خەونی هاوڕێکان بە کوێ دەگات؟
لەبارەی ڕۆمانی خەونی مشکەکان و پیاوەکانەوە
ئارام سدیق
خەونی مشکەکان و پیاوەکان، یەکێکە لە ڕۆمانە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی نووسەری ئەمەریکی جۆن شتاینبێک لە چەند مانگی ڕابردوودا(2017) بە وەرگێڕانی شێنێ بۆسکانی لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشەوە بڵاوکرایەوە.
جۆن شتاینبێک لە ساڵی 1902 لە ولایەتی کالیفۆڕنیا لە دایکبووە و لە ساڵی 1925 دا چۆتە زانکۆی ستانفۆرد، بەڵام هەر زوولە خوێندن و ئەکادیمیا بێزار بوو و وازی لە زانکۆ هێنا. پاش ئەمەش خۆی بۆ دنیای نووسین تەرخان کرد. هەر لەم بوارەشدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا تا گەیشتە ئەوەی لە ساڵی 1940دا خەڵاتی پۆلیتسەری بردەوە و دواتریش لە ساڵی 1962دا خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی وەر گرت. تا هەنووکە حەڤدە کتێبی لە هۆلیۆد کراونەتە فیلم، کە ئەمەش نێوبانگی زیاتری بۆ ئەم نووسەرە پەیدا کرد. لێ دواجار بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە ساڵی 1968 لە نیو یۆرک کۆچی دوایی کرد.
شتاینبێک لەم کورتە ڕۆمانەدا، پەنجەی بۆ خەون، هاوڕێیەتی، قوربانیدان، تەنیایی و هیوا، ڕەگەزپەرستی، ڕاکێشراوە. نووسەر لە میانی هەوڵ و تەقەلای ئەم دوو هاوڕێوە، دەیەوێت چیرۆکی هەموو ئەوانە ب گێڕتەوه، کە گیرۆدەی دەستی ناعەدالەتی کۆمەڵگە و تەنگژەی ئابووری بوون. جۆرج یەکێکە لە فیگەرە سەرەکییەکانی نێو ڕۆمانەکە و کەسێکی چالاک و بڕوا بە خۆبووە و خاوەنی خەونی گەورە و هیوای خۆیەتی و کاریش دەکات بۆ ئەوەی ئەو خەونانە بهێنێتە دی. لێنێ، فیگەرێکی دیکەی نێو ڕۆمانەکەیە و هاوڕێی جۆرجە، کەسێکی ساویلکە و تاڕادەیەک گەمژە و دڵسافە و هەر ئەم دڵسافییەشە دواجار بۆی دەبێتە بەڵاو ژیانی لێ دەسێنێتەوە.
جۆرج و لێنێ پێکەوە لە کێڵگەیەکدا ئیش دەکەن و جۆرج خەونی ئەوەی هەیە کە ئەویش ببێتە خاوەنی کێڵگەیەکی هاوشێوە کە خۆی خاوەنی بێت. لێ لێنێ خەونی ئەوەندە بچووکە دەیەوێت ئەگەر جۆرج بووە خاوەنی ئەو کێڵگەیە ئەو تەنها وەکو کرێکارێک بمێنێتەوە و دەست بەسەر پشتی کەروێشکەکاندا بهێنێت یان گیایان بداتێ. ئەگەر هەر سەرنج لەمە بدەین دەبینین نووسەر دوو جۆر لە مرۆڤی لە ڕێی ئەم دوو فیگەرەوە خستۆتەڕوو فیگەرێک کە خاوەنی خەونی گەورەیە و دەشیەوێت کاری بۆ بکات بۆ ئەوەی خەونەکەی بهێنێتە دی. جۆرێک لە مرۆڤی دی کە لێنێ نوێنەرایەتی دەکات کە خاوەنی خەونگەلی بچووکن و هەر لە جێگەی خۆشیاندا دەمێننەوە.
یەکێکی دیکە لەو چەمکانەی ئەم ڕۆمانە لێی دەدوێت چەمکی هاوڕێیەتییە. جۆرج و لێنێ دوو هاوڕێن کە بەردەوام پێکەوەن لە کارکردن لە کێڵگەکەدا، وەک وتم جۆرج وریا و زیتەڵەیە، بەڵام لێنێ، کەمێک ساویلکەیە و بینینی کورتمەودایە و بیرکردنەوەی بۆ خۆی و ئاییندەی نییە. جۆرج، لێنێی وەک خۆی بە ساویلکەیی و گەمژەییەکەیەوە قەبوڵ کردووە و هیچ هەوڵێک نادات بۆ ئەوەی وریای بکاتەوە یان هەوڵی گۆڕینی بدات. بەڵکو ئەو وەکو خۆی قەبوڵی کردووە و بۆ ئەمەش ناچارانە بەردەوام دەبێت ئاگای لە هەڵسوکەوتەکانی بێت، بەڵام زەمەن شتی دیکەی لە هەگبەدایە بۆ ئەم دوو هاوڕێیە و ناکرێت بەردەوام هەر پێکەوە بن. کاتێک جۆرج لە لێنێ دوور دەکەوێتەوە و بەکارێکەوە سەرقاڵ دەبێت ئیدی لێنێ دەکەوێتە نێو بۆشاییەکەوە و ڕووبەڕووی دۆخێک دەبێتەوە کە نازانێت چۆن مامەڵە بکات و لە ساتێکدا و لە نەزانی و ساویلکەیی خۆیدا تاوانێک لە دەستی دەقەومێت و کەسێک دەکوژێت.
کوشتنی ئەم کەسە سەرەتای بچڕانی پەیوەندی هاوڕێیەی نێوان جۆرج و لێنێیە. سەرەتای کۆتاییهاتنی ئەو یەکتر قەبوڵکردنەشە کە جۆرج بە ساویلکەییەکەیەوە لێنێی قەبوڵ کردبوو.
لێرەدا نووسەر هیچ وردەکارییەکی زیاتر نادات بە دەستەوە لەسەر پەیوەندی هاوڕێیەتی ئەم دوانە. بەڵام خوێنەر ئەوەی تێدا دەخوێنێتەوە کە نووسەر مەبەستییەتی ئەوە بخاتەڕوو کە پێویستە هاوڕێ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەڵسوکەوتن و ڕەفتاری هاوڕێکەی هەبێت و وشیاری بکاتەوە، چونکە هەر ئەو قەبوڵکردنەی جۆرجە کە لێنێ وەکو خۆی قەبوڵ دەکات بەڵام دواجاریش ناچار دەکرێت بە دەستی خۆی بیکوژێت و ببێتە بکوژی ئەو هاوڕێیەی ساڵانێکی تەمەنیان پێکەوە بەسەر برد.
کاتێک خوێنەر دەگاتە دوا لاپەڕەکانی ئەم ڕۆمانە ئەو پرسیارەی بۆ دروست دەبێت ئەرێ خەونی هاوڕێکان بە کوێ دەگات؟ جۆرج و لێنێ بۆ بەم چارەنووسە تاڵە گەیشتن. بێگومان هاوڕێیەتی بریتی نییە لە قەبوڵکردنی یەکتری بەو شێوەیەی هەیە. بەڵکو هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ ژیانکردن و گەیشتنە بە باشترین و ڕووناکترین ڕێگەکان و هەموو هاوڕێیەکی ڕاستەقینە قوربانیدەرێکی ڕاستەقینەیە بۆ هاوڕێکەی و مامۆستایەکی ڕێنمایکەریشە بۆ وشیارکردنەوە لە پێشهاتەکان. نەک قەبوڵکردنی هاوڕێ بە کەموکوڕییەکانەوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی.
دواجار ئەم ڕۆمانە زۆر لایەن و چەمکی دیکەش دەخاتە بەر ڕۆشنایی، بەڵام ئەوەی زیاتر لای من خاوەنی هەڵوەستە لەسەرکردن بوو چەمکی هاوڕێیەتی بوو. دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و ناوەندی ئەندێشە.