میتۆدۆلۆژی و ڕەخنەی ئەدەبی کوردیی د.فوئاد ڕەشید
-ناساندنێکی کورت-
ئارام سدیق
یەکێک لەو قسەوباسانەی زۆرجار باس دەکرێت، یان وەکو تانە لەو کەسانە دەدرێت کە ڕەخنە دەگرن و خاوەنی بیرێکی ڕەخنەیین و بە هەموو تێکستێک سەرسام نابن و تێکستە لاواز و بێڕۆحەکان ڕەخنە دەکەن یەکەمین تۆمەت کە بۆیان دروست دەکرێت کێشەی میتۆدە، یان نامیتۆدی ڕەخنەکەیان و ڕەچاونەکردنی میتۆدێکی دیاریکراوە. بێگومان بەشێک لەو سەرنجانە لە جێی خۆیدایەتی و دەشێت زۆرجار دوورکەوتنەوە لە میتۆد، یان ڕەچاونەکردنی میتۆد لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە زیان بکەوێتەوە بۆ توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی، بەڵام بەکارهێنانی میتۆد و مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئەگەر وشیارییەکی زۆری لەگەڵدا نەبێت ڕەنگە ببێتە هۆی ماسکێک، یان ماکیاژێک و ڕووی تێکست ئارایشت بکات. کەم نین ئەو توێژینەوانەی کە بەپێی میتۆد کاریان کردووە، بەڵام بوونەتەوە بەرگێکی نوێ بۆ تێکست و خەوشەکانیان داپۆشیوە. بۆیە زۆرجار میتۆد دەبێتە پەناگەیەک بۆ حەشاردانی خەوشەکانی تێکست و ناشیرینی و لاوازییەکانی فەرامۆش دەکات و بەشتی لاوەکییەوە دەنیشێتەوە، کە گرنگی ئەوتۆی نییە لە بونیادی دەقەکەدا. بۆیە چەندە گرنگە میتۆد بەکاربهێنین، هێندە گرنگە وشیاریی بەکارهێنانیمان هەبێت و بەبێ ئەو وشیارییە ناتوانرێت توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی گرنگ و سەرنجڕاکێش بەرهەم بهێنین و خزمەت بە ئەدەب بەگشتی و ڕەخنە بە تایبەتی بکەین.
میتۆدۆلۆژی و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کتێبێکی نوێی د.فوئاد ڕەشیدە، کە لەم کتێبەدا هەوڵیداوە باس لە کێشەی نەبوونی میتۆد، یان فرەمیتۆدی و نادروست بەکارهێنانی لە ڕەخنەی ئەدەبی کوردیدا دەکات. ئەم کتێبە ئەگەرچی لە ڕووی ژمارەی لاپەڕەوە کتێبێکی قەبارە بچووکە، بەڵام کتێبێکە بە وردی هەڵوەستەی لەسەر چەند بابەتێکی گرنگی تایبەت بە میتۆد لە ڕەخنەی ئەدەبیدا کردووە کە شایستەی هەڵوەستە لەسەرکردن و خوێندنەوەیە.
لەبەشی یەکەمدا نووسەر دێتە سەر باسکردن لە میتۆد و میتۆدناسی و لەوێدا بە وردی میتۆدی ڕەخنەیی و پێناسەکانی لە چەند ڕوانگەیەکی جیاوازەوە دەخاتەڕوو، کە میتۆدی ڕەخنەیی بریتییە لەو تێڕوانین و هەنگاو و کەرەستانەی کە ڕەخنەگر لەم کردەی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبییدا سوودی لێدەبینێت و پەیڕەوی دەکات. دواتریش ئەوە دەخاتەڕوو کە بنەمای پێکهاتەی میتۆدی ڕەخنەیی بریتییە لە ڕوانین و چەند هەنگاوێکی پراکتیکی ئەم هەنگاوانەش بێ کەرەستەی ڕەخنەیی نانرێن.
لە بەشی دووەمدا نووسەر دێتە سەر باسکردن لە ڕەخنەگر و میتۆدی ڕەخنەیی، سەرەتاش بە پێناسەی ڕەخنەگر دەست پێ دەکات و دەنووسێت دەکرێ لە ڕستەیەکی کورت و سادەدا بگووترێ، ڕەخنەگر کەسێکە کار لەسەر شیکردنەوە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبی دەکات، بازنەی ئەم کارەش پێی دەگوترێت، ڕەخنەی ئەدەبی، کەواتە بەشێک لە ناسینی کەسایەتی ڕەخنەگر بازنەی کارەکەیەتی. دواتریش نووسەر باسی لە ڕەخنەگر کردووە لەنێوان خودیبوون و میتۆدگەراییدا، لەوێدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە ڕەخنەگر بۆ ئەوەی تەنها بیروبۆچوونی خۆی و حەزی تاکەکەسی نەبێت و بابەتیانە لە دەق بڕوانێت بۆیە هەوڵ دەدات سوود لە میتۆد وەربگرێت. هەر لێرەدا د.فوئاد ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئەمە بە مانای سڕینەوەی ڕۆڵی خودی ڕەخنەگر نییە، چونکە لەلایەک کاری ڕەخنەیی بەر لە هەر شتێک کارێکی خودییە، بەو مانایەی پشت بە چەشەی ئەدەبی و وردبینی ڕۆشنبیریی و خودی دەبەستێت، وەک لەوەی پشت بە میتۆدگەرایی ببەستێت. بەڵام لەلایەکی دیکەوە کاری ڕەخنەیی جێبەجێکردنی میکانیکی میتۆدێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو سەرکێشیشە لە پێناو بە دیارخستنی جیهانی ناوەوەی دەقو ئەو بنەمایانەی دەقەکەی لەسەر دامەزراوە. بێگومان ئەوەی لێرەدا د. فوئاد ڕەشید بە سوود وەرگرتن لە بۆچوونی چەند نووسەر و ڕەخنەگرێک خستوویەتییە ڕوو گرنگی تایبەتی هەیە، بەڵام لاموایە دەبوو بە ڕوونی ئەوە بخاتەڕوو کە خۆبەستنەوەی میکانیکیانە بە تەنها میتۆدێک و جێبەجێکردنی میکانیکیانەی میتۆد زیان بە پرۆسەی ڕەخنە بگەیەنێت. بۆیە لاموایە دەبوو لێرەدا نووسەر وردتر پێداگری لەسەر ئەوە بکردایەتەوە بەکارهێنانی میتۆد ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازە بۆ کەشفکردنی دەق، بێگومان من ناڵێم نووسەر مەبەستەکەی نەگەیاندووە. بەڵام بە ڕوونی ئەمەی دەرنەخستووە، دەنا لەپشت ڕستەکانەوە ئەمە دەخوێنرێتەوە، بەڵام زۆرجار دەبێت مەبەستەکان ڕوونتر بن، تا پەیامی نووسەر باشتر بگاتە خوێنەر.
هەر لەم بەشەدا نووسەر ئاماژەی بە چەندین بابەتی دیکە کردووە ڕەخنەگر و نامەی ئەکادیمی و هاوکات ڕەخنەگر و هۆشمەندی میتۆدبەندی. ئەمە بێجگە لەوەی کە نموونەی پراکتیکشی هێناوەتەوە، کە بەلای منەوە بەم نموونانە بایەخی کتێبەکەی زیاتر و زیاتر کرد و جێگەی دەستخۆشییە.
هەرچی بەشی دواترە تەخان کراوە بۆ پۆلێنکردنی میتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و لەم بەشەدا جۆرەکانی ڕەخنەی پۆلێن کردووە هەر لە ڕەخنەی وەسفی و ڕەخنەی پێوەرییەوە تا دەگاتە میتۆدە کۆنەکانی ڕەخنە و میتۆدە نوێکانی ڕەخنە. دواتریش باسی لە کێشەی ئامادە نەبوونی میتۆد و هاوکات کێشەی ئامادەبوونی تاکە میتۆدێک و کێشەی فرەمیتۆدیشی باس کردووە، کە هەر یەکەیان لەگەڵ ئەوەی لایەنی باشی خۆیان هەیە، هاوکات لایەنی نەرێنیشیان هەیە و دەشێت خۆمان لەو لایەنە نەرێنیانە بپارێزین. دواتریش نووسەر بە نموونەی پراکتییەوە مەبەستی ئەم بەشەی زیاتر ڕوون کردۆتەوە.
هەرچی بەشی چوارەم و کۆتایی کتێبەکەیە تەرخان کراوە بۆ میتۆدی ڕەخنەی ڕەخنە و بە وردی لەسەر کارکردنی ئەم میتۆدە و چۆنیەتی بەکارهێنانی میتۆدەکە دواوە. هاوکات باسی لەو بەهەڵە بەکارهێنانەش کردووە کە زۆرجار لەلایەن نووسەران و ڕەخنەنووسانەوە بەکار دەهێنرێت و نموونەی پراکتیشی لەسەر هێناوەتەوە.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە ئەمە تەنها ناساندنێکی کورتە بۆ کتێبەکە و کتێبەکە بۆ هەر کەسێک سەروکاری لەگەڵ نووسین و توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی هەبێت زانیاری گرنگی تێدایە و جێگەی دەستخۆشییە بۆ د. فوئاد ڕەشید. بەهیوام هەمیشە بەرهەمی نوێیان ببینم.