دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
پیسبوونی ژینگە بەهۆی تیشک لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووه و ژمارەیەک لە کارمەندانی حکومی و بەکارهێنەرانی تیشک و هاووڵاتیانی نزیک لە تاوەرەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت زەرەرمەند بوون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکی دەست دواڕۆژ کەوتووە، ئاماژە بەوەکراوە، ماده و ئامێر و کەلوپەلی دیکەی هاوردەی تیشکاوەری تاقیگەکانی تیشک لە نەخۆشخانە حکومی و ئەهلی و تایبەتەکان سەرچاوەی مەترسین، چونکە ئەگەری بوونی ماددەی تیشکاوەر لە هەوادا هەیه، لە ئەنجامی دیاردەی خۆڵبارین لە وڵاتانی دوورەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێم.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، بەهۆی بەردەوامبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوه پڕۆژەی سیستمی چاودێری تیشکی ئایۆنی دابینبکرێت، کەبۆتە سەرچاوەیەکی مەترسی بۆ سەر پیسبوونی ژینگە بە تیشک.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لەپێناو پاراستنی کەسەکان لە تیشکی ئایۆنی پێویستە ئامێری پێوانەی بڕی تیشک (DOSIMETER) دابینبکرێت بۆ کارمەندان و بەکارهێنەرانی تیشک لە تاقیگە حکومی و ئەهلی و تایبەت و تیمەکانی چاودێری فەرمانگەکان، چونکە ناتوانرێ پشت بە بنکەکانی خۆپاراستن لە بەغدا ببەسترێ، پاراستنی گیانی ئه و کەسانەش لە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەیە، بەڵام بەداخەوە کەمتەرخی کراوه و تاوەکو ئێستاش یەک کارمەند لە هەرێم ئامێری فلیم باج بۆ خۆپاراستن لە تیشکی ئایۆنی نییه.
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، ئاشکراشیکردوە، لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە 400 تاوەری مۆبایل و ئینتەرنێت لە سنووری هەرێمی کوردستان دانراوە، تیمەکانی بەدواداچوون لەم چەند ساڵەی ڕابردوو توانیویانە بەدواداچوون بۆ سەرجەم تاوەرەکان بکەن، کە 40 لەم تاوەرانە لەگەڵ ڕێنمایی یەکەکانی ژینگە گونجاو نەبوون.[1]