نوسینی: مەحمود دەوڵەت ئابادی
وەگێڕانی: بەرزان محەمەد
ئارام سدیق
یەکەم ڕۆمانی مەحمود دەوڵەت ئابادی کە خوێندمەوە ڕۆمانی “جێگای بەتاڵی سلوچ” بوو، ڕۆمانێک لەگەڵ سادەییەکەیدا بەڵام دونیایەکی دیکەی بەڕوودا کردمەوە. دواتر ڕۆمانی کەلیدەرم خوێندەوە کە سەرسامی کردم بەو دونیایەی دەیخولقاند و بەو وەسفە لەبن نەهاتووەی شوێن و کارکتەرەکان. دواتریش کە ڕۆمانی “کۆڵۆنێل”م خوێندەوە، هەستم کرد بەر دونیایەکی دیکە کەوتووم کە لە ڕۆمانەکانی دیکەی ئەم نووسەرە جودایە، دونیایەک سیاسەت بەتەواوی بەرەو داڕزان و بەهاکانی مرۆڤبوون بەرەو داڕووخان دەچێت. ئەم ماوەیەی پێشووش کە کورتە ڕۆمانی “ڕۆژ و شەوی یوسف”م خوێندەوە. دیسان سیحری سادەیی و جیاوازی دونیای تێکستەکە لەگەڵ خۆیدا بردمی.
“ڕۆژ و شەوی یوسف”، ڕۆمانێکی مەحمود دەوڵەت ئابادییە کە بەرزان محەمەد کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە لە دوتوێی 84 لاپەڕەدا چاپی کردووە. ڕۆمانەکە باس لە فیگەرێک دەکات، کە هەمیشە هەست بەوە دەکات سێبەرێک بە دوایەوەیەتی. دەستپێکی ڕۆمانەکە بەم شێوەیەیە:
“سێبەرێک بە دوایەوە بوو. هەمان سێبەری هەمیشە. سێبەرەکە، خۆی لە سێبەری دیوارەکەدا ون دەکرد و دیسان دەردەکەوتەوە. گەورەبوو، لەبەرچاوی یوسف گەورە دەینواند….” ئەم سێبەرەی دەوڵەت ئابادی لەم ڕۆمانەدا شوێنی کارەکتەری سەرەکی خستووە و تا دوا ڕستەکانی ڕۆمانەکە درێژ دەبێتەوە. سێبەرێکە تا کۆتایی ژیانی کاراکتەرەکە بەردەوامی بە ژیانی خۆی دەدات. ڕاستە زۆرجار سێبەرەکە ون دەبێت، بەڵام ونبوونێکی کاتییە و هەر زوو دەردەکەوێتەوە.
نووسەر لەم ڕۆمانە کورتەدا زۆر بە وردی ڕۆچۆنە نێو ناخی کاراکتەرە سەرەکییەکە و دەروونی بۆ خوێنەر بەیان کردووە. بە جۆرێک ئاشنای زۆر پەنهانی نێو دەروونی یوسفی پاڵەوان دەبێت و بەوەش ئاشنا دەبێت کە ئەو مۆتەکەیە نە لە ماڵەوە و نە لە خوێندنگە و نە لە باخچە و نێوشەقامەکان و نە لە هیچ شوێنێکی دیکە لە کۆڵی نابێتەوە.
دەوڵەت ئابادی زیرەکانی ئەم گەمەی سێبەرە تا دوا ڕستەکانی ڕۆمانەکەی درێژ دەکاتەوە بەبێ ئەوەی ئاشکرای بکات ئەو سێبەرە چییە؟ دەکرێت ئەو سێبەرە چۆن بێت؟ ئایا ئەوە سێبەری ئایینە بەدوای مرۆڤەوە، یان سێبەری “ئەوی دیەکی گەورە”یە، کە زۆر مرۆڤ ناتوانێ بەبێ ئەو ئەوی دی گەورەیە بژی. یان ئەو سێبەرە بۆ کەسێکی حزبی ئەوە سێبەری حزبە و ناتوانێ لێی قوتار بێت. دەشێت لە ڕاڤەیەکی دیکەدا ئەو سێبەرە هەیمەنەی سیستم بێت، کە مرۆڤی بە خۆیەوە گیرۆدە کردووە و مرۆڤی ئاخنیوەتەوە نێو کۆمەڵێک چوارچێوە و نۆرمەوە، کە مەحاڵە لە دەستی ڕزگاری ببێت. دەوڵەت ئابادی ئەمە بۆخوێنەر ئاشکرا ناکات و ئەو بوار بۆ خوێنەر دەڕەخسێنێت، کە خۆی بەدوای مانایەکدا بگەڕێت بۆ ئەو سێبەرەی کە بەدوای یوسفی پاڵەوانی ڕۆمانەکەوەیە.
لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا بیری ئەو قسەیەی سادقی هیدایەتم کەوتەوە، کە لە پێشەکی چاپە کوردییەکەی ڕۆمانی “حاجی ئاغا”دا دانراوە. لەوێدا سادق دەڵێت: “لە ناخی هەموو ئێرانییەک-ڕۆژهەڵاتییەک-دا حاجی ئاغایەک خەوتووە”. بێگومان دەکرێت ئیشکردنی دەوڵەت ئابایش هەر لەسەر ئەم حاجی ئاغا خەوتووە نێو ناخی تاکی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و تاکی ئێرانی بە تایبەتی بێت، چونکە ئەو ترسەی یوسفی پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە کە تا کۆتایی ڕۆمانەکە درێژ دەبێتەوە دەشێت بەهۆی تارمانیی ئەو حاجی ئاغایەوە بێت، کە لە ناخی هەموو تاکێکی ڕۆژهەڵاتیدا خەوتووە. یان بە مانا فرۆیدییەکەی ئەو ئەویدی گەورەیەیە کە تاکی ڕۆژهەڵاتی ناتوانێت تێکیبشکێنێت و خۆی لێ ڕزگار بکات، چونکە ویلەم ڕایش گوتەی مرۆڤ خۆی ڕزگارکەری خۆیەتی نەک ئەوانی دیکە.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم دەستخۆشییە بۆ بەرزان محەمەدی وەرگێڕ کە من ئەمە دووەم کتێبیەتی دەیخوێنمەوە کە وەرگێڕانەکانی جێگەی دەستخۆشی و متمانەپێبوونە. هیوای بەردەوامی هەمیشەیی بۆ دەخوازم.