ڕاپرسییەکی سەرنج ڕاکێش لەبارەی بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسیدا بڵاوکرایەوە، کە 484 کەس بەشدارییان تێدا کردووە، 298 بەشداربوویان لە ڕەگەزی مێ-ن، 44%ی بەشداربووان پییان وایە بەشداری ژنان لەکایەی سیاسیدا هیچ گرنگ نییە.
ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00 پێش نیوەڕۆ، لە هۆڵی ڕیستۆرانتی داوا، شاری #سلێمانی#، ڕێکخراوی خەڵک و گەشەپێدان، لەگەڵ ڕێکخراوی 'ئێن- پی ئەی' نەرویجی، ئەنجامی توێژینەوەیەکیان ڕاگەیاند کە دەربارەی کاریگەری کلتووری و کۆمەڵایەتی لەسەر لاوازی ڕۆڵی ژنان لە سیاسەتدا.
ئەم توێژینەوەیە لەلایەن مامۆستا فەریدون عارف، بە هاوکاری سەمیرە مستەفا ئەنجامدراوە، لەژێر ناونیشانی کاریگەری کلتوری کۆمەڵایەتی لەسەر لاوازی ڕۆڵی ژنان لە بەشداری سیاسیدا، کە توێژینەوەیەکی مەیدانی بوو لە شاری سلێمانی ئەنجامدرابوو.
لە توێژینەوەکەدا فۆڕمی ڕاپرسی بەسەر 484 کەس دابەشکرابوو، کە 298-یان لە ڕەگەزی مێ-بوون و 128-یان لە ڕەگەزی نێر بوون، 227 کەس لە بەشدار بووان هەڵگری بڕوانامە بەکالیۆریۆس بوون.
ئەوەی سەرنج ڕاکێشە لەم ڕاپرسییەدا ئەوەیە، کە هەرچەند 62%ی بەشداربووان لە ڕەگەزی مێ-ن، وە زۆرینەیان هەڵگری بڕوانامەی بەکالیۆریۆسن، بەڵام 44%ی پێی وایە کە بەشداری ژنان لە سیاسەتدا هیچ گرنگ نییە.
بەگوێرەی ئەنجامی ئەم ڕاپرسییە، دەرکەوتووە، کە 40%ی بەشداربووان دەنگدەری کاندیدە ژنەکانن، لە بەرامبەردا، 60%ی دەنگدەری کاندیدە پیاوەکانن، ئەمەش دەریدەخات، کە ژنان خۆیان باوەڕیان بە کاندیدە ژنەکان لاوازە.
بەشدار بووان لە ڕاپرسییەکەدا، هۆکاری کەمی متمانەیان بۆ کاندیدە ژنەکان دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی، کە ژنانیش نەیانتوانیوە بە ئەدایەکی جیاواز لە پیاوان سیاسەت بکەن، هەروەها دەڵێن، کە ژنان لەنێو ئەو ڕێکخراوانەدا کار دەکەن، کە لەلایەن حزبەکانەوە ئاڕاستە دەکرێن، بۆیە نەیانتوانییوە خۆیان لەژێر سێبەری حزبەکاندا ڕزگار بکەن.
بەشدار بووان، هۆکاری کەمی بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا، دەگێڕنەوە بۆ کلتوری کۆمەڵگا و پەروەردەی خێزانی و نەبوونی پێگەیاندنی سیاسی بۆ ژنان.
هەروەها بەشدار بووان پێیان وایە، کە لاوازی ژنان لە کایەی سیاسیدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێشتا بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا پێی وایە کە سیاسەت کارێکی پیاوانەیە و ژنان ناتوانن تێیدا سەرکەوتووبن.[1]
#26-09-2018#