هێرمان هیسە، ڕۆژئاواییەک عاشقی ڕۆژهەڵات
ئارام سدیق
کەم نین ئەو مرۆڤانەی لە زێدی خۆیان تووڕە دەبن و دەخوازن لێی هەڵبێن و جێی بهێڵن. کەمنین ئەو مرۆڤە ڕۆژهەڵاتیانەی عاشقی هەموو شتێکی ڕۆژئاوان و هەر زوو زێدەکەیان جێدێڵن و شوێنی دڵخوازی خۆیان لە ڕۆژئاوا هەڵدەبژێرن، بە پێچەوانەشەوە کەم نین ئەو ڕۆژئاواییانەی کە عاشقی ڕۆژهەڵاتن و بە گەشت سەردانی دەکەن یان بۆ هەمیشەیی لێی دەمێننەوە. دە ساڵ لەمەوبەر هاوڕێیەکم کەسێکی پێ ناساندم، کە خەڵکی وڵاتێکی ئەوروپی بوو (ئێستا ناوی وڵاتەکەم بیر نییە) بڕیاری یەکجارەکی دابوو، کە لە کوردستان و لە شاری سلێمانی بمێنێتەوە، من کە هۆکاری ئەم مانەوەکەیم پرسی ئەو گوتی عاشقی پایزی کوردستان بووە و وەرزی پاییز زۆر سەرنجی ڕاکێشاوە. ئەو کەسە تا هەنووکەش هەر لە کوردستان دەژی و ناوە ناوە لە نێو بازاڕی سلێمانی دەیبینمەوە.
جاندۆستیش لە ڕۆمانی مارتینی بەختەوەردا چیرۆکی کەسێک بەناوی مارتین لە سەدەی هەژدەدا دەگێڕێتەوە، کە لە ژیانی ئەوروپا بێزار دەبێت و دەیەوێت بەختەوەری بەدەست بهێنێت، بۆ چنگکەوتنی بەختەوەرییش سەرزەمینی ئەوروپا بە جێدەهێڵێت و ڕوو لە ڕۆژهەڵات دەکات و ماوەیەکی زۆر لە شاری حەلەب دەمێنێتەوە و دواتریش ڕوو لە ئەستەنبوڵ دەکات. بە هەرحاڵ لێرەدا ناچمە وردەکاری ئەو ڕۆمانەوە و ویستم تەنها وەکو نموونەیەک باسی بکەم. لەم وتارە کورتەدا دەمەوێت باس لە نووسەرێک بکەم کە ئەویش لەو مرۆڤانە بوو، کە عەشقێکی زۆری بۆ ڕۆژهەڵات هەبووە، کە ئەویش هێرمان هیسەیە. ئەم نووسەرە لەگەڵ ئەوەی چەند جارێک سەردانی ڕۆژهەڵاتی کردووە و تێیدا ماوەتەوە، هاوکات ئەم گەشت و گەڕانەی بە ڕۆژهەڵاتدا لە نووسین و ڕۆمانەکانیدا ڕەنگیداوەتەوە، کە بە ئاشکرا لە هەردوو ڕۆمانی سەفەرێک بۆ ڕۆژهەڵات و سەیدهارتادا هەستی پێ دەکرێت. ئەم نووسەرە لەگەڵ ئەوەی تا هەنووکە تەنها چەند بەرهەمێکی کەمی کراوە بە کوردی ڕەنگە وەکو پێویست لای خوێنەری کورد نەناسرا بێت بۆیە لەم ماوەیەی پێشوودا، زانیار عەلی کۆمەڵێک وتاری وەرگێڕدراوی لەسەر ئەم نووسەرە لە دوتوێی کتێبێکدا بەناوی هێرمان هیسەەوە لە دوتوێی 117 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکردەوە.
ئەم کتێبە دەشێت دەروازەیەکی نوێ بێت بۆ ناسینی ئەم نووسەرە، کتێبەکە کۆمەکی تەواوی ئەو کەسانە دەکات کە تا هەنووکە هیسەیان نەناسیوە و بە دونیابینی ئەو ئاشنا نەبوون و دەشێت لەم کتێبەوە ئاشنابوونێکی سەرەتایی و گرنگ بەم نووسەرە دەست پێ بکەن. بۆ ئەو کەسانەشی کە چەند بەرهەمێکی ئەم نووسەرەیان خوێندۆتەوە، دیسان دەبێتە دەستپێکێکی نوێ بۆ ناسینی ئەم نووسەرە، چونکە کۆی وتارەکانی ئەم کتێبە لەسەر یەک بابەتی دیاریکراو نین و یەک نووسەر نەینووسیون، بەڵکو خوێنەر بەر کۆمەڵێک بۆچوونی جیای نووسەرانی جیا دەکەوێت، کە لەسەر بەرهەمە جۆراو جۆرەکانی ئەم نووسەرە دەدوێن. ئەمە بێجگە لەوەی لە کۆتایی ئەم کتێبەدا خوێنەر بەر یەکێک لە گرنگترین نامەکانی ئەم نووسەرە دەکەوێت کە بۆ شاعیرێکی لاوی ناردووە و تێیدا بۆچوونی خۆی لەسەر شیعر و چۆنێتی نووسینی شیعر دەردەبڕێت.
دەبێت هەر لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەم تا هەنووکە بەشی هەرە زۆرمان هیسە تەنها وەکو نووسەر و ڕۆمانووس دەناسین، بەڵام ئەم نووسەرە یەکێکە لە شاعیرە دیار و پڕ بەرهەمەکان کە نزیکەی دە کتێبی شیعریی بڵاوکردۆتەوە. بۆیە ئەو نامەیەی لەم کتێبەدا بڵاوکراوەتەوە، بەلای منەوە بەشێکی گرنگ لە ڕووئیای شیعریی ئەم نووسەرە ڕوون دەکاتەوە، کە هیسە پێیوایە دەکرێت شیعرنووسین ڕەهەندێکی دیکەی هەبێت جگە لەو سەرکەوتنانەی بەدەستی دەهێنێت، پێداویستییەکی ڕۆحییە بۆ خودی شاعیر. لە جێگەیەکی دیکەی هەمان نامەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە شاعیر لەو مرۆڤانەیە سازش لەسەر ئازادی خۆی ناکات و مرۆڤێکی بەرزە و توانایەکی سەیری هەیە بۆ ئازادبوون. بەڵام لە ڕاستیدا شاعیر مرۆڤێکی بەرپرسیارە.
گرنگی هیسە لێرەدا دەدەکەوێت کە لەگەڵ ئازادییدا وەکو جان پۆڵ سارتەر، بەرپرسیاریش دەخاتە ئەستۆی شاعیر. گرنگی ئەم بۆچوونە لەوەدایە، کە ئازادی بەرئاوەڵایی و نابەرپرسیارێتی نییە، بەڵکو مرۆڤ کە ئازادی بەدەست دەهێنێت هاوکات بەرپرسیارە بەرامبەر ئەو ئەرکەی لەسەر شانییەتی. بۆیە هیسە ئاماژە بە بەرپرسیارێتی شاعیر دەکات و دەڵێت بەرپرسیارە بەرامبەر بە شیعر و دەبێت خۆی بۆ تەرخان بکات.
وتارەکانی ئەم کتێبە هەرچەندە کورتن و کتێبەکەش لە ڕووی قەبارەوە بچووکە، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گەورە و گرنگن، دەشێت کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ بێت بۆ هیسەناسی. هەربۆیە جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە وەرگێری ئەم وتارانە زانیار عەلی بکەین، کە ئەمە یەکەم کتێبی چاپکراویەتی بەهیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ دەخوزام.