جیهانی میشیل فۆکۆ
(ڕانانێکی کورت)
ئارام سدیق
مانگی ڕابردوو ناوەندی ئەندێشە زنجیرە کتێبێکی بڵاوکردەوە، کە بەشی هەرە زۆریان تەرخان بوون بۆ ئاشنابوون بە فەیلەسوفی فەڕەنسی میشێل فۆکۆ. کتێبەکان پێنج کتێب بوون کە سێ کتێبیان تێکستی خودی میشێل فۆکۆ بوون، کە ئەم کتێبانە بوون: مێژووی سێکسواڵێتی(سێ بەرگ) وەرگێڕانی: د. کاوە دەستوورە، وشەکان و شتەکان وەرگێڕانی ئارام ئەمین شوانی، ئێرانییەکان چۆن بیر دەکەنەوە وەرگێڕانی هەژار مەجید. دوو کتێبەکەی دیکەش خوێندنەوەی میشێل فۆکۆ بوو لە ڕوانگەی ئەوانی دیکەوە، کە یەکەمیان کتێبی ئەخلاق و بەرگری بوو لە نووسینی مەریوان وریا قانیع و دووەمیشیان جیهانی میشێل فۆکۆ بوو لە نووسینی کۆمەڵێک نووسەر، کە ئاوات ئەحمەد سوڵتان کردوویەتی بە کوردی. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لێی بدوێم کتێبی جیهانی میشیل فۆکۆیە کە یەکێکە لە کتێبە گرنگەکان بۆ ئاشنابوون بە جیهانی میشێل فۆکۆ و هێڵەکانی بیرکردنەوەی ئەم فەیلەسوفە.
فەیلەسوفی فەڕەنسی میشێل فۆکۆ لە دایکبووی 1926 و لە ڕۆژی بیست و پێنجی ئابی 1984 کۆچی دوایی کردووە. فۆکۆ وەکو لە سەرگوزەشتەی ئەم کتێبەدا هاتووە: مێژوونووسی هزرە و نووسینەکانی کاریگەریی زۆریان لەسەر کایە جیا جیاکانی وەکو ڕەخنە و تیۆری ئەدەبی، فەلسەفە و تیۆری ڕەخنەیی، مێژوو و مێژووی زانست هەبووە (بەتایبەت وانستی پزیشکی)، هاوکات فۆکۆ بە پۆستمۆدێرنیست و مۆستمۆدێرنگەرا لەقەڵەم دراوە.
کتێبی جیهانی میشێل فۆکۆ، کتێبێکی قەبارە گەورەیە و کۆمەڵێک نووسەر نووسیویانە و ئاوات ئەحمەد سوڵتان کردوویەتی بە کورد و ناوەندی ئەندێشە لە دوتوێی 502 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. کتێبەکە دەروازەیەکە بۆ ناسینی فۆکۆ و هەوڵێک بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر بەشێک لە کارەکانی و هاوکات ڕانانی چەند کتێبێکی ئەم فەیلەسوفە، کە دیارترینی ئەو کتێبانەی لەبارەیەوە لەم کتێبەدا ڕانان و لێکۆڵنەوەیان لەبارەوە خراوەتەڕوو کتێبی مێژووی سێکسواڵێتە و وشەکان و شتەکانن. بەدەرلە کرۆنۆژیای ژیانی فۆکۆ بابەتی یەکەمی ئەم کتێبە فرانسوا دۆس نووسیویەتی بەناوی جیهانی فۆکۆ، ئەم وتارەی دۆس یەکێکە لە وتارە گرنگەکانی ئەم کتێبە و هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و ئاشکراکردنی بەشێک لە هزری فۆکۆ. ئەو لە جێگەیەکدا دەڵێت: باشترین ڕێگە بۆ شکۆدارکردن و یادکردنەوەی فۆکۆ، نووسینی یادەوەرییەکی پیرۆز یان شکۆدار نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ دیاریکردن و ڕوونکردنەوەی ڕێچکە بیرکردنەوەکەی. لە تێڕامان لە تەواوی ئەم وتارەش خوێنەر بەر ئەوە دەکەوێت کە دۆس خەریکی پیرۆزاندنی ئەم فەیلەسوفە نییە، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدایە خوێندنەوەیەکی نوێ لە هزر و بیرکردنەوەی فۆکۆ پێشکەش بکات.
بابەتێکی دیکەی گرنگی ئەم کتێبە لە نووسینی بەسام حەجارە کە لەسەر کتێبی مێژووی سێکسواڵێتەیە، کە لێکۆڵینەوەیەکی درێژە و زۆر لایەنی نێو ئەو کتێبە گرنگەی فۆکۆی خستۆتەڕوو. هەرچی بابەتی دواتریشە لەسەر کتیبی مێژووی شێتییە، کە ئەو کتێبەش یەکێکە لە کتێبە گرنگەکانی ئەم فەیلەسوفە و ئەم لێکۆڵینەوەیەش ئیدریس هەواری نوسویەتی. هاوکات دوو بابەتی هەریەک لە جۆزێ گولارم مێرکوار و جیل دۆلۆزیشی تێدایە کە یەکەمیان لەسەر کتێبی مێژووی شێتی و دووەمیشان لەبارەی کۆمەڵگەی کۆنتڕۆڵەوەیە. هاوکات دیبەیتێکی فۆکۆش لەسەر دانەر چییە؟ لە هەمان کتێبدا دەبینرێت ئەمە بێجگە لە نامەیەکی بۆ مەهدی بازرگان، کە ئەوکات سەرۆک وەزیرانی ئێران بووە. بەدەر لەم بابەتانەش چەند وتارێکی دیکەی لە خۆگرتووە، کە لیرەدا جێگەی ئاماژە پێدانیان نییە، بەڵام هەموویان لایەنێکی فیکری ئەم فەیلەسووفە بۆ خوێنەر دەخەنەڕوو، کە دواتر دەبێتە هاندەر بۆ ئاشنابوون و خوێندنەوەی بەرهەمەکانی دیکە فۆکۆ.
بەگشتی کتێبی جیهانی میشێل فۆکۆ، یەکێکە لەو کتێبانەی دەروازەیەکی گرنگ و بەسوودە بۆ فۆکۆناسی. دەروازەیەک لەبەردەم خوێنەردا دەکاتەوە کە بە ئاسانتر لە دید و بۆچوونەکانی ئەم فەیلەسووفە تێبگات و باشتر دنیا هزرییەکەی کەشف بکات. دەستخۆشی بۆ کاک ئاوات ئەحمەد سوڵتان و ناوەندی ئەندێشە.