوێنێک بۆ بەراوردکاری لە نێوان ڕەفتاری دەنگدان لەهەردوو هەڵبژاردنەکە و بۆ هەردوو پەرلەمانەکە (کوردستان و عێراق) نامێنێت.
بەڵام هەردوو هەڵبژاردنەکانی خولی سێیەم (تەمموزی ساڵی 2009) و خولی چوارەمی (ئەیلولی ساڵی 2013) پەرلەمانی کوردستان و هەردوو هەڵبژاردنەکانی خولی دووەم (ئازاری ساڵی 2010) و خولی سێیەم (نیسانی ساڵی 2014)ی پەرلەمانی عێراقی وەک سمپڵی لێکۆڵینەوەکەمان وەردەگرین لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
1- لەسەرجەم ئەم هەڵبژاردنانەدا حیزبەکانی کوردستان یان بەتەنیا یان لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی سنوورداردا لیستیان هەبووە. ڕکابەری لەنێوان حیزبەکاندا هەبووە و هاووڵاتی لەنێوان کۆمەڵێک لیستدا بواری هەڵبژاردنی هەبووە و هێزە کوردستانیەکان وەک هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005 بەیەک لیست دانەبەزیون. جگە لەوە، بەنزیکەیی، لیستەکان بۆ هەردوو هەڵبژاردنەکە وەک یەک دووبارە بوونەتەوە و دەکرێت بەراورد لەنێوان ئەنجامەکانیاندا بکەین.
2- هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق یەک لەدوای یەک کراون و ماوەی نێوان هەر دوو هەڵبژاردنیش هەمیشە لەساڵێک کەمتر بووە. بۆیە بواری بەراوردکاری لەنێوان ڕەفتاری دەنگدان لەسەر دوو ئاست هەیە، یەکەم، دوو هەڵبژاردنەکە لەیەکدی جیاوازبوون، دووەمیش، ماوەی نێوانیان بایی ئەوەندە کەم بووە کە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی گۆڕانکاریی ئەوەندە گەورەی بەسەردا نەهاتووە و بەڵکو تا ڕاددەیەکی زۆر وەک یەک بوون. بۆیە دەکرێت بپرسین لەهاوشێوەبوونی بارودۆخ و ژینگەی کۆمەڵگای کوردستاندا، داخۆ بەگۆڕانی جۆری هەڵبژاردنەکە ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیان لەنێوان دوو هەڵبژاردنی لێکنزیکدا دەگۆڕێت یان نا؟
3- سەرەڕای ئەوانەش، سیستەمی ئەو هەڵبژاردنانەی وەک سامپڵ وەرگیراون وەک یەکن، ئەویش سیستەمی ڕێژەیی بەلیستی نیمچە کراوەیە. تەنیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی 2009 نەبێت کە سیستەمەکە ڕێژەیی بەلیستی داخراو بوو.
بەڵام دەبێت تێبینی ئەم خاڵانەش بکەین:
- بەراوردکارییەکە لەنێوان سەرجەم ئەو لیستانەدا ناکەین کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، بەڵکو تەنیا ئەو لیستانەمان هەڵبژاردووە کە قەوارەیان گەورە یان مامناوەندی بووە (لەڕاستیدا پێناسەیەکی دیاریکراو نییە بۆ لیستی گەورە یان مامناوەندی یان بچووک لە هەر پەرلەمانێکدا، هەروەها ڕێژەیەکی دیاریکراویش نییە بۆ ئەو دیاریکردنە، بەڵام دەکرێت پێناسەی لیستی گەورە بەوە بکەین کە لیستێکە دەتوانێت سیاسەتێکی دیاریکراو بەتەنیا یان بەهاوکاری لیستێکی مامناوەندی یان چەند لیستێکی بچووک بسەپێنێت یان ڕابگرێت، لەکاتێکدا لیستی مامناوەندی و بچووک ناتوانن ئەو هەژموون و کاریگەرییەیان هەبێت.)، ئەمەش لەبەر ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی لیستە بچووکەکان هێندە کەمن کە کاریگەرییان لەسەر نەخشەی سیاسی پەرلەمان لاوازە. لەلایەکی دیکەش زۆربەی ئەو لیستانە تایبەتن بە پێکهاتەکانی ئایینی و ئیتنی یان ئەو ئایدیۆلۆژیا و بۆچوونانەن کە لە نەخشەی سیاسی هەرێمدا ڕووبەرێکی زۆر کەمیان هەیە و ناکرێت یاسا و ڕێسای گشتگیریان لێ دەربخرێت.
- بۆ بەراوردکارییەکە پشتمان بەدوا داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەستووە کە لایەنی سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری پرۆسەی هەڵبژاردنەکانە. هەروەها ئەو تانانەی کە لەلایەن لیستەکانەوە سەبارەت بە ساختەکاری دراون و کۆمسیۆن پشتڕاستی نەکردوونەتەوە، لەبەرچاو نەگیراوە، چونکە ئەوە کاری ئەم توێژینەوەیە نییە و ناشتوانین پشت بەداتای نافەرمی ببەستین.
$پرسیاری سەرەکی و سامپڵەکانی لێکۆڵینەوەکە$
پرسیاری سەرەکی
لە ڕاستیدا ئامانجی لێکۆڵینەوەکەمان ئەوەیە کە هەوڵ بدەین پێشبینی پێکهاتە و نەخشەی سیاسی پەرلەمانی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ئەیلولی 2018 دا دیاری بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش پرسیاری سەرەکیمان ئەوەیە:
لە ئەگەری نزیکبوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق و وەک یەکبوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و لیستەکانی بەشدار لەهەڵبژاردنەکاندا، ئایا دەکرێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردنێکی نزیک کە پێشترکراوە ببێتە بنەمایەک بۆ پێشبینیکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنێکی دیکە؟ ئایا ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیان لەنێوان دوو هەڵبژاردنی(پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق) یەک لەدوای یەکی لەیەکدی جیاوازی لەیەکدی نزیک لەهەرێمی کوردستاندا، جێگیرە یان دەگۆڕێت؟
سامپڵەکانی لێکۆڵینەوەکە
بۆ گەیشتن بەوەڵامی پرسیاری لێکۆڵینەوەکە، وەک لەپێشەوە ئاماژەمان پێدا کە چوار هەڵبژاردنمان وەک نموونە وەرگرتووە ئەوانیش بریتین لە:
- هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - تەمووزی 2009 و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق – ئاداری 2010.
- هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان – ئەیلولی 2013 و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق – نیسانی 2014.
داتا و بەراوردکارییەکان
لە سەرجەم داتا و بەراوردکارییەکانیشدا ڕەچاوی ئەم خاڵانەمان کردووە:
- خشتەکان و داتاکانی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو هەڵبژاردنەکە دەخەینەڕوو. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەرچەندە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەیەک بازنەی هەڵبژاردن دێتە ژماردن، بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی هەر پارێزگایەک بەبازنەیەکی هەڵبژاردن دەژمێردرێت، بۆیە ئێمەش بەراوردکارییەکە لەسەر هەردوو ئاستی پارێزگا و هەرێمیش دەکەین.
- بەراوردکارییەکە لەسەر هەردوو ئاستی پارێزگاکان و هەرێمیش لەنێوان ڕێژەی دەنگی لیستەکاندا دەکەین، نەک ژمارەی دەنگەکانیان. ئەمەش بەمەبەستی دەرخستنی ئەنجامەکانە و بۆ ئەوەی گۆڕانی ئاستی بەشدارینەکردن لەهەڵبژاردنەکاندا کاریگەری لەسەر لێکۆڵینەوەکە دانەنێت. چونکە وایدادەنێین کە بەشدارینەکردن بەهەمان ڕێژە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی لیستەکان دادەنێت.
داتاکانیش بەم شێوەیەی خوارەوەن:
یەکەم: بەراورد لەنێوان داتاکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە تەمموزی ساڵی 2009 و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئاداری ساڵی 2010.خشتەی (1) داتاکانی هەردوو هەڵبژاردنەکە بەپێی هەر سێ پارێزگاکەی ئەوسای هەرێم، تەنیا بۆ لیستە گەورەکان، دەخاتەڕوو. پاشان لە وێنەکانی (1 و 2) دا داتاکانی ئەم خشتەیە کراونەتە چارتێک.
بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2009ی پەرلەمانی کوردستان، لیستەکە بەناوی (لیستی کوردستانی) بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2010 لیستەکە بەناوی (هاوپەیمانی کوردستانی) بوو. لەهەردوو هەڵبژاردنەکەشدا لە هاوپەیمانی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) پێکدەهات.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2009 لیستەکە بەناوی (خزمەتگوزاری و چاکسازی) بوو کە لە هاوپەیمانی نێوان هەریەک لە (یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و حزبی سۆسیالیستی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان) پێکدەهات بەڵام، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2010 هەر لایەنەو بەلیستێک بەشداری کرد.
لە داتا و ئەنجامەکانی خشتەی (1) ەوە:
1- بەراوردکارییەکە تەنیا لەسەر (لیستی کوردستانی) و (لیستی گۆڕان)دا دەکەین و (لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی) وەرناگرین و تەنیا وەک زانیاری خراوەتەڕوو، چونکە ئەم لیستە لە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009، لە هاوپەیمانی نێوان چوار لایەنی سیاسی (یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و حیزبی سۆسیالیستی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان) پێکدەهات، بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2010، ئەم هاوپەیمانیە هەڵوەشایەوە و هەر لایەنە و بە تەنیا وەک لیستێک بەشداریی کرد. بۆیە لە ڕووی زانستیەوە ناکرێت بەراورد لەنێوان ئەنجامەکانی لیستەکە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامەکانی هەر چوار لایەنەکەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا بکەین.
2- لە داتاکانەوە ئەوە دەخوێنینەوە کە بەشێوەیەکی گشتی گۆڕانکاری لە ڕێژەی دەنگەکانی لیستی کوردستانی (هاوپەیمانی پارتی و یەکێتی) لەسەر ئاستی پارێزگاکان تا ڕاددەیەک ڕوویانداوە، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ڕێژەی دەنگەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە ڕێژەی (57.23%) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2009وە گۆڕاوە بۆ ڕێژەی (58.31%) لە هەڵبژاردنی ساڵی2010ی پەرلەمانی عێراق. واتا بە ڕێژەی (1.08%)ی دەنگی سەرجەم هەرێم زیادی کردووە. (بڕوانە وێنەی 1 و وێنەی 2).
3- لە داتاکانەوە ئەوە دەخوێنینەوە کە بەشێوەیەکی گشتی گۆڕانکاری لە ڕێژەی دەنگەکانی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی پارێزگاکان تا ڕاددەیەک ڕوویداوە. بەڵام گۆڕانکارییەکانی ڕێژەی دەنگەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە ڕێژەی (23.78%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009ی پەرلەمانی کوردستان گۆڕاوە بۆ ڕێژەی (21.74%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراق. واتا بەڕێژەی (2.04%) دەنگەکانی لە سەرجەم هەرێمی کوردستان کەمی کردووە. (بڕوانە وێنەی 1 و وێنەی 2).
4- بەپێی ئەو داتا و وێنە و شرۆڤانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین کە ڕەفتاری دەنگدان لە نێوان هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009ی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراقی بۆ لیستە گەورەکان بەنزیکەیی وەک یەکبووە و گۆڕانێکی ڕیشەییان بەسەردا نەهاتووە.
دووەم: بەراورد لەنێوان داتاکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی پەرلەمانی عێراق.
خشتەی (2) داتاکانی هەردوو هەڵبژاردنەکە بەپێی هەر سێ پارێزگاکەی ئەوسای هەرێم، تەنیا بۆ لیستە گەورەکان دەخاتەڕوو. پاشان لە وێنەکانی (3 و 4) دا داتاکانی ئەم خشتەیە کراونەتە چارت.
لە داتا و ئەنجامەکانی خشتەی (2)ەوە:
1- بەراوردکارییەکە تەنیا لەنێوان لیستە گەورەکان (پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان) و لیستە مامناوەندییەکان (یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی) دا کراوە و لیستە بچووکەکان وەلا نراون. وەک لەپێشەوە ئاماژەمان پێدا، لەبەر ئەوەی کاریگەرییان لەسەر نەخشەی سیاسی پەرلەمان نییە.
2- لە داتاکانەوە ئەوە دەخوێنینەوە کە بەشێوەیەکی گشتی تا ڕاددەیەک گۆڕانکاری لە ڕێژەی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگاکان ڕوویداوە. ڕێژەی دەنگەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە ڕێژەی (37.52%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی کوردستان گۆڕاوە بۆ ڕێژەی (36.40%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی پەرلەمانی عێراق. واتا بەڕێژەی (1.12%)ی دەنگی لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە. (بڕوانە وێنەی 3 و وێنەی 4).
3- بەشێوەیەکی گشتی تا ڕاددەیەک گۆڕانکاری لە ڕێژەی دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی پارێزگاکان ڕوویداوە. ڕێژەی دەنگەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە ڕێژەی (24.14%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی کوردستان گۆڕاوە بۆ ڕێژەی (21.89%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی پەرلەمانی عێراق. واتا بە ڕێژەی (2.25%)ی دەنگی کەمی کردووە. (بڕوانە وێنەی 3 و وێنەی 4).
4- بەشێوەیەکی گشتی تا ڕاددەیەک گۆڕانکاری لەڕێژەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگاکان ڕوویداوە. ڕێژەی دەنگەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە ڕێژەی (17.72%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی کوردستان گۆڕاوە بۆ ڕێژەی (23.08%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی پەرلەمانی عێراق. واتا بەڕێژەی (5.36%)ی دەنگی لە سەرجەم هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. (بڕوانە وێنەی 3 و وێنەی 4).
5- گۆڕانکاری لە ڕێژەی دەنگەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگاکان ڕوویداوە. ڕێژەی دەنگەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە ڕێژەی (9.45%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی کوردستان گۆڕاوە بۆ ڕێژەی (8.77%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی پەرلەمانی عێراق. واتا بە ڕێژەی (0.68%)ی دەنگی کەمی کردووە. (بڕوانە وێنەی 3 و وێنەی 4).
6- گۆڕانکاری لە ڕێژەی دەنگەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگاکان تا ڕوویداوە. ڕێژەی (6.00%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی کوردستان گۆڕاوە بۆ ڕێژەی (6.50%) لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی یەرلەمانی عێراق. واتا بە ڕێژەی (0.5%)ی دەنگەکانی زیادیکردووە. (بڕوانە وێنەی 3 و وێنەی 4).
7- بەپێی ئەو داتا و وێنە و شرۆڤانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین کە ڕەفتاری دەنگدان لە نێوان هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2013 و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2014 بۆ سەرجەم لیستە گەورەکان جگە لە لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دەنگەکانی بە ڕێژەی (5.36%) زیادیکردووە، وەک یەکبووە و گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەردا نەهاتووە. هەروەها بۆ سەرجەم لیستە مامناوەندیەکانیش بەنزیکەیی وەک خۆی بووە و گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەردا نەهاتووە.
پێشبینی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان (ئەیلول 2018)
وەک ئاماژەمان پێدا، مەبەستی سەرەکیمان لەم لێکۆڵینەوەیە بریتییە لە وەڵامی پرسیارێکی سەرەکی، ئەویش: لەئەگەری نزیکبوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق و وەک یەکبوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و لیستەکانی بەشدار لەهەڵبژاردنەکاندا، ئایا دەکرێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردنێکی نزیک کە پێشترکراوە ببێتە بنەمایەک بۆ پێشبینیکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنێکی دیکە؟ ئایا ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیان لەنێوان دوو هەڵبژاردنی(پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق) یەک لەدوای یەکی لەیەکدی جیاوازی لەیەکدی نزیک لەهەرێمی کوردستاندا، جێگیرە یان دەگۆڕێت؟
بەپێی داتا و شیکارییەکانی ئەو سامپڵانەی وەرمانگرت، لە چوار هەڵبژاردنی ساڵانی ڕاربردوودا کە دوو دوو لەیەکەوە نزیکبوون و لەیەکتریش جیاواز بوون، بۆمان دەرکەوت لە هەریەک لەودوو هەڵبژاردنانەی کە لەیەکدی نزیکبوون، سەرەڕای جیاوازی هەڵبژاردنەکەش، ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تا ڕاددەیەکی زۆر جێگیر و لەیەکدی نزیکبووە. کەواتە دەتوانین لە هەڵبژاردنە لێکنزیکەکاندا ئەنجامەکانی ئەوەی پێشتریان بکەینە بنەمایەک بۆ پێشبینیکردنی ئەنجامەکانی ئەوەی دواتریان.
وەک لەپێشەوە ئاماژەمان پێدا مەبەستی سەرەکیمان لەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە لەسەر بنەمایەکی زانستیانە پێشبینی پێکهاتە و نەخشەی سیاسی پەرلەمانی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ئەیلولی 2018 دا بکەین. بۆیە ئێستا، لە دوای وەڵامی پرسیاری سەرەکی لێکۆڵینەوەکە، دەکرێت لەسەر بنەمای ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی 12 ئایاری 2018 بۆ پەرلەمانی عێراقی پێشبینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەیلولی 2018 بۆ پەرلەمانی کوردستان بکەین کە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
1- ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق (ئایار 2018) لە هەرێمی کوردستان
لێرەدا مەبەستمان ئەنجامەکانی لیستە گەورە و مامناوەندییەکانە نەک سەرجەم لیستەکان، ئەوەش بەپێی پارێزگاکانی هەرێم و لەسەرتاسەری هەرێمدا بەم شێوەیەی خوارەیە وەک لە خشتەی (3) ئاماژەیان پێدراوە.
سەرچاوە: کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
لەلایەن لێکۆڵەرەوە کۆکراوەتەوە و بەگوێرەی سەرجەم دەنگە دروستە دراوەکان لە پارێزگاکانی هەرێمدا ڕێژەی دەرهێنراوە.
2- ئەنجامە پێشبینیکراوەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان (ئەیلولی 2018)
بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە، ئەو لیستە گەورە و مامناوەندییانەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆیان تۆمارکردووە، هەمان ئەو لیستانەن کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان و بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقیش بەشدارییان کردبوو> هەروەها بەپێی سەلماندنی ئەوە بێت کە ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتی هەرێم بەشێوەیەکی ڕیشەیی لەنێوان هەڵبژاردنە لێکنزیکەکاندا ناگۆڕێت، دەبێت ئەنجامی پێشبینیکراو بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ئەیلولی 2018 لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی لە ئایاری 2018 دا بەم شێوەیەی خوارەوە بێت:
- وەک ئاشکرایە کۆی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان (111) کورسیە، لەوانەش (11) کورسی کۆتای پێکهاتەکانە. کەواتە (100) کورسی بۆ لیستەکانی دیکە دەمێنێتەوە. بەگریمانەی ئەوەی کە لیستە بچووکەکان وەک هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی 2013 نزیکەی (4) کورسی بەدەستدەهێنن (4 کورسیەکە بۆ هەریەک لەم لیستانە بوو (بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان(1) کورسی، سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان(1) کورسی، ئازادی (1) کورسی، ئاراستەی سێیەم (1) کورسی). بۆیە لێرە وایدادەنێین کە تەنیا (96) کورسی بۆ لیستە گەورە و مامناوەندییەکان دەمێنێتەوە کە بەپێی ڕێژەی دەنگەکانیان بەسەریاندا دابەشدەکرێن.
- لەکۆی ئەو (96) کورسییەی بۆ لیستە گەورە و مامناوەندییەکان دەمێنێتەوە، بەپێی ڕێژەی دەنگەکانیان، پارتی دیموکراتی کوردستان (43) کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان (10) کورسی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (19) کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (5) کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان (5) کورسی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری (6) کورسی، نەوەی نوێ (8) کورسی بە دەستدەهێنن. بڕوانە خشتەی (4).
ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە
لە هەموو ئەوەی پێشەوە دەکرێت ئەم ئەنجامانەی خوارەوە دەربخەین:
1- لیستە سەرکەوتووە سەرەکییەکان (پارتی و گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ) کە پرۆسەی سیاسیان لە خولی چوارەمدا لە پەرلەمان و حکومەتیشدا بەڕێوەبردووە، وەک لیستی گەورە و مامناوەندی دەمێننەوە و بەردەوام دەبن و (82) کورسی کە دەکاتە ڕێژەی 73.8% کورسیەکان وەدەست دەهێنن، بەڵام دوو لیستی دیکەیان دەچێتە پاڵ کە ئەوانیش بریتین لە (لیستی هاوپەیمانی و لیستی نەوەی نوێ) کە ژمارەی کورسیەکانیان (14) کورسی واتا 12.6% سەرجەم کورسیەکان دەبێت. بەهەمووشیانەوە ڕێژەی 86.4% کورسییەکان دەبەن و بەوەش ژمارەی لیستە سەرەکییەکانی نێو پەرلەمان لە (5) لیستەوە دەبێتە (7) و ئەمەش واتای ئەوەدەدات کە نەخشەی سیاسی پەرلەمانی کوردستان لەڕووی ژمارە و قەوارەی لیستەکانەوە بەرەو دابەشبوونی زیاتر دەچێت.
2- بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینیەکانی سەرەوە بۆ لیستە سەرەکییە براوەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەبەر ڕۆشنایی وردبوونەوەی زیاتری لیستە سەرەکییەکانی پەرلەمان و کاڵبوونەوەی بەردەوامی جیاوازی نێوانیان و کەمبوونەوەی جیاوازی نێوان لیستە گەورەکان و لیستە مامناوەندییەکان، پێشبینیدەکرێت پرۆسەی دامەزراندنی حکومەتی نوێ وەکچۆن لە خولی چوارەمدا نزیکەی شەش مانگی پێچوو، ئەوا ئەمجارەشیان بخایەنێت و گرێ و گرفتی زۆری بێتەڕێ.
3- بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە ئەم لیستە سەرەکییانە لەبەر گەلێک هۆکاری مێژوویی و جوگرافی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەسیی سەرکردەکانیشیان و هەروەها لەبەر نەبوونی جیاوازییەکی تەواوی هزری و ئایدیۆلۆژی لەنێوانیاندا (لانیکەم لەنێوان هێزە عەلمانیەکانیاندا)، جگە لەوە، لەبەرئاڵۆزی پەیوەندییەکانیان کە بەردەوام جۆرێک ڕکابەریی توندیان هەبووە، چاوەڕواندەکرێت کە پرۆسەی یاسادانانی خولی پێنجەمی پەرلەمانیش سست و هێواش بێت. تا ئێستاش (لانیکەم لە خولی سێیەمی پەرلەمانەوە) هەندێک لە لیستەکان کاری پەرلەمانی و هۆڵی پەرلەمان بە درێژەپێدەری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن تەماشا دەکەن و بەردەوام لەو چوارساڵەدا، بۆ کۆنترۆڵکردنی دەنگ و مەیلی ڕای گشتی و شەقام، خەریکی ڕکابەری و موزایەدەی سیاسین، ئەمەش کاریگەری لەسەر پەرلەمان دادەنێت.
4- سەرەڕای زۆربوونی ژمارەی لیستە مامناوەندیەکانیش کە کاری پەرلەمانی زەحمەت کردووە، شێوازی لیستی نیمچە کراوەش لە دەنگدانی هەڵبژاردنەکاندا، وایکردووە کە حیزبەکانیش تا ڕاددەیەک کۆنترۆڵیان بەسەر ئەندام پەرلەمانەکانیاندا لاواز بێت. لە خولی چوارەمدا تێبینیمان دەکرد کە تەنانەت ئەندام پەرلەمانەکانیش تا ڕاددەیەک بەسەربەخۆیی مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەکرد. ئەوەندی گرنگییان ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی بەلای خۆیاندا دەدا، هێندە بەلایانەوە گرنگ نەبوو کە پەرلەمان دەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات یان نا. تەنانەت حیزبەکانیش بە ئەستەم دەیانتوانی لەدەرەوەی پەرلەمان مساوەمە لەسەر دەرکردنی بریار و یاساکاندا لەگەڵ یەکتریدا بکەن. بە مانەوەی هەمان شێوازی دەنگدان، جارێکیتر ئەم دیاردەیە بەردەوام دەبێت و بگرە توندتریش دەبێت. دەبینین کە لیستی هاوپەیمانی و لیستی نەوەی نوێ دوو لیستی تازەن و هێشتا لەڕووی ڕێکخستنەوە بایی ئەوەندە توندوتۆڵ نین کە سەرکردایەتی لیستەکان بتوانن بەئاسانی هەڵوێستی ئەندامەکانیان کۆنترۆڵ بکەن. ئەمەش جارێکی دیکە پرۆسەی مساوەمەکانی نێو پەرلەمان لەنێوان لیستەکاندا زەحمەتتر دەکات، لەکاتێکدا کە پەرلەمان بە جۆرێک مساوەمە و لێکتێگەیشتنی نێوان لیستەکانی، کارا و چالاک دەبێت.
$راسپاردەکان$
- لەگەڵ ئەوەی کە پەرلەمان شوێنی دەنگی جیاواز و نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی گەلە، دەبێت بزانین کە شوێنی مساوەمەی نێوان لیست و هێزەکانیشە لەگەڵ یەکتردا و دەبێت کولتووری لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنیش دابهێنرێت تا هێزە سیاسییەکان بتوانن لەو ڕێگەیەوە حکوومەتێکی چالاک و پرۆسەیەکی یاسادانانی خێراش پەیڕەو بکەن. دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە کاری پەرلەمانتاری درێژەپێدەری هەلًمەتەکانی هەڵبژاردن نییە.
- مەسەلە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕکابەریی سیاسی دەربهێنرێت و بەیەکدەنگ و یەکڕیز بڕیاریان لەبارەوە بدرێت. بەتایبەت لەبابەتەکانی پەیوەست بە مافە هەرە بنەڕەتییەکان وەک لە دەستووری عێراقدا هاتووە. بەهیچ شێوەیەکیش سازشیان لەبارەوە نەکرێت، بەڵکو هێزە سیاسییەکان و پەرلەمان وەک یەک تیم هەڵوێستیان لەبارەوە هەبێت و داکۆکییان لێ بکەن.
- وازهێنان لە حکوومەتی بنکە فراوان و دامەزراندنی حکومەتی زۆرینە، تا لەنێوان حکومەتی کارا و ئۆپۆزسیۆنی کارادا پرۆسەی سیاسی چالاکانە و لەبەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بەڕێوەببرێت.
- جەختکردنەوەی پەرلەمانی داهاتوو لەسەر گرتنەبەری هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی کە دیموکراسی لەهەرێمدا قوڵتر دەکەنەوە و بارو گوزەرانی خەڵًکی پێ باشتر دەبێت و بەکەمترین بەفیڕۆچوون سامانی هەرێم سەرف بکرێت.
تێبینی: بۆ بینینی وێنە و خشتەکان بەڕوونی، کلیکیان لەسەر بکە[1]
$سەرچاوەکان:$
- فیلیب برو، علم الاجتماع السیاسی، ترجمە د.محمد عرب صاصیلا، گ 1، المۆسسە الجامعیە للدراسات والنشر، بیروت، 1998.
2- بروانە http://thesis.univ-biskra.dz/977/3/%D8%A7%D9%84%D9%81%D8%B5%D9%84%20%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%88%D9%84.pdf
3-http://www.kurdistan-parliament.org/Default.aspx?page=page&c=Parliament-History1992http://kurdistan-parliament.org/Default.aspx?page=page&c=xol4
4- http://www.khec.krd/pdf/2014111582018_candid%20name.pdf
#24-09-2018#