بۆ نیممۆرییا، بۆ پاشای میسر، بۆ برام، بۆ ئەو زاوایەی کە خۆشم دەوێت، ئەوەی کە منی خۆش دەوێت. پێت دەڵێم توو شراتتا پاشای شانشینی میتانی، خەزوورت کە تۆی زۆر خۆش دەوێت، برات، بەوجۆرە پێت دەڵێم تەندروستی من باشە. هیوادارم کە تەندروستی تۆش بەهەمان شێوە باش بێت. ئەی زاواکەم، هیوادارم تەندروستی هاوسەرەکانت و کچەکانت و کاهینەکانت و ئەسپەکانت و گالیسکە سەربازییەکانت و هێزە شەڕکەرەکانت و وڵاتەکەت و سەروەت و سامانەکەت باشبێت. براکەم داوای ژنێکی بۆ خۆی کردبوو، ئێستا من پێم دا. وا بەرەو لای براکەم بەڕێکەوت، ئێستا من ژنێکم بەبراکەم دا، وا بەرەو لای براکەم هات. کاتێک دەگات و براکەم دەیبینێت، کچەکەشم زۆر دڵخۆشە بەبراکەم و گونجاوە بۆ ئارەزووەکانی دڵی برام. براکەم جارێکی تر مارەییەکە وەردەگرێت. کاتێ خێزانی براکەم دەگات و خۆی بەبراکەم پیشان دەدات، ئەوکاتە دیارییەکەم دەردەکەوێت. دەخوازم کە براکەم هەستێت بەکۆکردنەوەی گشت خەڵکی وڵاتەکەی و نوێنەرانی گشت وڵاتەکانی تر، دەخوازم گشت نێردراوەکان ئامادەبن. ئینجا مارەییەکەی پێشکەش بکات بەبراکەم. دەخوازم هەموو شتێک لەبەرچاوی براکەم جێگەی خۆشی و شادمانی بێت. دەخوازم مارەییەکە جێگەی شادی بێت. دەخوازم کە خانمیش بەهەمان شێوە دڵخۆش بێت. ئێستا ئەوەتا کچی باوکم، خوشکی من لە میسرە، ئەو تۆمارەی کە مارەییەکەی تێدا نووسراوە لەوێیە. ئەوەتا کچی باپیرم، خوشکی باوکم ئەویش لەوێیە. ئەو تۆمارە نووسراوەی کە مارەییەکەی تێدا نووسراوە ئەویش بەهەمان شێوە لە میسرە. هیوادارم برام داوای تۆماری نووسراوی هەردووکیان بکات، پاشان گوێ لە خوێندنەوەی ناوەڕۆکەکەی هەردوو نووسراوەکە بگرێت. هیوادارم داوای تۆمارە نووسراوەکەی من بکات، تۆماری نووسراو دەربارەی ئەو مارەییەی کە لە لایەن منەوە پێشکەشکراوە، دەخوازم کە بزانێت ئەومارەییە زۆر گەورەیەو جوانەو شایستەیە بۆ برام. دەمەوێت شتێکی تر بەبراکەم بڵێم هیوادارم براکەم گوێیی لێبێت. ئەوشتانەی کە ئەرتاتامای باپیرم جێبەجێی کردوە بۆ باوکت بریتییە لە..........، منیش زۆر زیاترم کردوە لەوەی کە باپیرم ناردویەتی کە دە جار لەهی باپیرم زیاترە. هیوادارم براکەم دەوڵەمەندم بکات لەبەرچاوی وڵاتەکەم، هیوادارم براکەم دڵم نەشکێنێت. بۆیە داوا لە براکەم دەکەم کە پەیکەرێکی کچەکەم لەزێڕ بۆ بنێرێت. من دەزانم کە براکەم لە قوڵایی دڵیەوە منی زۆر زۆر خۆشدەوێت، هەروەها دەزانم کە لەوڵاتی براکەم زێڕێکی زۆر هەیە. لەلایەکی ترەوە، هیوادارم براکەم پەیکەرێکی دروستکراو لە(عاج)پێشکەشم بکات. هیوادارم ئەوانەم گوێ لێ بێت، ئەو پەیکەرەی کە لەزێڕ دروستکراوە پەیکەری(تادوو خیپا)یە کچی توو شراتتا گەورەی میتانییەکان. کە ئەو کچەشی پێشکەشکردوە بە ئەمموریا گەورەی میسر. ئەمموریا پەیکەرێکی لەزێڕی بۆ دروستکردوە، زۆر بەخۆشەویستییەوە پێشکەشی بەتوو شراتتای کردوە. لەبەر هەموو ئەوانە ئێمە یەکترمان خۆشدەوێت، بەشێوەیەکی زۆر زۆر گەورە. ئاشتی باڵی کێشاوە بەسەر وڵاتی هەردووکماندا. هیوادارم هیچ دوژمنێک نەبێت بۆ براکەم، بەڵام ئەگەر دوژمن پەلی هاویشت بۆ ناو وڵاتی براکەم با ئاگادارم بکاتەوە، تاوەکو وڵاتی خوورییەکان و زرێپۆشەکان و چەکەکان و.....هەتا دوایی لەژێر فەرمانی براکەم دابێت بۆ بەرەنگار بوونەوەی دوژمن. لەلایەکی ترەوە، ئەگەر دوژمنێک سەریهەڵدا بۆم. هیوادارم سەر هەڵنەدات. ئەوا برام ئاگادار دەکەمەوە، تاوەکو براکەم وڵاتی میسرییەکان و زرێپۆشەکان و چەکەکان و.....هەتا دوایی لەوانەی کە تایبەتن بەبرام لەژێر فەرمانی منی دابنێت.
سەرچاوە: شوێنەوارەکانی کوردوستان