بۆ دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان 99 بنکە دەکرێتەوە و 170 هەزار و 469 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەر چوار شارەکەی هەرێم زیاتر لە هەزار بنکەی دەنگدان دەکەنەوە و زیاتر لە سێ ملیۆن کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داتای گشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن، ڕۆژی هەینی 28ی ئەیلول دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 99 بنکەی دەنگدان دەکەنەوە کە 471 وێستگە لە خۆدەگرێت.
ڕاشیگەیاندووە: 170 هەزار و 469 کەس مافی دەنگدانیان هەیه لە دەنگدانی تایبەتدا، کە زۆرترین ژمارەی دەنگدەری تایبەت لە پارێزگای #هەولێر#ە و ژمارەیان 72 هەزار و 653 دەنگدەرە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بۆ دەنگدانی گشتیی، کە ڕۆژی 30ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم هەزار و 260 بنکەی دەنگدان دەکەنەوە، کە پێنج هەزار و 941 وێستگە لە خۆدەگرێت و تێکڕا دوو ملیۆن و 914 هەزار و 992 کەس-یش لەو پرۆسەیەدا مافی دەنگدانیان هەیە.
واتا بە گشتیی لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە زۆرترین دەنگدەر دەکەونە سنووری پارێزگای #سلێمانی#یەوە و ژمارەی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە یەک ملیۆن و 196 هەزار کەسە و کەمترین ژمارەش لە سنووری پارێزگای #هەڵەبجە#دایە، کە 68 هەزار و 191 کەسە.[1]
#26-09-2018#