پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بەچەند بڕیارێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان.
لە ڕۆژی 25/9/2018 ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بە ڕیکارەکانی هەڵبژاردن کە حەوت خاڵ لەخۆیدەگرێت، ئەوەی بەلای ئێمەوە بووە مایەی هەڵوەستەکردن و تێڕامان خاڵی پێنجەمی ژمارە (51)ی ئه و بڕیارانەیه، کە بە دەقێکی ئاشکرا دەڵێ (وێنەگرتنی دەنگدەر، که بەرلەوەی دەنگبدات، وێنەیەکی خۆی و ئه و بەڵگەنامەیەی دەگیرێت کە دەنگی پێ دەدات لەلایەن فەرمانبەری ویستگەوە و دەنێردرێت بۆ ئه و ژمارەی کە کۆمسیۆن بۆی دیاری دەکات...).
ئێمە لەدەستەی مافی مرۆڤ پێمان وایە دەرکردنی بڕیار و ڕێنمایی له و جۆرە لەڕووی ناوەڕۆک و چ لەڕووی کاتەوە گونجاو نییه، چونکە هیچ دەرفەتی نەهێشتووەتەوە بۆ تانەدان لە بڕیارەکان و لەهەمان کاتدا ناوەڕۆکی بڕیارەکە پشتی نەبەستووە بەهیچ دەقێکی یاسایی و، تەواو پێچەوانەی چەندان بنەما و ڕێککەوتنامەی مافەکانی مرۆڤ و نێودەوڵەتییە، تەنانەت پێچەوانەی خودی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی یاسای هەڵبژاردنە کە پێویستە نهێنی دەنگدەر پارێزراو بێت.
هەروەها پێچەوانەی بڕگەکانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤە، بەتایبەت بەندی 21 خاڵی یەکەم، کە مرۆڤەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان و چۆنییەتی بەشداریکردن له و پڕۆسەیە، لەهەمان کاتدا کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و ئاستی بەشداریکردنی هاووڵاتیان له هەڵبژاردن، وەکو ڕێکارێکی بێزارکەر و سەپێنراو.
بۆیە ئێمە داوا دەکەین هەرچی زووە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ئه و بڕیارەیان هەڵوەشێننەوە و، کار بەهیچ دەق و بڕیارێک نەکەن کە پێچەوانەی بڕیار و ڕینماییەکانی خۆیانه، تەنانەت کە لەماوەی ڕابردوودا دەریان کردووە بەوەی قەدەغەکراوە وێنە بگیرێت لەناو بنکه و وێستەگان لەکاتی دەنگداندا، چونکە ئه و بڕیارەیان پێشێلکردنی مافێکی ئاسایی مرۆڤەکانە.
لەهەمان کاتدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارێکی دیکەی دەرکردووە تایبەت بەدەنگدانی مەرجدار، کە گوایە بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 نەخۆشانی خەوێنراو له نەخۆشخانەکان بێبەش دەکەن لە هەڵبژاردن، لەهەمان کاتدا لەگەڵ بێبەشکردنی ڕاگیراوان و بەندکراوان لە چاکسازییەکان و گرتووخانەکان، هەروەها هەر ئەمڕۆ 27/9 سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژە بە هەمان یاسا دەکات و و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ڕابردوویان دەکاتەوە بۆ مافی دەنگدان، تەنها بۆ کارمەندانی نەخۆشخانەکان و بەندیخانەکان، لەکاتێکدا دیارە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ئاگاداری هەمواری ئه و یاسایە نییە لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (2) لە ڕۆژی 25/3/2009 بەناوی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی 2009ی یاسای هەمواری چوارەمی یاسای هەلبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان _ عێراق ژمارە (1) ی ساڵی 1992ی هەموارکراو کە لەماددەی (11)ی یاساکە بە ڕوونی هاتووە (پڕۆسەی دەنگدانی کارمەندانی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ و پاسەوانی هەرێم و سوپاو کارمەندانی نەخۆشخانەکان و چاکسازییەکان و نەخۆشەکان و بەندکراوەکان لەبنکەی دەنگدانی تایبەت بەمەرجی بەر لە 48 کاتژمێر لەکاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بکرێ) لێرەوەش ئەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە بێبەشکردنی ئه و چین و تویژانە لەدەنگدان و بەشداری له و پرۆسەیه، تەواو پێچەوانەی دەقە یاساییەکان و ڕێککەوتنامەکانی سەرەوەیە، کە ئاماژەمان پێکردن و هیچ بیانووێکی یاسایی نییە بۆ دەرکردنی ئه و جۆرە بڕیارەش و، پێویستە کۆمیسیۆن پێداچوونەوە بکات بەهەردوو بڕیار و هیشتا دەرفەت و کات لەبەردەست ماوە بۆ گۆڕین و هەڵوەشانەوەی بڕیارەکان لەپێناو بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و دوور لەهیچ گومانێک بۆ بەشداریکردنی هاووڵاتیان.
هەروەها ئه و یاداشتەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەمان کاتدا وەک سکاڵایەک بۆ پارێزگاری لەمافی گشتی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکات بۆ ئەنجامدانی ڕێکاری یاسایی و بەدواداچوون بەرامبەر ئه و بڕیارانە لەپێناو پاراستنی مافی هاووڵاتیان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان
#27-09-2018#