پێشەکیی وەرگێڕ
کورتە چیرۆکێکم لێ خوێندبووەوە. ئێستا نازانم لە کوێدا و تەنانەت ناوی چیرۆکەکەشم وە بیر نەماوە. بەڵام نیگای وردی نووسەر و دۆخی مەلمووسی چیرۆک وایکرد، ناوی کازوئۆ ئیشیگورۆ، بە زەینمەوە بنووسێ. بۆیە کاتێ خەرمانانی ساڵی 2010 لە پێشانگای گەڵاڕێزانی خانێ، ناوی ئەو نووسەرەم بە سەر ڕۆمانی هەرگیز بەجێم مەهێڵەوە دی، بێ سێ و دوو و، بێ ئەوەی گوێ بدەمێ داخوا وەرگێڕەکەی کێیە و کێ نییە، پڕم دایێ و خستمە ڕیزی ئەو کتێبانەی بۆ کڕین خستبوومنە سەر زەندی دەستم.
دواتر، لە ماڵێ، کە وەک کەچەڵی نێو گندۆران، کتێبە نوێیەکانم هەڵگێڕ وەڵگێڕ دەکردن و نەمدەزانی کامی دە پێشدا بۆ خوێندنەوە هەڵبژێرم و، هەروا سەرو چەند پەڕم لێ هەڵدەدانەوە، بینیم وەرگێڕی ڕۆمانەکەی ئیشیگورۆ مەهدی غەبڕایی[1]یە کە لە ناو وەرگێڕە فارسەکاندا ناوێکی ئاشنایە.
بەهاری ئەوساڵە، کۆمەڵێک کتێبی دیکەشم لە پێشانگای کتێبی تاران کڕیبوو، کە هێشتا زۆریانم نەخوێندبوونەوە. تا وا هات بەهاری ساڵی 2011 لە زێدی خۆم هەڵقەندرام و ئەو کتێبە و زۆر کتێبی دیکەم بە نەخوێندراوەیی لە پاش بەجێمان. بەڵام ڕامسپارد چەند دانەیەکیانم بۆ بهێنن، یەک لەوانیش ڕۆمانەکەی ئیشیگۆرۆ، کە خۆشبەختانە داواکەم جێبەجێ کرا.
کە هەرگیز بەجێم مەهێڵەم خوێندەوە یەکسەر حەزم چووەیێ وەریبگێڕم. بەڵام لە هێندێک جێگادا، لەنگ و لۆری و ئاڵۆزییەک لە مانای ڕستە و دەربڕینەکانیدا هەبوو. نووسەری ڕۆمان زۆر ورد و هۆشمەندانە کەسایەتی و ڕووداو و پەیوەندییەکانی چنیبوون و پێم سەیر بوو نووسەرێکی وا دەربڕینی نامەفهووم و لێڵی لە بەرهەمەکەیدا هەبن. ئەو قۆرت و گرێ ماناییانە هێندێکیان دڕدۆنگ کردم و لە وەرگێڕانی شل بوومەوە.
بەڕاستی تا نوسخەیەکی دیکەی وەرگێڕدراوی ئەو ڕۆمانەم نەدی فکرم بۆ ئەوە نەچوو کە وەرگێڕێکی بەناوبانگیش دەشێ ئەوەندە هەڵەکار و یان باشتر وایە بڵێین بێ سەلیقە بێ.
ڕۆژێک کە لە ئینتەرنێتدا بە دوای سەرچاوەی زیاتر لەبارەی ئیشیگورۆدا دەگەڕام، خواوڕاستان بە سەر نوسخەیەکی ئەلیکترۆنیی وەرگێڕدراوی هەمان ڕۆماندا کەوتم کە سوهەیل سوممی یەکەم جار بوو ئەو ناوە ببینم، سێ ساڵ بەر لە غەبڕایی، واتە هەمان ساڵ کە دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ بووە وەریگێڕابوو و بڵاوی کردبووەوە. چەندە خۆش و چێژبەخش بوو کە بە دەم خوێندنەوەی وەرگێڕدراوەکەی سوهەیلەوە، یەک یەک گرفنچکە ماناییەکانم بۆ دەکرانەوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو پێم وایە ئەم، بە لەبەر چاوگرتنی تێم و کەش وهەوای ڕۆمانەکە، ڕاوێژ (لەحن)ی دەقە سەرەکییەکەشی پاراستبوو. جگە لەوە، غەبڕایی، لە سانسۆردا بێ، یان بە هۆی خۆسانسۆرییەوە، زۆر ڕستە و تەنانەت پەرەگرافی پەیوەندیدار بە مەسەلەی جنسی لە وەرگێڕانەکەی دەرهاویژراون کە بە خۆشییەوە سوهەیل ئەو بەشانەشی وەرگێڕابوون. لەبەر ئەوە، بێ دوودڵی، دەقی وەرگێڕانەکەی سوهەیلم کردە بنەمای کار. هەڵبەت، پیاو هەق بڵێ، جاروباریش گەڕاومەوە سەر وەرگێڕدراوەکەی غەبڕایی و لە هێندێک شوێندا وا هەبووە بە کەڵکیشم بێ.
هەرچۆنێک بێ، شادم کە بۆ یەکەم جار ئەو نووسەرە ناودارەی ڕۆمانی جیهانی بە خوێنەری کورد دەناسێنم.
کازوئۆ ئیشیگورۆ، نووسەری بەریتانیایی بە ڕەچەڵەک ژاپۆنی، ساڵی 1954 لە ناکازاکیی ژاپۆن لە دایک بووە و لە تەمەنی پێنج ساڵیدا، وێڕای بنەماڵەکەی بۆ بەریتانیا کۆچبەر بوون. ئەدەبی ئینگلیزی و فەلسەفەی خوێندووە. بە لاوی زۆری حەز لە مۆسیقا بووە و پیانۆ و گیتاری ژەنیوە. بەڵام لە تەمەنی 23 ساڵیدا هەستی کردووە دەبێ لە بارەی ژاپۆنەوە بنووسێ. یەکەم ڕۆمانی بە ناوی دیمەنی هەڵبزڕکاوی گردەکان (ساڵی 1982) بڵاو کردووەتەوە کە پێشوازی لێ کراوە. دووهەم ڕۆمانی بە ناوی هونەرمەندێک لە دنیای سەرئاوکەوتوودا (ساڵی 1986) خەڵات کراوە و بە سێهەم ڕۆمانی پاشماوەی ڕۆژ (ساڵی 1989) بووە بە براوەی خەڵاتی بوکێر و هەروەها بە نووسەرێکی جیهانی. ڕۆمانەکانی ئیشیگورۆ وەرگێڕدراونەتە سەر پتر لە سی زمان. لە ساڵانی دواتریشدا چەند ڕۆمانی دیکەی بڵاو کردوونەوە کە بەناوبانگترینیان بریتین لە ئەودەم کە هەتیو بووین (2000) و هەرگیز بەجێم مەهێڵە (2005).
هەرگیز بەجێم مەهێڵە گۆڤاری تایم وەک باشترین ڕۆمانی ساڵی 2005 هەڵیبژارد و خستییە ڕیزی سەد ڕۆمانی هەرە باشی ئینگلیزی زمان، لە ساڵی 1923ەوە تا 2005. هەروەها گۆڤاری گاردیەن ئەم ڕۆمانەی وەک یەکێک لە کتیبە پڕفرۆشەکانی ئەوروپا لە ساڵی 2005دا ناساندووە. جگە لەوە، ئەم ڕۆمانە ساڵی 2010 لە لایەن هالیوودەوە بە دەرهێنەریی ماڕک ڕۆمانیک، هەر بەو ناوەوە کراوەتە فیلمی سینەمایی.
ئەو ڕۆمانە لە لایەن ڕەخنەگرانی ئەدەبیی ڕۆژئاوا و فارسەوە زۆری لە سەر نووسراوە. لێرەدا من نامەوێ هیچ خوێندنەوەیەک بۆ ئەو دەقە بکەم و پێم خۆش نییە بەر لەوەی خوێنەر ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە، هیچ پێش بەستێنێکی فکریی بۆ ساز بێ. تەنیا ئاماژە بە وتەیەکی نووسەر خۆی لە وتووێژێکدا بە پێویست دەزانم کە دەڵێ: لە ناو فەزای ڕۆمانەکانم و بە تایبەت هەرگیز بەجێم مەهێڵەدا خوازە (ئیستعارە) ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ. تایبەتمەندییەک کە بێگومان خوێنەر بە دەم چێژی خوێندنەوەوە هەستی پێ دەکا.
ئەو تێبینییەش بە پێویست دەزانم کە ناونیشانی ڕۆمانەکە بە ئینگلیزی Never let me goیە، کە دەقاودەق دەبێتە: هەرگیز مەهێڵە بڕۆم، بەڵام هەر دووک وەرگێڕی فارس بە هەرگیز بەجێم مەهێڵە وەریان گێڕاوە، کە بە لەبەر چاوگرتنی ئەوە کە نووسەر، وەک خۆشی ئاماژەی پێ دەکا، لە گۆرانییەکی وەرگرتووە و، بە لەبەر چاوگرتنی تایبەتمەندیی و باری حیسسیی وەها ڕستەیەک لە شێعر و گۆرانیی کوردی و ڕۆژهەڵاتیدا، وام بە باش زانی پێ بنێمە ڕچەی وەرگێڕە فارسەکانەوە کە پێم وایە لە ڕووی سۆز و عاتیفەوە لە جەوهەری مانای ناونیشانە سەرەکییەکە نزیکترە.
کازوئۆ ئیشیگورۆ، ئێستا لە لەندەن دەژی. تا ئێستا هەشت ڕۆمان و سیناریۆیەک و کۆمەڵە چیرۆکێکی بڵاو کردوونەوە کە ئەمانەن:
دیمەنی هەڵبزڕکاوی گردەکان (1982)، هونەرمەندێک لە دنیای سەرئاوکەوتوو (1986)، پاشماوەی ڕۆژ (1989)، سوکنا نەهاتوو (1995)، ئەودەم کە هەتیو بووین (2000)، خەمناک ترین مۆسیقای دنیا (2003)، هەرگیز بە جێم مەهێڵە (2005)، کۆنتسە سپییەکە (2005) سیناریۆ، شەوانەکان (2009) کۆمەڵە چیرۆک.