سەبارەت بە کتێبی مرۆڤ شێرپەنجەی زەوییەی ئەمیل سیۆران
ئارام سدیق
فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدیگەر لە کتێبی بوون و کاتدا پێداگری لەسەر بوونی ڕەسەن دەکات و لای ئەو بوونی ڕەسەن بەوە دەستەبەر دەبێت کە مرۆڤ بە نیگەرانییەوە درێژە بە ژیان بدات، بەڵام نیگەرانییەک نائومێدی نەکات لە ژیان و بەردەوامی بە کار و پڕۆژەکانی خۆی بدات. هەتا لە جێگەیەکدا بەڕوونی ئەوە دەخاتە ڕوو کە مرۆڤ پێویستە نیگەرانییەکانی بکات بە پڕۆژە. پێدەچێت ئەم بۆچوونانەی هایدیگەر لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت کە ناکرێت مرۆڤ دڵخۆش بێت بە ژیانێک، کە مەحکومە پێی و بەبێ ویستی خۆی فڕێدراوەتە نێوی، هاوکات مەرگیش لە بەردەمیدایە و هیچ ڕێگە چارەیەکی دەربازبوونیشی نییە. بۆیە بە نیگەرانییەوە بەردەوامبوون دەشێت جۆرێک بێت لە ناڕەزایی بەردەوام بە دۆخی باو و ئەمەش وەکوو هایدیگەر دەیەوێت نابێت مرۆڤێکی پاسیڤ درووست بکات. بەڵکوو دەشێت مرۆڤێکی ئەکتیڤ درووست بکات، کە لە چالاکی و داهێنان بەردەوام بێت.
لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا کتێبی مرۆڤ شێرپەنجەی زەوییەی ئەمیل سیورانم خوێندەوە، کە جەبار سابیر کردوویەتی بە کوردی و خانەی ڕۆنان لە دوتوێی 128 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە هەڵبژاردەیە کە نووسینە کورتەکانی سیوران و مرۆڤ لە کاتی خوێندنەوەیدا گەشتێک دەکات بەنێو دونیا پڕ لە نائومێدییەکەی ئەم نووسەرەدا. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ ئاشنابوون بە دونیای سیوران. بەتایبەت کە وەرگێڕی فارسی کتێبەکە بەهمەن خەلیقی پێشەکییەکی درێژی لەسەر ژیان و نووسینەکانی ئەم نووسەرە نووسیوە و بەوردی چەندین وێستگەی ژیانی سیورانی ڕوونکردووەتەوە، کە من لێرەدا دووبارەکردنەوەیان بە پێویست نازانم و باشترە خوێنەر دەستی بە کتێبەگە ڕابگات.
لە کاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا خوێنەر بەر دەیان ئایدیای کورتی جۆراوجۆر دەکەوێت، کە هەموویان زادەی نائومێدی ئەم نووسەرەن لە ژیان و بوون، کە مرۆڤ خۆی دەستی لە هەڵبژاردنیدا نییە.
ماوەیەک لەمەوبەر بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر هاتنە نێو بوون بە هەڵبژاردنی مرۆڤ بوایە، ڕەنگە زۆر کەس هەر لە سەرەتاوە ڕەتیان بکردایەتەوە. بەڵام زۆری دیکەش کە ئارەزووی تاقیکردنەوەی شتەکان دەکەن دەهاتن و ئەم عەزابەیان دەچەشت، کە ناونراوە ژیان. بەڵام من لەوبەرەیەم، کە هەرزوو ڕەتم دەکردەوە. ژیانێک کە مردن دوا خاڵی بێت شایەنی ئەوە نییە تێیدا بژین. بەڵام ئەوەی وا دەکات بەردەوامی بە ژیانم بدەم ئەو بڕوایەمە بەو نیگەرانییەی هایدگەر باسی دەکات و ئەو نائومێدییەشی کە سیوران هەموو ژیانی ئەزموونی کرد.
بەپێی بۆچوونەکانی هایدیگەر نیگەرانی لای مرۆڤی ڕەسەن دەبێتە پڕۆژە و داهێنان و لای مرۆڤی پاسیڤیش دەبێتە دەردەدڵ و کڕوزانەوە و کارنەکردن و پاساوهێنانەوە بۆ پاسیڤبوونەکەی. لای ئەمیل سیوران ئەوەی هەیە و هەستی پێ دەکرێت نائومێدییەکی سەرتاسەری و تا ئەوپەڕی وەڕسکەرە. بەڵام نائومێدییەک نییە خۆکوشتنی لێ بکەوێتەوە، یان مرۆڤێکی پاسیڤ بەرهەم بهێنێت. بەڵگەی ئەم قسانەش ئەو کار و کتێبە گرنگانەیە، کە ئەم نووسەرە چاپ و بڵاوی کردوونەتەوە. واتە ئەگەر لای هایدیگەر نیگەرانی دەبێتە پڕۆژە و چالاکی ئەوا سیوران نائومێدی دەبێتە چالاکی. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە سیورانە نائومێدییەکانی نەکردۆتە دەردەدڵ و کڕووزانەوە و کارنەکردن و دواجاریش هەڵبژاردنی مەرگ. بەڵکوو ئەو لەگەڵ ئەوەی ماوەی حەوت ساڵ ئەزموونی بێ خەوی چەشت. بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی مەرگ بە باشتر لە ژیان بزانێت و هەوڵی دا نووسینی نوێ بنووسێت و کتێبی نوێ بڵاوبکاتەوە.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە لەگەڵ ئەوەی گەشتێکە بەنێو کۆمەڵێک ئایدیای بچووکدا، بەڵام مرۆڤ تووشی ڕامان و وردبوونەوە دەکات لە ژیان و زۆر دیاردەی دیکە. دەست خۆشی بۆ #جەبار سابیر# بەهیوای بەردەوامی.