مەحرەمی ڕاز، شەرحی غەزەلیاتی حافز
ئارام سدیق
دە ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 2007 دا دەزگای موکریانی بۆ یەکەمجار کتێبی مەحرەمی ڕاز، شەرحی غەزەلیاتی حافز بە وەرگێڕان و لێکدانەوەی خوالێخۆشبوو ئەکرەم عەنەبی لە دوتوێی سێ بەرگدا چاپ و بڵاوکردەوە. هەر ئەوکات بە زوویی ئەم کتێبە سێ بەرگییە لە بازاڕدا نەما و بەردەوامیش داواکارییەکی زۆری لەسەر بوو. بەو پێیەی کە لێکدانەوەکانی عەنەبی تا هەنووکەش لێکدانەوەی بڕواپێکراو و جێمتمانەترین وەرگێڕان و لێکدانەوەکانیشی لە دروستترین لێکدانەوەکان بۆ غەزەلیاتەکانی حافز.
دوای دە ساڵ لەم ماوەیەی پێشوودا دەزگای ئایدیا جارێکی دیکە ئەم کتێبەی لە دوتوێی چواربەرگدا چاپ و بڵاوکردەوە، کە ئەم هەوڵە جێگەی دەستخۆشییە. لەم چاپەدا وێڕای ئەوەی د. لوقمان ڕەئوف پێشەکییەکی نوێی بۆ نووسیوە هاوکات پێیداچۆتەوە و ئەو هەڵە و وردە سەرنجانەی لەسەر چاپی پێشووی هەبوون سەرجەمیانی چاککردووە. ئەم کتێبە شەرحی 279 غەزەلیاتی حافزە لە دوتوێی 2282 لاپەڕەدا و لە چوار بەرگدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
بێگومان یەکێک لە شاعیرە گرنگ و بە بایەخەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی فارسی حافزی شیرازییە. ئەم شاعیرە لەگەڵ ئەوەی خاوەنی دونیایەکی شیعریی تایبەت و دەیان غەزەلەیاتی سەرنجڕاکێشە هاوکات توانیویەتی کاریگەریی لەسەر نەوە یەک لە دوایی یەکەکانی شیعریی فارسی دابنێت و هاوکات ئەو کاریگەریانە تا هەنووکەش لەنێو بەشێک لە شیعریی فارسیدا دەبینرێتەوە. هاوکات کاریگەریی ئەم شاعیرە لەسەر شاعیرانی کلاسیکی کوردیش کەم نەبووە. واتە کاریگەریی حافزی شیرازی تەنها لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا نەبووە، بەڵکو سنوورەکانیشی بڕیوە و سیماکانی ئەم کاریگەریانەش بەسەر بەشی زۆری شاعیرانی کلاسیکی کوردییەوە دەبینینەوە. بۆیە وەکو د. لوقمان ڕەئوف لە پێشەکییە نوێکەی ئەم کتێبەدا، کە چەند خاڵێک لەسەر شیعری ئەم شاعیرە دەیخاتەڕوو لە یەکێک لە خاڵەکاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ڕەنگدانەوە و کاریگەری ئەم شیعرانە و ئەو بیرانەی حافز، کە وایکردووە پێگەی زمان و وێنەی شیعریی شاعیران، نەک هەر کلاسیکی کوردی، بەڵکو شیعری نوێ و هاوچەرخیش بەو شێوە بەهێزە دروست بکات.
ئێستا کە جارێکی دیکە ئەم غەزەلانەی حافز چاپ و بڵاوکراونەتەوە دەشێت ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان و نوێبوونەوە بۆ شاعیرانی ئێستا بەو پێیەی دەشێت ناسینی حافز دەروازەیەکی نوێ بەڕووماندا بکاتەوە بۆ ئەوەی باشتر دیدمان لەسەر شیعر بۆ ڕوون بێتەوە و ئەو دیدە باوە وەلا بنێین، کە شیعرنووسین هونەرێکی سادەیە. نەخێر شیعرنووسین، نەک هونەرێکی سادە نییە، بەڵکو قووڵبوونەوەیە لە هونەرکاریدا و گەیشتنە بە ڕۆحی وشەکان. ئەم شەرحانەی عەنەبی ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە حافز مامەڵەی لەگەڵ ڕۆحی وشەدا کردووە، نەک وشەی وەکو مانا باوەکەی بەکارهێنا بێت. بۆیە دەشێت ئەم کتێبە و لێکدانەوەکانی عەنەبی ببێتە وەرچەرخانێک بۆ ناسینی باشتری شیعر. نەک وەکو ژانرە ئاسانەکە سەیری شیعر بکرێت. ناسینی شیعر کۆمەکمان دەکات بۆ ئەوەی باشتر مامەڵە لەگەڵ وشەدا بکەین. بەبێ ناسینی شیعر مەحاڵە نووسەرێک شیعرێکی نوێ و پڕ وزە و یاخیگەرانە بئەفرێنێت.
ئەوەی لە دواجاردا ماوەتەوە ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە چاپکردنەوەی ئەم کتێبە ڕۆحی کۆچکردووە ئەکرم عەنەبی ئاسوودەتر دەکات و ئەو هەوڵەی لەپێناو حافزناسیدا خستییەگەر دەگاتە جێگەی خۆی و پەیامەکەی دەگاتە ئەو خوێنەرە شەیدایانەی کە خولیای تێگەیشتنێکی دروستیان لە حافز هەیە. دەستخۆشی بۆ د. لوقمان ڕەووف و دەزگای ئایدیا، کە ئەرکی پێداچوونەوە و چاپکردنی چاپی دووەمی ئەم کتێبەیان لە ئەستۆ گرت.