شاعیر و ئازادی
ڕامانێکی کورت بەدیار ڕۆمانی نامە بۆ کچەکەمی تیۆدۆر کالیفاتیدیس
ئارام سدیق
دوای ڕۆمانی وڵاتێکی نوێ لە دەرەوەی پەنجەرەکەم و ژنێک بۆ خۆشویستن. نامە بۆ کچەکەم، سێیەم ڕۆمانی تیۆدۆر کالیفاتیدێسە، کە بە کوردی بڵاو دەبێتەوە، ئەم ڕۆمانە دلاوەر قەرەداغی لەسویدیەوە کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ئەندێشە لە دووتوێی 434 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. ڕۆمانەکە باس لە کەسێک دەکات بەناوی (پابلیۆس ئۆڤیدیۆس ناسۆ)، کە بە ناسۆی شاعیر ناسراوە لەشاری ڕۆما دەژی، بەهۆی خۆشەویستی کچێکەوە بەناوی کورینا دەست دەکات بە شیعر نووسین بەهۆی شیعرەکانیەوە لەلایەن قەیسەرەوە بۆ وڵاتی یۆنان دوور دەخرێتەوە. ڕۆمانەکە بە تەکنیکی نامەیی نووسراوە و تەواوی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە لەڕێی نامەکانی ناسۆی شاعیرەوەوە بۆ کچەکەی. ئەو لەو نامانەدا باسی تەواوی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و زۆر لایەنی ژیانی کە شایستەی هەڵوەستە لەسەرکردنە دەخاتەڕوو.
لەم نووسینەدا تەنها لەسەر یەکێک لەو شتە گرنگانە هەڵوەستە دەکەم کە لەم ڕۆمانەدا خراوەتەڕوو ئەویش پەیوەندی پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەوەیە کە فیگەرێکی شاعیرە بە ئازادییەوە.
ئەگەر پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە شاعیر نەبوایە ڕەنگە ڕۆمانەکە هێندە سەرنجڕاکێش نەبوایە. بەڵام کالیفاتیدێس زیرەکانە شاعیرێکی گرنگ و نێوداری وەک ئۆڤیدۆسی کردۆتە پاڵەوانی ڕۆمانەکەی و لەوێوە بەر زۆر دیدگای گرنگ دەکەوین لەبارەی شیعر و هەڵوێستی شاعیرانەوە. لە لاپەڕەکانی سەرەتای ڕۆمانەکەدا لە نامەیەکدا بۆ کچەکەی دەنووسێت: ڕەنگبێ هەموو عیشقێک شیعر نەبێ، بەڵام هەموو شیعرێک عیشقە. کالیفاتیدێس دەیەوێت ئەوەی بخاتەڕوو کە شیعری ڕاستەقینە لە عەشقێکی ڕاستەقینەوە لە دایک دەبێت ئیتر ئەو عیشقە بۆ زمان بێت یان نەتەوە، بۆ خاک بێت یان مەعشوق، یان هەر شتێکی دیکە.
یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی ڕۆمانەکانی کالیفاتیدێس خەمی تاراوگەبوونە ئەم نووسەرە لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا یۆنانییە و هەر لە زووەوە چوەتە وڵاتی سوید و لەوێ لە تاراوگە درێژەی بە ژیان داوە بۆیە ئەم دۆخی تاراوگەبوونە لە هەموو ڕۆمانەکانیدا بە شێوەی جۆراو جۆر ڕەنگدانەوەی هەیەو لە زۆر جێگەی ئەم ڕۆمانەکە باس لە دۆخی تاراوگەبوون دەکات. خودی پاڵەوانی ڕۆمانەکەش لە وڵاتی خۆی وەدەردەنرێ بۆیە ئەمە زەمینەی ئەوە خۆش دەکات کە نووسەر لەرێی ئەم فیگەرەوە باشتر گوزارشت لە دۆخی تاراوگەبوونی ئینسان بکات، هەتا لە جێگەیەکدا لەڕێی خۆشەویستی بۆ زمانەکەیەوە گوزارشت لە دۆخی خۆی دەکات و دەنووسێت:بەبێ زمانەکەم نەدەکرا ژیانێکی ڕاستەقینە بژیم، هەر بەڕاستی ئەوەشم تاقیکردەوە.
خاڵێکی گرنگتر لای من لەم ڕۆمانەدا ئەو پەیوەندییەی شاعیرە بە ئازادییەوە. بە جۆرێک تەواوی هەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو کۆیلەیەی هەیەتی ئازادی بکات. فیگەرە سەرەکی ئەم ڕۆمانە باس لەوە دەکات کە کۆیلەیەکی هەبووە و زۆر هەوڵی ئەوەی داوە ئازادی بکات بەڵام کۆیلەکە ئازادی نەویستووە و خەمی ئەوەی هەبووە ئەگەر لای ئەم خاوەنکۆیلەیە بڕوات ڕەنگبێ بمرێ لەبرساندا و نەتوانێت بژی. ئۆڤید هەوڵی زۆر دەدات تا قەناعەت بە کۆیلەکە بکات کە ئازادی بۆ ئەو باشترە و دەتوانێت کە ئازاد بوو بۆ کوێ بیەوێت بڕوات. بەڵام کۆیلەکە هەر لە ئازادی تێناگات و وا دەزانێک ئازادی ناوی کارێکی دیکەیە و ئەو بۆی دۆزیوەتەوە. دواجار خاوەنکۆیلە ڕازی دەکات کە وەکو دوو هاوڕێ پێکەوە بژین و لە هەمان خانووشدا بمێننەوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە خەونی ئازادییەیە کە لەرێی شاعیرێکی وەکو ئۆڤیدەوە، کالیفاتیدێس خستویەتییەڕوو. شاعیرانی ڕاستەقینە لەو نەسلەی مرۆڤن کە بەر لە گشت کەس بیر لە ئازادی ئینسان و سەرجەم مرۆڤەکانی دیکە دەکەنەوە. ئازادی لای ئەوان پێشمەرجە بۆ بوونی مرۆڤ. بەبێ ئازادی مرۆڤ بوونێکی ناتەواو و ناکامڵی هەیە. بۆیە شاعیرانی ڕاستەقینە نەک خۆیان نابنە کۆیلەی هیچ دەسەڵات و سیستمێک (وەک چۆن لەم ڕۆمانەدا ئۆڤید لە دەسەڵات هەڵدێت و لەگەڵیدا هەڵناکات)، بەڵکو دەسەڵات و سیستم ڕەت دەکەنەوە و هەمیشە کار بۆ ئەوە دەکەن پەراوێزی ئازادی زیاتر بکەن.
لە جێگەیەکدا ئۆڤیدۆس دەنووسێت:مرۆڤ دەبێت ئازاد بێ، تا بیری ئازاد بکاتەوە. واتە مرۆڤ تا ئازاد نەبێت ناتوانێت بیریشی ئازاد بێت. ئۆڤیدۆس کارێک دەکات بڕوا بە کۆیلەکەی (کە ناوی دییلە) بکات کە ژیانێکی نوێ دروست بکات و ژن بهێنێت و ئیتر بە ئازادی بژی. هەر ئەوا دەکات. لە جێگەیەکدا دەڵێت من دەمویست ئەو ئیتر ژیانی خۆی بژی. ڕزگارکردنی کۆیلەکە ئەگەر بە دیوێکدا خەونی هەموو مرۆڤێکی خاوەن هەڵوێست و ویژدان زیندوو بێت، ئەوا بە دیوێکی دیکەدا خەونی هەموو شاعیرێکی ڕاستەقینەیە کە هەوڵ بۆ ئازادبوونی نەک هەموو مرۆڤەکان بدات. بەڵکو هەوڵ بۆ ئازادکردنی باڵندەی نێو قەفەز و هەموو زیندەوەرەکانی دیکە بدات. شاعیری ڕاستەقینە بەرگریکارێکی سەرسەختە لە ئازادی، نەک خۆی ببێتە کۆیلەی نەتەوە و سیستم و دەسەڵات. شاعیری ڕاستەقینە نەخۆی بە خەڵکی یەک جێگە دەزانێت و نە خۆی بە کولتوورێکەوە گرێ دەدات. ئەو ئەگەر مرۆڤێک لە هەر جێگەیەکی دنیادا ئازاری پێ بگات و ئازادی لە مەتریسدا بێت ئەو خەمی دەخوات و کار بۆ ڕزگارکردنی دەکات. شاعیرانی بیرکەرەوە دژی کۆیلەیەتی دەجەنگن و خەونی ئازادی هەموو بوونەوەران بەگشتی و سەرجەم مرۆڤایەتی بەتایبەتی لە سەریاندایە.
ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە ئەم ڕۆمانە دەکرێت لە چەندین پەنجەرەی دیکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین و زیاتر بەدیارییەوە ڕابمێنین، بەڵام لەم نووسینەدا تەنها بواری ئەوەندە هەیە، کە لێرەدا خرایەڕوو. دەستخۆشی بۆ دلاوەر قەرەداغی کە هەمیشە ئەو تێکستانە دەکاتە کوردی کە بۆ دنیای ئێمە پێویستن و جێگەیەکی گرنگ لە کتێبخانەی کوردیدا پڕدەکەنەوە. بەهیوای ئەوەی هەمیشە کاری نوێیان ببینم.