ئارام سدیق
زۆر کتێب هەن کە هەر بە بینینی ناونیشانەکەیان حەز بە خوێندنەوەیان دەکەم. لای من ناونیشان گرنگی و بایەخی خۆی هەیە. هەر لەبەر ئەم گرنگی و بایەخەش بوو، هەشت ساڵ لەمەوبەر کتێبێکم لەسەر گرنگی ناونیشان لە چیرۆکدا نووسی. بۆیە زۆرجار هەر لە ناونیشانەوە کتێبێک بەرەو لای خۆی پەلکێشم و دەکات و لە زووترین کاتدا دەیخوێنمەوە. کاتێک بۆ یەکەمجار بە ناونیشانی ڕۆمانی خەتی بزماری ئاشنا بووم، زۆر بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوو، بەو پێیەی یانی چی ڕۆمانێک ناوی خەتی بزمارییە؟ ئەبێ ئەو کۆدە چی بێت، کە نووسەرەکەی لە ڕێی ئەو خەتە بزمارییەوە بۆ خوێنەری دەکاتەوە؟ و چەندین پرسیاری دیکە، بەڵام وەک زۆر کتێبی دیکە نەمتوانی هەر لەگەڵ دەرچوونیدا بیخوێندنەوە و بەهۆی سەرقاڵییەوە خوێندنەوە ئەم ڕۆمانە لای من دوا کەوت تا ئەم چەند هەفتەیەی پێشوو.
ڕۆمانی خەتی بزماری، ڕۆمانێکی قادر عەبدوڵڵایە و شەفیقی حاجی خدر کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ئەندێشە لە دوتوێی (484) لاپەڕەدا بە چاپی گەیاندووە. ئەم ڕۆمانە سێیەم ڕۆمانی ئەم نووسەرەیە کە نا هەنووکە کراوە بە کوردی و پێشتریش هەمان وەرگێڕ ڕۆمانی خانووەکەی مزگەوتێی وەرگێڕاوە و هاوکات سەلاحەدین بایەزیدیش سەفەری بوتڵە بەتاڵەکانی کردووە بە کوردی.
قادر عەبدوڵڵا، لە بنەڕەتدا ناوی حسێن سجادی فراهانیە، دوای شەهیدبوونی دووبرادەری نزیکی، کە هەردووکیان چەپن و کوردن، کە یەکێکیان ناوی قادر و ئەوی دیکەیان ناوی عەبدوڵڵا دەبێت، ئیتر ناوی ئەم دووبرادەرەی دەکاتە پاشناوی خۆی و ئیدی بەناوی قادر عەبدوڵڵا بابەتەکانی بڵاودەکاتەوە و نووسەر لە 12/12/1954 لە ئەراک لە ئێران هاتۆتە دنیاوە و لە خانەوادەیەکی دینداردا گەورە بووە و ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتی هۆڵەندا دەژی و خاوەنی نزیکەی بیست کتێبی چاپکراوە.
قادر عەبدوڵڵا لەم ڕۆمانەدا دیسان کار لەسەر مێژووی ئێران و دەسەڵاتی ئایین لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا دەکات، کە ئەم دوو شتەش خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانی خانووەکەی مزگەوتێی هەمان نووسەرن. لەم ڕۆمانەدا نووسەر لەگەڵ ئەوەی کار لەسەر سیمبولێکی ئایینی دەکات و دەیەوێت دەسەڵات و هەیمەنەی ئایین لەنێو خەڵکدا پیشان بدات. هاوکات کاری لەسەر شۆڕش و بەرەنگاری تاک کردووە بەرامبەر بە سیستمە دیکتاتۆرییەکان و گرنگی و خەبات و تێکۆشانی تاک بەرامبەر ئەو سیستمانەدا. لە ڕۆمانی خەتی بزماریدا پیرۆزییەکان لە پیرۆزی دادەماڵرێن و نووسەر لە چەند جێگەیەکدا و لەرێی گۆڕی ئیمامێکەوە ئەمەی پیشان داوە و تامەزرۆیی خەڵکی بۆ بەسەرکردنەوەی ئەو پیرۆزییە پیشانداوە لەو کاتانەدا کە بە ناڕەحەت دەستیان پێی گەیشتووە، کاتێک شا دێت و ڕێگەی شەمەندەفەر بۆ ئەو جێگەیە دەبات ئەو پیرۆزییە لای خەڵک دەشکێت، چونکە دەتوانن بە زووی دەستیان بەو جێگەیە بگات کە پێشووتر بە مەشەقەتێکی زۆر پێی دەگەیشتن. شکاندنی پیرۆزی ئایینی لە ڕۆمانی خانووەکەی مزگەوتێشدا لە چەند جێگەیەکدا کاری لەسەر کراوە، کە بەلای منەوە ئەمە خاڵی درەوشاوە ئەم ڕۆمانانەی قادر عەبدوڵڵایە. لە کۆی ئەم دوو ڕۆمانەدا و لە کارکردنی ئەم نووسەرەوە ئەوە ڕووندەبێتەوە کە نابێت ئایین و کەسایەتی ئایینی تەقدیس بکرێن، بەڵکو ئایین بۆ خزمەتی مرۆڤ هاتووە نەک مرۆڤ ببێتە خزمەتکاری ئایین. ئەم نووسەرە دەیەوێت ئەوە ڕەتبکاتەوە کە مرۆڤ ببێتە خزمەتکاری ئایین و بتە ئایینییەکان بپەرستێت.
بێگومان ڕیشەی ئەم ڕەتکردنەوەیە لای ئەم نووسەرەوە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە زۆرجار و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتدا ئایین لەبری ئەوەی ببێتە بەرنامەیەک بۆ ژیانێکی نوێ و هەوڵێک بۆ پێکەوە ژیان بۆتە هۆکارێک بۆ سڕینەوەی ئەوی دیکە و ڕەتکردنەوەی جیاوازییەکان. کەی مرۆڤ بووە خزمەتکاری ئایین ئەوکاتە ئەگەری خوێنڕشتن زیاتر و زیاتر دەبێت.
جێگەیەکی دیکە لەم ڕۆمانەدا زۆر سەرنجڕاکێشە ئەو بێدەنگکردنەی باوکە وەکو ڕەمزێکی کۆمەڵایەتی. لە ڕۆمانەکەدا، باوکی پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە لاڵە. ئەم لاڵییە دەشێت لە جێگەیەکدا هێما بێت بۆ ڕەتکردنەوەی باوکسالاری، بەڵام لە جێگەیەکی دیکەدا ڕەتکردنەوەی ئەو ئەویدیگەورەیەیە کە دەبێت تاک تێکی بشکێنێت و خۆی گەورە و سەروەری خۆی بێت، نەک کەسێکی دیکە. لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە تا کۆتایی ئەم پیاوە تەنها بە ئیشارەت دەپەیڤێ و هیچ قسەیەک ناکات. دەشێت بە دیوێکی دیکەدا نووسەر ویستبێتی ئەو دەسەڵاتەی باوک لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، کە تاڕادەیەک دەسەڵاتێکی موتڵەقە ڕەتبکاتەوە، یان سڕی بکات، بۆ ئەوەی بیخاتەوە قەبارەی سروشتی خۆی نەک قەبارەی فووتێکراوی لەلایەن کۆمەڵگەی پاشکەوتووەوە.
یەکێک دیکە لە خاڵە گرنگەکانی ئەم تێکستە ئەو یاریکردنەی ڕۆمانووسە بە زەمەن. ئەمە نەک لە ڕۆمانەکەدا گەمەیەکە خوێنەر چێژی لێوەر دەگرێت، بەڵکو خاڵێکە دەکرێت ڕۆمانووسان سوودێکی زۆری لێوەربگرن لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ زەمەندا. لە زۆر جێگەدا زەمەن تێکەڵ دەبێت و تەنها خوێنەری وریا دەتوانێت جیاکاری لەنێوان زەمەنەکاندا بکات، یان زۆر بە تیژتێپەڕی زەمەن دەگۆڕێت، کە لە زۆر جێگەدا مایەی سەرسوڕمانە و بەتوانایی ڕۆمانووس دەردەخات لە هونەری ڕۆمانووسیندا. ئەم جۆرە مامەڵەکردنەی زەمەن لە ڕۆمانی ماڵی بێدەنگی ئۆرهان پاموکیشدا هەستی پێدەکردێت. لەو ڕۆمانەدا پاموک، لەڕێی کارکردنێکی وردکارانەوە زەمەن لە تێکستەکەدا دەباتەڕێوە و لە زۆرجێگەدا ڕابردووە و ئێستا و داهاتوو تێکەڵ دەبن، تێکەڵبوونێک کە زۆرجار درککردنی مەحاڵە. لە خەتی بزماریدا درککردنی هێندەی ماڵی بێدەنگ مەحاڵ نییە، بەڵام خوێنەر بەرمامەڵە و کارکردنێکی جیاواز و جوان دەکەوێت.
ئەوەی لە دواجاردا ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە ئەم ڕۆمانە دەکرێت لە زۆر لەلایەنی دیکەوە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و بەهیوام بتوانم لە داهاتوودا کارێکی وردتر لەسەر کارەکارەکانی ئەم نووسەرە بکەم. ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها ڕانانێکی کورتە بۆ ڕۆمانی خەتی بزماری، کە نەک تەنها شایەتی خوێندنەوەیە، بەڵکو خاوەنی چەندین جار خوێندنەوەیە. دەستخۆشی و هیوای سەرکەوتن بۆ وەرگێڕی بە توانا شەفیقی حاجی خدر بەهیوای بەردەوامی و ماندوونەبوونی.