عوسمان محەمەد ڕەشید
ساڵی 1959 لەشاری سلێمانی هاتوومەتە دونیاوە.
ساڵی 1981 زانکۆی سلێمانی بەشی ئەندازیاریم تەواوکردووە.
لەهەمان ساڵدا بوومە سەرباز لە خان بەنی سەعدی لای بەغدا و پاشان ئەشغالی عەسکەری فایدە لای دهۆک و پاشان ئینتیداب کراین سەرەتای 1983 و لە خۆجێیەتی سولەیمانی بوومە ئەندازیار تا ساڵی 1992.
ساڵی 1992 بوومە بەڕێوەبەری دەزگای فریاکەوتنی ئیسلامی جیهانی لقی سلێمانی کە ئەمەش تاکۆتایی 2003 ی خایاند و نزیکەی 10000 مناڵی بێباوکمان کەفالەت کرد و بەسەدان مزگەوت و مەکتەب و خەستەخانە و پڕۆژەی ئاو و شتی دیکەمان پێشکەش کرد و لەبەرئەوەی کە وەزعەکە گۆڕا نەدەتوانرا پارە تەحویل بکرێت بۆ کوردوستان کارەکانمان وەستا.
ساڵی 2004 گەڕامەوە خۆجێیەتی سلێمانی و دواتر چوومە سایلۆی سولەیمانی و لە 2008 دا خۆم خانەنشین کرد و پاشان چوارساڵ لە کۆمپانیا کارم کردو لە 2014 ەو خۆم دەستبەتاڵ کردووە بۆ بانگەواز.
ساڵی 2014 مانگی 10 لەگەڵ مامۆستا شێرزاد عەبدولوەهاب و مامۆستا ئیکرام و چەند بەڕێزێکی تر پەیمانگای بانگخوازانمان دامەزراند و دواتر لەگەڵ ڕێکخراوی ژیاردا یەکی گرت و بووە ئینستتیوتی ژیار و دوو خول وەک ئەندامی دەستەی کارگێری کارم کرد لەگەڵیاندا..
پابەند بوونم بەئیسلامەوە:
لەساڵی 1973 ڕابوونی ئیسلامیم ناسیوە و لەو ساوە بەردەوام هەوڵمداوە ئەوەی دەیزانم بیگەیەنم بە هاوەڵ و ئەوکەسانەی لە دەورم بوون.
بەفەزڵی خوا هەمیشە لە خەمی بانگەوازدا بووم و بەردەوام دوعام دەکرد کەخوایارمەتیم بدات بانگەوازی بۆ بکەم و هاوسەرێک بکات بە نسیبم کە هاوکارم بێت، سوپاس بۆ خوا ئەوەش وەک من دەمویست خوا بۆی هێنامە دی و لەمانگی 11ی ساڵی 1983 دا خێزانم پێکەوەنا.
بانگخوازوخوێندنەوەو نووسین:
سوپاس بۆخوا هەر لە سەرەتاوە خوای گەورە تاقەتێکی باشی دابوومێ بۆ خوێندنەوە و تا ئەمڕۆش زۆر خەمی پەیداکردنی پەڕاومە و حەز بەخوێندنەوە دەکەم..
تا پێش ڕاپەڕین بەدەست بابەتمان ئامادە دەکرد و بەکاربۆن چەند نوسخەمان کۆپی دەکرد و لە ئوسرەکاندا دەمانووتەوە. دوای ڕاپەڕینیش بارودۆخەکە گۆڕا و توانیمان دەیان کتێب بڵاو بکەینەوە، نامیلکەی بەخۆداچوونەوەیەک لە خۆشەویستی پێغەمبەردا(صلی الله علیە وسلم) تا ئێستا50هەزار نووسخەی لێ بڵاوبۆتەوە و، نامیلکە و کتێبەکانی دیکەشم هەریەکەیان چەند هەزارێکیان لێ چاپ بووە و سوپاس بۆ خوا کاریگەری زۆریان بووە، کتێبەکانم هەرزانترینن لە بازاڕدا و هەرگیز سوودی ماددیم مەبەست نەبووە و خواش ئاگای لەنیەتە و لەوە دەچێت بەبەرەکەتی نیەت کاریگەریان بەردەوام بێت..
پەڕاوەکانم:
سوپاس بۆخوا تائێستا ئەم پەڕاوانەم بڵاوکردۆتەوە:
1-بەرەو پەروەردەی ئیسلامی.
2-بەرچاوڕوونی.
3-فەرهەنگی بانگخوازان.
4-هەڵوێستەیەک لەخزمەت قورئاندا.
5-بەهاری دڵان.
6-ژیانەوە.
7-بەرەو ئیسلام.
8-هەزارو یەک.
9-هەزارودوو.
10-نەسرەوتن (پێنج بەرگ).
11-ئەو دەتبینێت.
12-بۆ بانگخوازان.
13-تازەگەری قورئان.
14-رامان لەقورئان.
15-دووبارەبوونەوەی مێژوو.
16-زەوق و سەلیقەی بڕوادار.
17-ڕازی قورئانی (لەگەڵ مامۆستا بورهان ئەمین)ی.
18-کاک ئەحمەدی شێخ لە ڕوانگەی مەکتوباتەکانیەوە.
کەبەنامیلکەیەکی بچووک بڵاوم کردۆتەوە و دواتر لەسەرەتای بەرگی پێنجی مەکتوباتی کاک ئەحمەدی شێخدا دامناوە، کە کاک لهۆن قادر لە فارسیەوە مەکتوباتەکانی وەرگێڕاوە بۆ کوردی.
19-وەڵامەزانستیەکان (کە لەکتێبی بەڵێ قورئان پارێزراوە)دا بڵاوکراوەتەوە.
20-گەشتی ژیان(شەش بەرگ).
21-یادەوەرییەکانم (بەرگی یەکەم).
22-یادەوەری و پەند (سێ بەرگ)
بەسەدان وتاری دەنگی و ڕەنگی لە ڕادیۆکان و یوتیوب پێشکەشم کردوون، کە لە یوتیوب بنووسن ئەندازیار عوسمان دێتە بەردەستان یان بە ئینگلیزی (andaziar osman).
[1]