شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لە ئەوروپا
ڕانانێکی کورت
ئارام سدیق
یەکێک لەو نووسەر و ڕۆشنبیرە عەرەبانەی کە ساڵانێکی زۆر سەرقاڵی گواستنەوە و کارکردنە لەنێو فیکریی ڕۆشنگەریی ئەوروپیدا د.هاشم ساڵحە. ئەم نووسەر و ڕۆشنبیر و وەرگێڕە بەردەوام و بەبێ وەستان کار لە گواستنەوەی ئەو ئەو کەلەپوورەی خۆرئاوایە بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتییەکان. کەلەپورێک کە دیوێکی تاریک و دیوێکی ڕووناکە. ئەوەی لە پرۆژەی هاشم ساڵحدا جێگەی بایەخە ئەو هەردوو دیوەکەی دەبینێت و هەوڵی گواستنەوەی هەردوو دیوەکەی دەدات و ڕەخنەی دیوە تاریک و پاشکەوتووییەکەی دەکات و دەشخوازێت چاو لەو دیوە ڕۆشنەی بکەین، کە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی پێویستییەکی سەردەمە.
تایبەتمەندییەکی هەموو نووسین و کتێبەکانی هاشم ساڵح هەوڵدانە بۆ سادەکردنەوەی بیر و هزری خۆرئاوایی و بە جۆرێک هەموو(یان زۆربەی) خوێنەران، کە سەروکاری لەگەڵ خوێندنەوەدا هەبێت لێی تێبگەن. بێگومان ئەمەش دوو هۆکاری هەیە یەکەمیان بەهۆی ئەوەی بەشی هەرە زۆری نووسینەکانی ئەم نووسەرە بۆ ڕۆژنامەی الشرق الاوسطدەنووسێت و ئەو کتێبانەشی کە لێکۆڵینەوەی تایبەتین هەر زمانەکەیان ئاسانە، چونکە پێدەچێت ئامانجی ئەو نووسین نەبێت بۆ نوخبەیەکی دیاریکراو، بەڵکو وەک لە پڕۆژەی نووسینی ئەم نووسەرەدا دەردەکەوێت ئامانجی وشیارکردنەوەی تاک بە تاکی ڕۆژهەڵاتییە بەگشتی و تاکی عەرەبە بە تایبەتی.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کتێبێکی ئەم نووسەر و ڕۆشنبیرەم خوێندنەوە کە دیسان درێژە پێدەری پرۆژەکانی پێشووی ئەم نووسەرەیە، کە بەشی هەرە زۆریان خوێندۆتەوە و لێیان سوودمەند بووم، ئەو کتێبە نوێیە، کتێبی شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لە ئەوروپا، کە شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی و لە دوتوێی 368 لاپەرەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە کارکردنە لەسەر ئەو شەڕە دوور و درێژەی کە ڕۆشنگەران دژی عەقڵیەتی فێندەمێنتالیستەکان لە ئەوروپا بەرپایان کرد و قوربانی زۆریاندا و چەند سەد ساڵێک خەباتی بێوچانیان کرد تا پایەکانی ڕۆشنگەرییان چەسپاند و ژیانێکیان فەراهەم کرد کە شایستەی تێدا ژیان بێت، نەک ژیانێک کە کۆیلەبوونی تاکەکان بکاتە ئامانج و تاک خاوەنی دەنگ و سەنگی خۆی نەبێت.
سەرەتای کتێبەکە بە باسکردن لە سەردەمی ڕۆشنگەریی و ڕۆحییەتی ڕۆشنگەریی و بۆچوونی ئەو نووسەر و بیرمەندانە دەستپێدەکات، کە کاریان لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی ڕۆشنگەریی ئەوروپی کردووە. لەسەرەتای کتیبەکەدا هاشم ساڵح لای وایە ناتوانین لە ئەوروپای ئێستا و هۆکارەکانی گەشەسەندن و باڵادەستبوونی تێبگەین، تەنها بە گەڕانەوە نەبێت بۆ ئەو سەدەیەی کە مشتومڕ لەبارەی سەرهەڵدانی ڕۆشنگەریی و نوێکردنەوەی عەقڵەوە کراوە. هاوکات لەبارەی چرکەساتی سەرهەڵدانی ڕۆشنگەریشەوە ئەم نووسەرە لای وایە ڕۆشنگەریی لە کۆتایی سەدەی حەڤدەهەمەوە دەست پێدەکات لە چرکەساتی دیکارتەوە و بە شۆرشی فەرەنسی کۆتایی دێت ئەو شۆڕشەی بەرئەنجامی ڕۆشنگەریی خۆی بوو. هاشم ساڵح وردتر چرکەساتی ڕۆشنگەری دەستنیشان دەکات و دەنووسێت: سەردەمی ڕۆشنگەریی ڕێکوڕاست ساڵی 1685 دەستیپێکرد، واتە سەروەختێک هاتە ئارا، کە قەیرانی هۆشیاریی ئەوروپی گەیشتە لووتکە. لەو ئانوساتەدا هۆشیاری تەقلیدی مەسیحی نەیدەتوانی درێژە بە مانەوەی خۆی بدات و بەو شێوەیەی سەدەکانی ناوەڕاست بەردەوام بێت.
دواتر نووسەر ئاماژە بۆ بۆچوونی تۆدۆرۆف دەکات لەبارەی ڕۆشنگەرییەوە و دەنووسێت: تۆدۆرۆف پێیوایە خەسڵەتی سەرەکی پرۆژەی ڕۆشنگەری، بریتی بوو لە ئازادکردنی مرۆڤ لە دێوەزمەی تیۆلۆژیای کۆن، بۆ خاتری ئەوەی بتوانێت بە عەقڵی خۆی دوور لەهەر فشارێکی دەرەکی بیربکاتەوە. بە درێژایی ساڵانێکی زۆر ئەمە دەبێتە جەنگ لەنێوان فەیلەسوفانی ڕۆشنگەری و پیاوانی ئایینی. هاوکات تۆدۆرێف پێی وایە کودەتای مەعریفەی ڕۆشنگەری سەرەتا تێکوپێکدەر و دواتر بونیادنەر بوو. تۆ ناتوانی شتێکی نوێ بونیاد بنێیت ئەگەر کۆنەکە تێک و پێک نەدەیت.
لە بەشەکانی دیکەی کتێبەکەدا نووسەر بە وردی باسی لە قەیرانی وشیاریی ئەوروپی لەگەڵ فێندەمێنتالیزمی مەسیحی کردووە و هاوکات باسی لەو شەڕەش کردووە کە لەنێوان فێندەمێنتالیست و ئەقڵانییەتی ئەوروپییدا هەبووە. هاوکات ئاوڕی لەوەش داوەتەوە کە لە سەردەمی ڕۆشنگەرییدا تێگەیشتنێکی نوێ بۆ ئایین هاتۆتە ئاراوە. دواتریش باسی لە بۆچوونی هەریەک لە سپینۆزا، دیکارت، ڤۆڵتێر، بایل، دیدرۆ، ڕیچارد سیمۆن، لیسینگ، هۆڵدەرلین، ئۆگەیست کۆنت، سان سیمۆن، هیگڵ، کانت و ڤیکتۆر هۆگۆ کردووە، کە سەرجەمیان کاریان بۆ ڕۆشنگەرکردنی فیکریی ئەوروپی و ڕزگارکردنی دەوڵەت لەسەر عەقڵیەتی کڵێسا کردووە و هەر یەکەیان لای خۆیەوە و بەپێی بوار و لە ڕێگەیەکەوە هەوڵی ڕۆشنکردنەوەی ئەو تاریکییەی داوە کە مەسحییەت لە ئەوروپا لەسەدەکانی ناوەڕاستدا پەیڕەوی کردبوو.
ئەوەی کێشەی سەرەکی ئەم نووسەر و ڕۆشنبیر و فەیلەسوفانە بوو لەگەڵ عەقڵیەتی فێندەمێنتالیزمدا ئەوە بوو کە ئەوان ڕوایەتییان بە کوشتنی ئەو مرۆڤانە دەدا، کە تەنها لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی نەریت و سروتەکانی کەنیسەدا بیریان نەدەکردەوە. ڕۆشنگەریی هەوڵی لەناوبردنی ئەو عەقڵیەتەی دا و سەریش کەوت، بەڵام بە قوربانییەکی زۆرەوە. ئەوەی لەم کتێبەدا د.هاشم ساڵح پێداگریی تەواوەتی لەسەر دەکات ئەوەیە کە ئەو نەریتە ڕۆشنگەرییە بگواسترێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی، چونکە بەبێ گەیشتنی ڕۆشنگەریی بۆ ڕۆژهەڵات مەحاڵە بەر بە خوێنڕێژی بەردەوام و مرۆڤکوژی بگیرێت. خەمی هاشم ساڵح لە کارکردنی بەردەوامی لەم پرۆژەیەدا پێویستی ئەو عەقڵیەتەیە کە جورئەتی ئەوەی هەبێت لە جێگەیەکەوە دەست بە ڕیفۆرم بکات و دەسەڵاتی مەزهەبە دینی و پیاوانی ئایینی کەم بکاتەوە و بیرمەندان و ڕۆشنبیران ببنە ڕێنیشاندەری کۆمەڵگە، تا لەو هەڵدێرەی تێیدایە دەربهێنرێت.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ هەر خوێنەرێک دەشێت خاڵێک بێت بۆ بەخۆداچوونەوە و گۆڕانێک بێت بەرەو بەرچاوڕوونی زیاتر لەوەی لەم دەڤەرەدا دەگوزەرێت و شەرعییەتی ئایینی دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە و مرۆڤ دەکاتە خزمەتکاری ئایین و دەیکاتە سووتەمەنی بۆ کوورەی ئایین، نەک ئەوەی ئایین ببێتە خزمەتکاری مرۆڤ. دەستخۆشی بۆ شوان ئەحمەد، کە بەردەوامە لە گەیاندنی فیکریی ڕۆشنگەریی د.هاشم و هاوشێوەکانی بۆ نێو ڕۆشنبیریی کوردی، کە دڵنیام ئەگەر لە ئێستادا کاریگەریی ئەم جۆرە کتێبانە هەست پێ نەکەین لە ئاییندەدا کاریگەرییەکانی بەتەواوی دەردەکەوێت.