کوژرانی کابرای کتێبفرۆش
ڕۆمانێک لەسەر عێراقێک تژی لە کوشتن و تیرۆرکردن
ئارام سدیق
ماوەی چەند ساڵێکە بە سەرنجەوە ڕۆمانی عێراقی دەخوێنمەوە و سەرنج لەو گەشەکردن و پێشکەوتنانەی ڕۆمانی عێراقی دەدەم. بێگومان ڕۆماننوسانی عێراق، ڕۆمانووسی نێو کارەسات و ئەو نەهامەتیانەن کە سەدەیەکە بەرۆکی تاکی عێراقی بەرنادات. تاکێک کە گومان لەسەر بوونیشی هەیە. چونکە من تەواو لەگەڵ ئەو بۆچوونەی پارک خانادام کە لایوایە شتێک نییە ناوی هاوڵاتی عێراقی بێت، بەڵکو ئەوەی هەیە هاوڵاتی عەرەبی سوونی و هاوڵاتی عەرەبی شیعی و هاوڵاتی کورد، هاوڵاتی تورکمان...هتدە. ئەم توێژەرە دەیەوێت ئەوە بخاتەڕوو هەر بۆیە عێراق وڵاتێکە کەس خۆی بە خاوەنی ڕاستەقینەی نازانێت و هەموان لە پێناو خۆیاندا شەڕ دەکەن نەک لە پێناو بونیادنانی وڵاتەکەیاندا کە دواجار هەموان تێیدا بحەسێنەوە. ئیشی ڕۆمانووسانی عێراقی کارکردنە لەسەر ئەم پانتاییە ئاڵۆزە و پیشاندانی ئەم هاوڵاتییە بێ شوناسەیە. هەر بۆیە لەنێو هەناوی ئەم کارەساتانەدا گرنگی ئەدەبی گێڕانەوە بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی دەردەکەوێت و دەشێ ڕۆماننووسانیش لەم نێوانەدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
لە دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی هەر یەک لە ڕۆمانووسان عەلی بەدر و ئەحمەد سەعداوی، کە چەند ڕۆمانێکی ئەم دوو نووسەرەم خوێندەوە. سەعد محەمەد ڕەحیم یەکێکی دیکەیە لەو ڕۆمانووسە گرنگانەی عێراق، کە ڕۆمانەکەی بۆم جێگەی سەرنج و بایەخ بوو. ئەم نووسەرە بونیادی ڕۆمانەکەی لەسەر ئەو کێشانە ڕۆ ناوە، کە لە عێراقی نوێدا ڕوو دەدەن، ئەویش کێشەی کوشتن و ئەو فەزا پڕ توندوتیژییەیە کە میلیشیا و چەکبەدەستەکان دروستیان کردووە. هەر وەکو چۆن ئەحمەد سەعداوی لە ڕۆمانی فرانکشتاین لە بەغدایە ئەوەی کردووە و لە ڕێی کۆنەفرۆشێکەوە چیرۆکی کوشتار و تەقینەوەکانی عێراق دەگێڕێتەوە. هاوکات سەعد محەمەد ڕەحیم لە ڕێی کابرایەکی کتێبفرۆشە چیرۆکی تیرۆرکردن و کوژرانی هەڕەمەکی دۆخی عێراقمان لە دە دوازدە ساڵی ڕابردوودا بۆ دەگێڕێتەوە. هەروەک چۆن عەلی بەدریش لە ڕۆمانی توتنەوانەکە و بابا سارتەردا دیسان دەیەوێن دوو زەمەنی جاواز و دوو وێنەی عێراق پیشان بدات، کە بە تەواوی لەم وێنانە جیاوازن، کە ئەحمەد سەعداوی و سەعد محەمەد پیشانی داوین.
ڕۆمانی کوژرانی کابرای کتێبفرۆش ڕۆمانێکە لە نووسینی سەعد محەمەد ڕەحیم و وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیلە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 281 لاپەڕدا چاپ و بڵاویکردۆتەوە. ڕووداوەکانی ڕۆمانی (کوژرانی کابرای کتێبفرۆش) لە چوارچێوەیەکی بەرینی جوگرافیدا ڕوودەدەن، حیکایەتی کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکە لە عێراقەوە درێژ دەبنەوە تاکو ئەوروپا، بەدرێژایی زەمەنێک نزیکەی نیو سەدە دەخایەنێت، لەسەر باگڕاوندی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی، کە له و ساڵانەدا ڕوویانداوە. بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەم ڕۆمانە عێراقی دوای سەدام حسێنە. عێراقێک کە خاڵی نییە لە تیرۆر و کوژرانی لە پڕ و هەڕەمەکیانە. نووسەر دەیەوێت بە وردی وێنەیەکی ئێستای عێراق بکێشێت. وێنەیەک جیاواز لەو وێنە ساختەیەی لە شاشەی تیڤییەکان و لە زمانی سیاسییەکانەوە پیشان دەدرێت. هاوکات دەشیەوێت ئەوە بخاتەڕوو، کە ئەم وێنەیە بەر ئەنجامی مێژوویەکە کە سەرتاپای کوشتن و ڕاوەدونان بووە.
لەم ڕۆمانەدا نووسەر دەیەوێت دوو زەمەنی جیا پێکەوە گرێبدات. یەکەمیان زەمەنی ڕۆمانەکەیە، کە جیایە لە زەمەنی گێڕانەوە، واتە دەیەوێت ئێستای عێراق، واتە عێراقی پاش دیکتاتۆرییەت بخاتە قاڵبی ڕۆمانەوە. ویستوویەتی لە ڕێگەی کاراکتەرێکی تاڕادەیەک نادیارەوە مێژووی ئەم دوایییەی عێراق دەنووسێتەوە. هەڵبەت هەر وەک چۆن مێژوو بەئارەزووی دەسەڵاتداران نووسراوەتەوە، بەهەمان شێوە لەم ڕۆمانەشدا کاراکتەرەکان بەمەبەستی ئاشکراکردن و پەردەلادان لەسەر نهێنییەکانی مێژووی ژیانی مەحمود مەرزوقی شێوەکار و ئاشقی موزیک و ئەدەب و زمان و کتێب و جوانی و پێوەندییە مرۆیییەکان، بەئارەزووی دڵی خۆیان گەواهیی دەدەن.
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە نووسەر لە ڕێی چەندین جۆر گێڕانەوەوە توانیویەتی کۆی چیرۆکی مەحمود مەرزوقی شێوەکار و کتێبفرۆش بگێڕێتەوە. جارێکی لە ڕێی دەفتەری بیرەوەرییەکانییەوە و جارێکی دیکە پارچەیەکی دیکەی ژیانی لە ڕێی وەسفی وێنەکانی مەحمود و بەشێکی دیکەی حیکایەتی ژیانی ئەم فیگۆرە لە ڕێی نامە بە جێماوەکانی و هاوکات تابلۆکانیشی بەشێک لە ژیانی ئەومان پێ دەناسێنن. ئەمە بێجگە لە ڕێی چاتی ماسینجەریشەوە خوێنەر بەشێکی دیکەی لە حیکایەتی ئەم کتێبفرۆشە کوژراوە دەخوێنێتەوە. کۆی ئەم پارچانە دەبنە جەستەیەک بۆ حیکایەتی کوژرانی محمودی شێوەکار و کتێبفرۆش.
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لەم ڕۆمانەدا ئەو گفتوگۆ فیکرییانەیە کە لەسەر مارکسیزم و بوونگەرایی و خۆرئاوا وەکو نوێنەری لیبراڵیزم خوێنەر دەیخوێنێتەوە، کە بەلای منەوە ئەمە بەشێک لە جوانی ڕۆمانەکەن، هەرچەندە گفتوگۆکان زۆر قووڵ و فیکری نین و منی خوێنەر تێر ناکەن، بەڵام بوونیان گرنگی خۆی هەیە و لاموایە یەکێک لە کەموکوڕییەکانی بەشێک لە ڕۆماننووسان نەبوونی، یان لاوازی ئەم جۆرە گفتوگۆ فیکرییانەیە. ڕەنگە کەسێک بڵێت ڕۆمان جێگەی ئەمەی تێدا نابێتەوە. بێگومان من تەواو پێچەوانەی ئەم بۆچوونەم، چونکە ئەوەی ڕۆمان لە حیکایەتی گوێئاگردان و فۆلکلۆری جیا دەکاتەوە، تەنها تەکنیک و گەمەکردن نییە بە زەمەن و شێوازی گێڕانەوە نییە، بەڵکو بوونی گفتوگۆی فیکرییە، کە ڕۆمانی مۆدێرن کاری لەسەر دەکات و نموونەی باڵای ئەم جۆرە لە ڕۆمانووسان میلان کۆندێرای چیکییە، کە لەم بوارەدا جێگەی ئاماژە پێدانە.
ڕەنگە سەخت بێت ڕۆمانێکی وەها جوان و گرنگ لە ڕانانێکی وەها کورتدا بخرێتەڕوو، بەڵام ئەوەی دەمەوێت لە دواجاردا ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە ڕۆمانی کوژرانی کابرای کتێبفرۆش، ڕۆمانێکە لەسەر عێراقێک تژی لە کوشتن و تیرۆرکردن، عێراقێک کە ڕاستە دیکتاتۆرێک لە 2003 ەوە نەماوە بەڵام دەیان وردە دیکتاتۆر هەر یەکە و لە قەڵەمڕەوی خۆیەوە حوکمی خۆی دەکات و ئەمەش عێراقی کردۆتە عێراقێک کە هاوڵاتییەکانی نەتوانن هەناسەیەکی ئارامی تێدا هەڵمژن و پشوویەکی کورتی تێدا بدەن. ئەم ڕۆمانە واقیعێک پیشاندەدات، کە عێراقی شاشەی تیڤییەکان ساختەیە و ڕاستەقینە لەنێو ئەم ڕۆمانەدایە، کە مرۆڤەکان بە ناهەق و بەبێ هیچ دادگاییەک دەکوژرێن و کەسیش لەسەر کوشتنەکەیان دادگایی ناکرێت. هەر ئەمەشە ئیشی ئەدەبی ڕاستەقینە کە ئەو وێنەیە پیشان بدات کە میدیاکان بەردەوامن لە شێواندنیدا و ئەو دێت وێنە ڕاستەقینەکەی ژیان و بوون پیشان دەدات نەک وێنەیەکی ماکیاژکراو.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕانە جوانەکەی سەباح ئیسماعیل و بەهیوای بەردەوامی لە کاری وەرگێڕان و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی بەم تێکستە گرنگانە.