ڕەگەزی سێیەم، یان مرۆڤی مرۆڤخواز
بڕوایەکی نوێ، بۆ ژیانێکی نوێ
ئارام سدیق
هەمیشە دۆخە نائارامەکان و جەنگەکان بەرهەمی بیرکردنەوەی تاکڕەوانەی ئینسانەکان و بە موقەدەسکردنی شتەکان، یان بەشێکی شتەکانە. زاڵکردنی ڕەگەزێک بەسەر ڕەگەزێکی دیکەدا، یان نەتەوە و ئاینێک بەسەر نەتەوە و ئاینێکی دیکەدا. بێجگە لە ماڵوێرانی هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایەت. مرۆڤی ڕاستەقینە ڕێزی هەموو ئایینەکان و نەتەوەکان و ڕەگەزەکان و ڕەنگە جیاوازەکان دەگرێت و ئەگەر هیچیشیانی قەبوڵ نەبێت لەکەداریان ناکات. ئەگەر ڕەتیشیان بکاتەوە بە بنەمایەکی فیکرییەوە ڕەتیان دەکاتەوە. نەک لەسەر بنەمای دیکە.
لەم دۆخە نائارامەی ئەم چەند ڕۆژەدا کتێبی ڕەگەزی سێیەمم خوێندەوە، کە کۆمەڵێک تێڕوانینی نووسەری لوبنانی جومانە حەدادە و هەڵکەوت عەبدوڵڵا کردوویەتی بە کوردی و لە دوتوێی 256 لاپەڕەدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.
نووسەر لە بارەی ئەم کتێبەوە نووسیویەتی: ئایا ئەوەی من دەیڵێم، پێویستی بە بوێرییەکی لەڕادەبەدەر هەیە؟ ئایا داننان بەوەی دەترسین ئاشکرای بکەین، یان تەنانەت شەرمی لێ دەکەین، پێویستی بە بوێری هەیە؟
لەمێژە ئەم پرسیارەم تێپەڕاندووە. ئێستا، کاتێک دەنووسم، تەنیا مەبەستمە ڕۆچمە ناو قووڵایی ناخمەوە و زیاتر لەو چینانە بدۆزمەوە، کە منیان پێکهێناوە. هێڵە سوورەکان لە بەردەمی خۆمدا نابینم، گوێ بە هۆشدارییەکانی دەوروبەرم نادەم، بایەخ بەو مینانە نادەم کە دەشێت لە ژێر پێمدا بتەقنەوە. گرنگترین شتێک کە من دەیکەم، خۆم بۆ خودی خۆم بنێمەوە، پەلاماری بدەم، ڕووتی بکەمەوە، تا لەسەر کاغەز بە تەواوەتی بێچەک بێت، ئەوساکە هاوکات خۆماتدەر و ڕووتکەرەوە، داوەت و داوەتکەر، بێچیر و نێچیروان دەبم، هەر کاتێک مینێکم پیادا دەتەقێتەوە، مەست دەبم، چونکە بەوە چەند پارچەیەک لە گۆشتی زیندووم دەبەخشمە خوێنەرانم.
ئەو پارچە گۆشتانەی ناو ئەم کتێبە، حەقیقەتی منن، وشەکانی منن، دیاریی بێفیزی منن بۆ ئێوە...
لە هەمان کاتدا تەڵەکانی منن...
جیا لە زۆربەی کتێبەکانی دیکەی، نووسەر ئەم کتێبەی بۆ ئەوەیە کە جۆرێک لە ڕوانینی نوێ دابهێنێت ڕوانینێک جۆرێک لە مرۆڤ دروست بێت، کە مرۆڤی مرۆڤخواز بێت. مرۆڤی بۆ گرنگ بێت و نەک مرۆڤی نێر یان مێ، مرۆڤی ئیسلامی، یان مەسیحی یان بودی و جوو. بەپێی ڕوانینەکانی ئەم نووسەرە مرۆڤی مرۆڤخواز ئەو جۆرەی مرۆڤە کە بڕوای تەواوی بە ئینسان هەیە، نەک بە ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و ڕەنگێکی دیاریکراو. هەموان وەکو یەک دەبینێت و هەموانی بۆ گرنگە و بە ئازاردانی هەر یەکێکیان، ئەویش ئازار دەچێژێت.
ئەگەر زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەر فەیلەسوفێکی ئەڵمانی وەکو فریدریش نیتچە بیری لە هاتنی سۆپەرمان (بەرزەمرۆڤ) کردبێتەوە و هیوای ڕزگاری ئینسانی لەو مرۆڤەباڵایەدا بینیبێت، ئەوا ئەم نووسەرەش دوای زیاتر لە سەدەیەک هیوای ڕزگاری مرۆڤی ئەم سەردەکە لە ڕەگەزی سێیەم مرۆڤی مرۆڤخوازدا دەبینێتەوە. پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە خوێنەر بۆی دەردەکەوێت ئەو هیوای ڕزگارییەی نووسەر پشتی پێدەبەستێت دەشێت ببێتە هۆی ڕێگەگرتن لە خوێنڕێژی و تاکڕەوی و یەکتر قەبوڵنەکردن. مرۆڤی مرۆڤخواز بە بڕوایەکی هیومانیستییەوە دەژی و درێژە بە ژیان دەدات و پرۆژەکانی خۆی دەخاتەڕێ. هەر مرۆڤی مرۆڤخواز دژی هەموو یەکتر قەبوڵنەکردن و دژایەتییەکی ئینسانە، ئیتر ئەو ئینسانە لە هەر جێیەکی دونیا و هەر ڕەنگێک بێت و هەر ئایین و هەر خوایەک بپەرستێ.
ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی تێکەوتووە و ڕۆژانە خوێنی بە ناهەقی ئینسان دەڕژێت، دەشێت لە غیابی بیرکردنەوەیەکی لەم شێوەیەدا بێت. کە مرۆڤی مرۆڤخواز کەمبۆتەوە و مرۆڤ پەراوێزخراوە و لە ئاینەکەیەوە، یان لە ڕەنگ و نەتەوەکەیەوە سەیری مرۆڤ کراوە، نەک لە مرۆڤبوونەکەیەوە. مرۆڤی مرۆڤخواز هەوڵە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژیانێک و ماڵێکی نوێ بۆ پێکەوەژیان و یەکتری قەبوڵکردن. ئەم کتێبە بە زمانێکی سادە، بەڵام بە ئایندیایەکی باڵاوە نووسراوە و دەستخۆشی بۆ وەرگێڕی پڕکار هەڵکەوت عەبدوڵڵا، کە کتێبێکی دیکەی گرنگی بۆ کتێبخانەی کوردی زیاد کرد.