کاریتە لە کفری هەڵناکەوێت
کاریتە واتە دارێکی ڕاست و ڕێک وپێک بۆ سەرگرتنی خانوو (دارەڕێ)ی سەر بان لەبارە و کەڵک و سوودێکی باشی لێ دەبینرێت و لە کاتی (قوڕەپەست-گڵەبان)یش کەمتر کێشە درووست دەکات و بەکەمترین گڵ کاری سەرسواق و گڵەبانەکەی تەواو دەبێت و چاڵ و چۆڵی و گرفت بۆ خەوتنی سەربان لە هاوینان درووست ناکات، ئەی (کفر) چییە؟ کفر درەختیلە-دەوەنێکە لەشیو ودۆلەکاندا لە کوردستاندا لە ناوچەی زورگان و شاخاوی دەڕوێت و لق و پۆپەکانی خواروخێچ و کوورتی بەپڕژە و لقۆچکەن و بەهیچ بارێک نەوەک کاریتە بەڵکۆ (گۆپاڵ یان دارەدەستی شوان)یشیان لێ درووست نابێت، هەر لەبەر ئەمەیە وەک ئیدیۆم بەکارهاتووە بۆ کەسێک ڕەسەن و بنەچە و خانەوادەی خراپ بێت ئەوا نابێتە ئەو کەسەی پشتی پێ ببەستی و ببێتە پیاوچاک وماقوڵی شار و لادێ و وڵات، بۆیە ئەگەر یەکێک لە بنەڕەتدا لە قۆناغ و دیوەخان و کۆڕ و کۆبوەنەوەی گەوران نەبوبێت و دسن و ڕەسەنایەتی دیار نەبێت، یان ئەگەر دسن و بنەچەی لە پیاوخراپ و ناکەس بەچە بێت و بیەوێت کارێکی باش بکات ئەوا بەگومانەوە لێی دەڕوانرێت و دەوترێت (کاریتە لە کفری هەڵناکەوێت).