هەنگاوەکانی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە
لەنێوان محەمەد فەریق حەسەن و مندا
ئارام سدیق
پاش بڵاوبوونەوەی کتێبە نوێیەکەم لەسەر هەنگاوەکانی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە بەناوی چۆن خوێندنەوە بکەین بە کولتوور؟ لە چەند جێگەیەک و لای چەند کەسێکەوە بیستمەوە دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە کتێبەکەی من هاوشێوەی کتێبەکەی مامۆستا محەمەد فەریق حەسەن بێت، کە ئەویش کتێبێکی بەناونیشانی بەکولتوورکردنی خوێندنەوەوە چەند ساڵێک لەمەوبەر چاپ و بڵاوکردۆتەوە، یان چەند خوێنەرێک ئەوەیان پێ ڕاگەیاندم کە ئایا پێویستە دوو کتێب لەسەر هەمان بابەت بنووسرێن؟
بێگومان ئەم جۆرە گومان دروستکردن و پرسیارانەی خوێنەرانیش دەشێت وەڵام بدرێنەوە. بەر لە هەر شتێک دەمەوێت بڵێم ڕێگەکانی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە تەنها لە یەک کتێبەوە دەست پێ ناکات، واتە تەنها لە کتێبەکەی محەمەد فەریق حەسەن و منەوە دەست پێناکات. ئەم بابەتە کە هەوڵە بۆ چەسپاندنی کولتوورێک، کە وشیاریی ئارەزوومەندانە تێیدا بەدەست دێت. لە کتێبەکەی مامۆستا محەمەد فەریق حەسەن و لەم کتێبەی من و ڕەنگە لە کتێبی دەیان نووسەری دیکەش کە لە داهاتوودا دەردەچن دەست پێ دەکات. بۆیە من ئاواتەخوام دەیان نووسەر و پەروەردەکاری دیکە کار لەسەر ئەم بابەتە بکەین و دەوڵەمەندی بکەن و ڕێگەی دیکە بدۆزنەوە و پێشنیاری بکەن تا خوێندنەوە ببێتە بە کولتوور.
کتێبەکەی من هەوڵێکە بۆ بە کولتوورکردنی خوێندنەوە و دیاریکردنی سەرجەم ئەو هەنگاو و ڕێکارانە پێویستن ئەوەی محەمەد فەریق حەسەن لە کتێبەکەیدا باسی نەکردووە، یان ڕاگوزەر بەلایدا ڕۆیشتووە لەژێر ئەو ناونیشانەدا خۆی لە قەرەی نەداوە و ئەو ڕێکارانەی دیاری نەکردووە، کە خوێندنەوە لە کۆمەڵگەدا دەکات بە کولتوور. من لەم هەوڵەمدا هەوڵمداوە ئەوە بکەم و لە خەمی بە کولتوورکردنی خوێندنەوەدام و هەموو ڕێکارەکانیشم دەستنیشان کردووە، لە باخچەی ساوایانەوە تا دەگاتە زانکۆ و پەیمانگاکان و هاوکات ڕۆڵی خێزان و کاریگەریی میدیا و هاوڕێ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشم بە شێوەیەکی ورد و باس کردووە. ئەمە بێجگە لەوەی وەڵامی پرسیارگەلی لە چەشنی چی بخوێنینەوە؟ چۆن بخوێنینەوە؟ کەی بخوێنینەوە؟ ئەگەر نەخوێنینەوە چی ڕوودەداتم داوەتەوە؟ هاوکات باسم لە چێژی خوێندنەوە و گرنگی و بایەخی خوێندنەوە و ئەو جۆرە لە خوێنەر کردووە کە ناچالاک و بیرنەکەرەوەیە، کە بەڕێزیان خۆیان لە هیچ کام لەوانەش نەداوە. هاوکات لە جێگەی دیکەدا باسم لە پەیوەندی کتێب و بیرکردنەوە کردووە، کە ئەمەش گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و مرۆڤ ئەگەر بشخوێنێتەوە و لەگەڵیدا بیر نەکاتەوە وەکو ئەوە وەهایە خواردنێک بخوات و هەزمی نەکات و جەستەی سوودی لێوەرنەگرێت. بۆیە گرنگە کتێب بە بیرکردنەوە ڕامانەوە بخوێنرێنەوە و ببێتە وزەیەک بۆ داهێنان و بەرەنگاریی و یاخیبوون، نەک ببێتە پەناگەی پاسیڤبوون و نائومێدی و بێدەنگی لە ئاست ئەو هەموو ناعەدالەتییەی بە بەرچاومانەوە ڕوودەدات.
لە چەندین جێگە و بۆنەدا مامۆستا محەمەد فەریق حەسەن دەڵێت تۆ ناوی کتێبەکەت وەکو خۆی کۆپی کردووە و لەمنت وەرگرتووە. ڕاستییەکەی ئەمە قسەیەکی کۆمیدییە، بەڵام تراژیدیایەک لە پشتییەوە ئامادەیی هەیە ئەم مامۆستا بەڕێزە، کە لانی کەم چل ساڵ ئەزموونی خوێندنەوە و نووسینی هەیە و ساڵانێکی زۆر لە وڵاتی دانیمارک بووە و بە حساب یەکێکە لەو نووسەرانی توانیویەتی سوود لەو کولتوورە دەوڵەمەندی ئەوێ وەربگرێت، بەڵام بەم چل ساڵە نە ئەزموونی وەرگرتووە و نەک سوودی لە خوێندنەوە بینیوە. لەبەر ئەوەی لەگەڵ نووسین و خوێندنەوەدا بوونەوەرێکی بیرکردەوە و چالاک نەبووە، بۆیە نەیتوانیوە ئەو نەزعە خێڵەکییە تێکبشکێنێت کە خاوەندارێتی مرۆڤە بۆ شتەکان و وادەزانێت نووسەر دەبێت خاوەنداری وشە بێت. ئیتر ئەم مامۆستایە بێئاگایە لەوەی وشە کاڵا نییە، وشە بوونێکی سرکی هەیە و هەموو کەسێک خاوەنییەتی کە بەکاری دەهێنێت و ئەوانە خاوەنی ڕاستەقینەی وشەن، کە دەتوانن بە کاریگەریی بەکاری بهێنن و قووڵایی دیکەی تێدا بدۆزنەوە. ئەم مامۆستا بەڕێزە نووسین و خوێندنەوە فێری ئەوەی نەکردووە، کە وشە موڵکی کەس نییە، بۆیە ناتوانێ لەو دۆگما خێڵەکییە دەربچێت و ویستی خاوەندارێتی وشە لە خۆیدا بشکێنێت. ئەگەر نووسەرێک نەتوانیت خۆی لە تەپوتۆزی کولتووری پاشکەوتووی کۆمەڵگەکەی ڕزگار بکات، ئایا توانای ئەوەی هەیە بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوە ڕێبەرمان بێت؟ بێگومان من کارم وەڵامی ئەم پرسیارەوە نییە، چونکە وەڵامەکە لەوە ڕوونترە من ئاشکرای بکەم.
لە ئێستاوە و پاش چاپبوونی کتێبەکەم چۆن خوێندنەوە بکەین بە کولتوور؟، من سوپاسی هەر کەسێک دەکەم کە لە دوای منەوە بێت و کتێبی نوێ و توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر هەمان بابەت بکات و هەنگاوێک لە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە نزیکمان بخاتەوە. نائاگایی مامۆستا محەمەد فەریق حەسەن لەوەدایە کە ئاگاداری ئەدەبیاتی دونیاش نەبێت ئایا ئەو نازانێت بە دەیان ڕۆمان هەیە لە جیهاندا یەک ناونیشانیان هەیە و هیچ کەسێک دەردەدڵی ئەوە ناکات، کە ئەو ناونیشانە لەوەی ئەو براوە. هەر بۆ نموونە وشەی بەفر لە چەندین ناونیشانی ڕۆماندا هەیە و من دەتوانم ناوی بەفری یاسۆناری کاواباتا. بەفری ماکسێنس فێرمین. بەفری ئۆهان پاموک و چەندینی دیکە ڕیز بکەم.
لە دواجاردا دەمەوێت پێداگریی لەسەر ئەوە بکەم ئەم هەوڵەی من بەرئەنجامی ناڕازیبوونە بە کتێبەکەی محەمەد فەریق حەسەن، من تا کتێبەکەی ئەوم نەخوێندنەوە بیرۆکەی نووسینی کتێبگەلی لەم چەشنەم نەبوو، بەڵام کتێبەکەی محەمەد فەریق حەسەن منی ڕازی نەکرد و تێکەڵ و پێکەڵییەکی زۆر لە کتێبەکەیدا هەیە، کە کۆمەڵێک ئایدیای پەرش و بڵاوە، کە بەلای منەوە ناتوانێ خزمەتێکی دروست بە پرۆسەی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە بکات. بۆیە من دەستم بەم کارە کرد و دەخوازم لە داهاتووشدا پەرەی پێ بکەم. هیوادارم مامۆستا محەمەد فەریق حەسەن بتوانێت قەبوڵی ئەوە بکات، کە دەشێت ڕێگەکانی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە لە دەیان ڕێگەوە بێت نەک تەنها لە یەک ڕێگەوە و لە دیدگای یەک کەسەوە دەست پێ ناکات. پێویستمان بە دیدگای هەموو تاکێک هەیە کە بە پێشنیار و وشەکانی هەنگاوێک بە کولتوورکردنی خوێندنەوە بباتە پێشەوە. مرۆڤ بۆیە دەنووسێت و دەخوێنێتەوە تا بەر دەیان ڕێگەی جیاوازی ژیانکردن بکەوێت، نەک لەنێو دۆگماکانیدا چەق ببەستێت و بۆ هەمیشەیی لە جێگەیەکدا بمێنێتەوە.