بە دەستپێکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، زۆرێک لە ئیش و کارەکانی ناوخۆی وەڵات بە شێوەیەک لە شێوەکان وەستاون و کارگە و ناوەندەکانیش ڕوو لە داخرانن. هەربۆیەش گوشارێکی زۆر بۆ سەر هاوڵاتیان دروست بووە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشێکی زوری خەڵک لە ڕێی بازرگانیی سنوورەکانەوە نان پەیدا دەکات، ئەم گوشارە دووقاتە، چونکە سەرەڕای ئەو گوشارە گشتییە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەنگاو بە هەنگاو سنوورەکانی داخستووە و لە ئەمساڵدا ئەم هەوڵانەی گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی و بەکردەوە هیچ کاڵایەکی بازرگانی بە ئاسانی وەک جاران هەناردە و هاوردە ناکرێت، مەگەر جار جار بە شێوە و ڕێژەیەکی زۆر کەم.
بۆیەش خەڵکانی شارە سنوورییەکان کەوتوونەتە تەنگژە و قەیرانێکی ئابووری تووندەوە. لە شارەکانی دوورتر لە سنوورەکان لەوانەیە کێشەکە کەمڕەنگتر و قەیرانەکە ئەوەندە تۆخ نەبێت، بەڵام کاریگەری تا ئەوێش چووە، چونکە بەشێکی خەڵکی ئەو شارانەش ناڕاستەوخۆ بژیویان هەر لەسەر بازرگانیی سنوورەکانە.
لەم دۆخەدا بەشێکی زۆری خەڵک گەڕاونەتەوە سەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کە بە هۆی برەوی ئیش و کاری مۆدێرن، لەمێژ بوو ئەو ئیشەیان بەجێ هێشتبوو. ئەم گەڕانەوە لە لایەکەوە جێی دڵخۆشییە چونکە ئابووریی کشتوکاڵ ئابوورییەکی سەقامگیر و درێژمەودایە و کەمتر قەیران و دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر دانێ و لە لایەکی دیکەشەوە، کشتوکاڵ بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆیە و پێش هەموو شتێک کەسی جووتیار بژێویی ڕۆژانە و خۆراکی خۆی دابین دەکات و بەرهەمەکەشی پێویستی یەکەم و سەرەکی ڕۆژانەی خەڵکانە. هەربۆیەش ئیشی کەسی جووتیار پەیوەست نییە بە بارودۆخی بازاڕ و کەش و هەوای سیاسی یان کۆمەڵایەتی.
بەڵام جیاوازییەکی کشتوکاڵی ئەم سەردەمە لەگەڵ کشتوکاڵی جاران ئەوەیە، ئەمجارە خەڵک بە شێوەیەکی زانستیانە دەستی داوەتە ئەم کارە. بە واتایەک کشتوکاڵ ئێستا لەو چوارچێوە قەدیمی و کلاسیکە هاتۆتە دەر و بەرگێکی هاوچەرخی بە بەردا کراوە. گەرچی ئەم گۆڕانکاری و نوێبوونەوەیە لە ئاستی پێویستدا و وەک وەڵاتانی پێشکەوتوو نییە، بەڵام لانیکەم بەرهەمی جووتیار بە بەراورد لەگەڵ شێوەی کۆنی کشتوکاڵ زۆر زیادی کردووە و هەر ئەو پارچە زەوییەی کە جاران دەکێڵدرا ئێستا بەرهەمێکی زۆر زیاتر دەدات. بەتایبەت کاری ڕەز و باخداری برەوی زۆر زیاترە لە جاران و بەشێکی زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردستان ئێستا بە شێوەیەکی زانستی کراونەتە باخ و ڕەز، ساڵانە داهاتێکی باش دەخەنە مستی جووتیاری کوردستانەوە.
هەربۆیەش ئەمە بۆتە هۆی ئەوە کە خەڵک داهاتێکی زۆرتریان هەبێت. بە بەراورد لەگەڵ جووتیاری جاران، جووتیاران ئێستا خۆشبژێوترن. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاوەدانی و سەوزەڵانییەکی باش ڕوو بکاتە کوردستان و خەڵک لەسەر پێی خۆیان بوەستن و سەربەخۆیانە بژێویی خۆیان دابین بکەن.[1]
#27-09-2018#