پاسەکەی گورون-ی مەحمود نەجمەدین و چەند سەرنجێکی گشتی
ئارام سدیق
ئەزموونی چیرۆکنووسانی نەوەی نوێ، هێشتا ئەزموونگەلی ناکامڵ و پڕ کەموکووڕین، بەڵام زۆرجار شایستەی لەسەر وەستانن و دەشێت بیانخوێنینەوە و کەموکووڕییەکانیان دەستنیشان بکەین و بەدیاریانەوە ڕابمێنین. زۆرێک لەم نەوەی نوێیە بەبێ تێگەیشتن لە چیرۆک و فێڵەکانی دونیای گێڕانەوە، چیرۆک دەنووسن، بەبێ ئەوەی ئەو چیرۆکەی دەیگێڕنەوە سنووری حیکایەتی گوێئاگردان و دەردەدڵنووسین و کڕوزانەوەی تێپەڕێنێت، چیرۆک بڵاودەکەنەوە. لە کاتێکدا چیرۆکی ڕاستەقینە دوورە لە دەردەدڵ و تژییە لە گەمەی گێڕانەوە و کاراکتەرسازی و خولقاندنی دونیایەکی نوێ کە چاوی ئاسایی نایبینێت و خوێنەر سەرسام دەکات.
لەنێو ئەو نەوە نوێیە چیرۆکنووسەدا، مەحمود نەجمەدین هەوڵی خاکەڕایانەی هەیە و تاڕادەیەکیش هەوڵی جیدین. ئەو بە وردەکارییەوە چیرۆکەکانی دەنووسێت و وەکوو زۆرێکی دیکە لە نەوەکەی هەڵپەی دەرکەوتن لە فیستیڤاڵ و بەدەستخستنی خەڵات نییە، چونکە چیرۆکنووسی ڕاستەقینە بەدوای خەڵات و دەرکەوتنەوە نییە. نووسەر و چیرۆکنووسی داهێنەر بەدوای بانگەشەوە نییە بۆ بەرهەمەکەی، چونکە دڵنیایە لەوەی بەرهەمێکی گرنگی نووسیوە و متمانەی بە دەقەکەی خۆی هەیە. ئەوە نووسەرە ساختەکانن، کە بەدوای ئەوەوە نووسەر و چیرۆکنووسانی دیکە پێشەکیان بۆ بنووسێت و لەبری پێشەکییەک سێ پێشەکی بۆ کۆمەڵە چیرۆکەکەیان لەلایەن نووسەرانی دیکەوە دەنووسرێت، بەو ئومێدەی ببێتە پاسپۆرت بە چیرۆکنووسبوونیان. ئەوە نووسەرە ساختەکانن تەکلیف لە دەیان نووسەر دەکەن نامەیان بۆ بنووسێت و دان بە دەردەدڵەکانیاندا بنێت و وەکوو چیرۆک وەسفیان بکات. بەڵام نووسەر و چیرۆکنووسە ڕاستەقینەکان داهێنانەکانیان پاسپۆرتی هەمیشەیی مانەوەیانن، نەک ئەو وەهمەی نووسەرانی دیکە پێیان دەبەخشن، یان خۆیان بۆ خۆیانی درووست دەکەن.
ساڵانێکی زۆرە بە سەرنجەوە هەوڵەکانی مەحمود نەجمەدین لەبوار چیرۆکدا دەخوێنمەوە ئەو بەسەرەتایەکی باش دەستی پێ نەکرد، بەڵام توانی هەنگاوێکی نوێ بێتە پێشەوە و لە کۆمەڵە چیرۆکی هاوشێوەکانی سەلیم جەودەتدا ئەم هەنگاوەی هاویشت و دواتریش لە کۆمەڵە چیرۆکی پاسەکەی گوروندا هەنگاوەکە فراوانتر بوو. پاسەکەی گورون نوێترین کۆمەڵە چیرۆکی مەحمود نەجمەدینە کە نزیکەی بیست چیرۆکی لە خۆگرتووە و ناوەندی ڕۆشنبیریی دیالۆگ لە کەرکووک لە دوتوێی 236 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندیدا چاپ و بڵاویانکردۆتەوە. ئەوەی لێرەدا دەخرێتەڕوو تەنیا چەند سەرنجێکی گشتییە و وردبوونەوەی تەواو نییە لە کۆی چیرۆکەکان و ئەزموونی چیرۆکنووسی ئەم نووسەرە.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەزموونی ئەم چیرۆکنووسە ئەوەیە، کە دەزانێ چی دەگێڕێتەوە و لەپێناوی چیدایە؟ زۆرجار چیرۆکنووسانی دیکە، کە دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکێک دەکەن خوێنەر ناگەیەننە جێگەیەک، بەڵکوو لە بۆشاییدا دەیهێڵنەوە و واتە ئامانجی چیرۆکەکە دیار نییە. مەبەستم لەم قسەیە ئەوەیە هەموو چیرۆکێک کە دەگێڕدرێتەوە دەشێت ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت و لەپێناو خستنەڕووی شتێک دیاردەیەک، یان بینینێکی دیکەدا بێت بۆ مێژوو، نەک هەڵڕشتنی دەردەڵ بێت. لای مەحمود چیرۆک لە خاڵێکەوە دەست پێدەکات و دەگاتە خاڵێکی دیکە لەپێناوی ئامانجێکی دیاریکراودا. واتە چیرۆک لەپێناوی چیرۆکدایە نەک شتی دیکە. خاڵێکی دیکە مامەڵەکردنی مەحمود لەگەڵ مێژوو مامەڵەیەکی وریایانەیە، ئەو بە وریاییەوە کار لەنێو مێژوودا دەکات و ئەم ئەزموونەشدا لە نەوەی پێشووتری چیرۆکی کوردیدا عەتا محەمەد لەو چیرۆکنووسانەیە کە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ مێژوودا کردووە و ئەو کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابان دەیەوێت باس لە چەمکگەلێکی گرنگی وەکوو مردن و نەمری بکات. هەنووکە چەندین چیرۆکنووسی دیکە هەیە، نەک نەیانتوانیوە بە درووستی مامەڵە لەنێو ڕووداو و فیگەرە مێژووییەکاندا بکەن، بەڵکوو خوێنەر و خۆشیان تێدا ون کردووە. لەم بوارەدا گرنگە بینینێکی نوێ بۆ مێژوو بخرێتەڕوو، نەک مێژوو کۆپی بکرێت. کاراکتەرێکی نوێ لە کاراکتەرە مێژوویەکان درووست بکرێت نەک بە تەواوی بوونیانەوە دووبارە بکرێنەوە. لەمەدا من وای دەبینم مەحمود تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە.
ئەوەی خاڵی نەرێنییە لای مەحمود بەتایبەتیش لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا ئەوەیە کە زۆرجار مەحمود بۆتە درێژکراوەی زمان و بەشێک لە دونیابینی چیرۆکنووسنی حەفتاکان و هەشتاکان. بە جۆرێک نەیتوانیوە لە هەندێک گوزارە و وێنەی باوی ئەوان قووتاری بێت، کە بەلای منەوە مەحمود دەبێت لەمەدا خۆی نوێ بکاتەوە و خۆی بە یەکجاری قوتار بکات. لە مەسەلەی بەکارهێنانی ناونیشانی چیرۆک و ناوی کاراکتەردا زۆرجار تووشی هەمان کێشە دەبێتەوە و ئەمەش خاڵێکی دیکەیە چیرۆکنووس دەشێت خۆی لە دەستی قوتارر بکات. مەحمود بۆ ئەوەی ببێتە چیرۆکنووسێکی کاریگەر دەبێت دابڕانێک لەنێوان چیرۆکی و نەوەکانی پێشووتردا درووست بکات. بە جۆرێک ئەو وزە و توانایەی باشتر بخاتەگەڕ و دونیایەکی تایبەت بە چیرۆکی خۆی درووست بکات.
بێگومان ئەویە لێرەدا خرایەڕوو تەنیا چەند سەرنجێکی گشتین لەسەر ئەزموونی ئەم چیرۆکنووسە و بەهیوام لە ئاییندەدا بتوانم بەوردی لەسەر ئەزموونی ئەم چیرۆکنووسە و نەوەکەی هەڵوەستە بکەم.